نێچیرڤان بارزانی: داواكارین بەزووترین كات یاسای نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق پەسند بكرێ
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، پێویستە سامانە سروشتییەكان بۆ خۆشگوزەرانیی خەڵكی عێراق بەكار بێنرێ و ئاماژەى كرد كە پێویستە پەرلەمانى عێراق بەزووترین كات پڕۆژەیاسای نەوت و غاز پەسند بكا.
نێچیرڤان بارزانی ئەمڕۆ لەشاری هەولێر یەكەمین كۆنفراسی مەیدانیی وزەی نادەوڵەتی دەستی پێ كرد، نێچیرڤان بارزانى سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەوتەیەكدا تیشكی خستە سەر سیاسەتیی نەوتی هەرێم و دۆخی ئەمڕۆی عێراق.
بارزانی گوتى، لە هەرێم هیوادارین سامانە سروشتییەكان ببێتە خۆشگوزەرانیی تەواوی گەلانی عێراق، هاتنی وەزیری وزەى توركیا بۆ هەرێم ئاماژەیە بۆ پَیوەندیی بەهێزی هەرێم و توركیا، ئێمە دەتوانین وزە بۆ خۆشگوزەرانی هاووڵاتییانمان بەكار بێنین نەك بۆ ناخۆشی و شەڕ.
سەرۆكى حكوومەتى هەرێم گوتى، ئێستە توركیا گەورەترین هاوبەش و وەبەرهێنەرە لە هەرێم، خۆشحاڵین پێوەندییەكانمان لەگەڵ توركیا چووەتە قۆناغێكی تازەوە لە بواری وزە، ئەم پێوەندییە بەرز دەنرخێنین، ئێمە بەپشت بەستن بەدەستووری عێراقی بەردەوام دەبین لەسەر سیاسەتی و كاری خۆمان لە بواری نەوت ، نەوت و غازی هەرێم ڕۆڵێكی گرینگی دەبێ بۆ دابینكردنی وزە لە جیهان.
"لە ماوەی پێنچ ساڵی ڕابردوو ئێمە هەنگاوی ڕاست و دروستمان ناوە لە بواری نەوت، بەڵگە بۆ ئەوەش ئەو پێشكەوتنەی هەرێمی كوردستان بەخۆیەوە بینییەوە، داوا دەكەین یاسا نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق بەزووترین كات پەسەند بكرێ، بۆ ئەوەی بەپێی یاسا و دەستوور مامەڵە لەگەڵ نەوتی هەرێم بكرێت" نێچیرڤان بارزانى گوتى.
پتر گوتى، پابەندی تەواوین بەدەستووری عێراقەوە، ئەو پابەندبوونەشمان بۆ بنیاتنانی داهاتوویەكی گەشترە بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان.
ئەمڕٍۆ لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە هەولێر یەكەمین كۆنفرانسی مەیدانیی وزەی ناودەوڵەتی بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و فەنەر یەڵدز وەزیری وزەی توركیا دەستی بە كارەكانی كرد.
ژمارەیەك لە وەزیرەكانی حكوومەتی هەرێم و كۆمپانیاكانی بواری وزە و نەوتی توركی ئامادەی ئەو كۆنفرانسەن كە ماوەی 2 رۆژ دەخایەنێ.




