لیستی برایەتیی نەینەوا: پۆستمان پێ نەدراوە و گرفتمان بۆ دروست دەكرێ
گوتیاری لیستی برایەتیی نەینەوا ئەمڕۆ شەموو رای گەیاند، پتر لە مانگێكە لیستی برایەتی نەینەوا گەڕاوەتەوە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی پارێزگەی مووسڵ، بەڵام تا ئێستە هیچ پۆستێكیان پێ نەدراوە و ئیمتیازاتی ئەندامانی تری ئەنجوومەن بە ئەندامانی كورد نەدراوە، بەڵام ناكشێینەوە.
Darman Khtariلیستی برایەتیی نەینەوا بەهۆی ناڕازیبوونی لەبارەی دابەشكردنی پۆستەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا كە لیستی حەدبا دەستی بەسەردا گرتووە، پاشەكشەی لە ئەنجوومەنەكە كرد و داوای كرد لە دەركردنی بڕیار و پێكهێنانی حكوومەتێكی یەكەتیی نیشتمانی بەشداری پێ بكرێت، بەڵام لیستی حەدبا سوور بوو لەسەر بەكارهێنانی پۆستەكان بەگوێرەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، دواتر برایەتیی ئەنجوومەنەكەی بایكۆت كرد.
دەرمان خەتاری بە ئاژانسی (ئاكانیوز)ی راگەیاند "پتر لە مانگێكە ئەندامانی لیستی برایەتیی نەینەوا گەڕاونەتەوە ناو ئەنجوومەنی پارێزگەی مووسڵ و بەشداری لە كۆبوونەوەكان دەكەن، بەڵام تا ئێستە هیچ ئالوگۆڕێك لە پۆست و لێژنەكانی ناو ئەنجوومەن نەكراوە".
رووونی كردەوە "هەندێك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگە هەمیشە لە هەوڵی گرفت نانەوە لەبەردەم بەشدارییەكانی لیستی برایەتی نەینەوان لە كارەكانی ئەنجوومەن، ئەو كەسانە بەشێوەیەكی شۆڤینیانە بیر دەكەنەوە".
ئاماژەی بەوەش دا، سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگەی مووسڵ لە رۆژی 10ی نیسان/ئەپریلی رابردوو بڕیاری داوە بەهۆی گەڕانەوەی لیستی برایەتی، ئەو لێژنانەی ناو ئەنجوومەنەكە كە دابەش كراون ئاڵوگۆڕ ئەنجام بدەن، بەڵام تا ئێستە ئاڵوگۆڕ لە هیچ لێژنەیەك نەكراوە، بۆیە پێمان وایە كار بەم شێوەیە بەڕێوە ناچێ.
"ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگە لە لیستی برایەتی وەك ئەندامانی تری سەر بەلیستەكانی تر مافیان پێ نەدراوە، سەرجەم ئەندامانی ئەنجوومەن ژووری حەوانە و ئۆتۆمۆبێلیان پێ دراوە، بەڵام بە ئەندامانی لیستی برایەتی نەینەوا نەداوە" خەتاری گوتی.
ئاشكرای كرد، ئێستە هیچ بەرنامەیەك نییە بۆ جارێكی تر لە ئەندامێتی ئەنجوومەنی پارێزگەی مووسڵ بكشێینەوە، چونكە دەمانەوێ نیشانی خەڵكی پارێزگەكەی بدەین كە مەبەستمانە بەبێ هیچ جیاوازییەك خزمەت بە خەڵك بكەین.




