50 ملیۆن دۆلار بۆ چارەسەركردنی گرفتە پەروەردەییەكانە

ئەمڕۆ یەكشەممە 11/11/2012 د. عیسمەت محەمەد خالید وەزیری پەروەردە، بەئامادەبوونی بورهان ئەرگووشی بەڕێوەبەری گشتی دیوان، سەپەرشتی كۆبوونەوەیەكی لێژنەی باڵای سەرفكردنی بڕی 50 ملیۆن دۆلار وەكو بودجەی فریاكەوتن بۆ چارەسەركردنی كێشە پەروەردەییەكان كە پێكهاتووە لە نوێنەرانی هەریەكە لە وەزارەتەكانی دارایی و ئابووری و پلاندانان و سامانە سروشتییەكان، تیایدا گفتوگۆ لەسەر خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیە كرا، وەكو بودجەیەكی فریاكەوتن بۆ چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكانی بواری پەروەردە لە هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕێندراوەكان.
لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لەسەر گرنگی سەرفكردنی ئەو بڕە پارەیە كرا بۆ چارەسەركردنی گرفت و كەموكوڕی قوتابخانەو خوێندنگەكان و سەرجەم ئەو كێشانەی كە پێویستیان بە چارەسەركردنی بەپەلە و خێرا هەیە.
هەر ئەمرۆ بۆ هەمان مەبەست خاتوو هاجەر داوود بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پەورەردە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا تیشكی خستە سەر گرنگی ئەم بڕە پارەیە بۆ چارەسەركردنی كێشە پەروەردەییەكان لە هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕێندراوەكان.
لە كۆنگرە رۆژنامەنووسییەكەدا خاتوو هاجەر داوود ئەوەشی خستەڕوو كە لە رێگەی پلان و نەخشەی گونجاو لەسەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕێندراوەكان ئەم بڕە پارەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەو گرفتە هەنووكەیی و بەپەلەكان خەرج دەكرێت.




