لەهەرێمی كوردستان سیاسەتی ئاوی خواردنەوە دادەنرێت

بەمەبەستی گرنگیدانی زیاتر بە ئاوی خواردنەوەو و سەرچاوەكانی ئاو لە هەرێمی كوردستان وا بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی ئایندە كۆنفرانسێكی تایبەت بە دانانی سیاسەتی ئاوی خواردنەوە لە كوردستان ببەسترێت و کۆنفرانسەکەش سێ رۆژ دەخایەنێت.
سەهەند سیروان بەڕێوەبەری گشتی ئاو لە وەزارەتی شارەوانی گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان تایبەت بۆ(kdp.info) گوتی" بەمەبەستی دارشتن و دانانی سیاسەتی ئاوی خواردنەوە لە هەرێمی كوردستان، وابڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی ئایندە كۆنفرانسێكی تایبەت لە شاری هەولێر ئەنجام بدرێت كە لەمیانەدا نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان و وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەكان و كەسانی پسپۆڕ لە بواری ئاو بانگێشتكراون و ئامادەیی كۆنفرانسەكە دەبن,
گوتیشی" ئەو كۆنفرانسە ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت و لە كۆتاییدا رەشنوسێكی تایبەت ئامادە دەكرێت و پێشكەش بە ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمان دەكرێت بەمەبەستی پەسەندكردنی، كە دەبێتە ڕێگایەك بۆ تەرخانكردنی ئایندەیەكی باش بۆ ئاو لە هەرێمی كوردستان.




