نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە جێگری سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا و شاندێكی باڵای ئەو وڵاتە كرد

پێنج شەممە 8ى نۆڤهمبهرى 2012 نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وهزیرانى ههرێمى كوردستان، پێشوازی لە ئارمین كیفۆر كیان جێگری سەرۆك وەزیرانی كۆماری ئەرمینیا و شاندێكی یاوەری كرد كە لە سیركۆ كرابیتیان وەزیری كشتوكاڵ و دیرنیك دۆمانیان وەزیری تەندروستی و بریكاری وەزیری دەرەوە و باڵیۆزی ئەرمینیا لە عیراق و ژمارەیەك لە بریكاری وەزارەتەكانی ئەرمینیا و بازرگان و پیاوانی كاری ئەم وڵاتە پێكهاتبوو.
لە دیدارێكدا كە د. ڕۆژ نووری شاوەیس جێگری سەرۆك وەزیرانی فیدرال و ژمارەیەك لە وەزیرانی حكوومەتی هەرێم ئامادەى بوون، جێگری سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا خۆشحاڵیی خۆی بهم سەردانە نیشان دا و سڵاو و ڕێزی سەرۆك و سەرۆك وەزیرانى ئەرمینیای بە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند و گوتی "هاتووین لە نزیكەوە ئاشنای هەرێمی كوردستان بین و قۆناغێكی تازە بۆ پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا بنیات بنێین".
ههروهها دەستخۆشی لە سەركردایەتیی سیاسی هەرێم كرد بۆ ئەو پێشكەوتن و دەسكەوتانەی له هەرێمی كوردستان هاتوونهته دى، ویستی وڵاتەكەیشی بۆ پتەوكردنی پەیوەندیەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە بوارە جیاجیاكاندا نیشان دا.
جێگری سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا جەختی لە سەر بایەخی دەستنیشانكردنی ئەو بوارانە كردەوە كە دەكرێ هەردوولا هاوكاریی یەكتر بكەن بۆ سوود و بەرژەوەندیی دوولایهنه لە چوارچێوەی بەرنامەكانیان لە عیراق و ویستی كۆمپانیاكانی وڵاتەكەی بۆ كاركردن لە هەرێمی كوردستان، دووپات كردهوه.
لاى خۆیهوه نێچیرڤان بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا كە حكوومەتی ئەرمینیا لە سەر ئاستی شاندێكی باڵا سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ دروستكردنی پەیوەندیەكی پتەو لە نێوان هەردوولادا، ههروهها هیوای خواست ئەم سەردانە ببێتە دەسپێكی قۆناغێكی گرنگ لە پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەرمینیادا.
هەر لە دیدارەكەدا سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سڵاو و ڕێزی گەل و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی گەیاندە سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا. نێچیرڤان بارزانی هیوای خواست كۆمپانیا ئەرمینیەكان سوود لەو دەرفەتانە وەربگرن كە لە هەرێمی كوردستان هەیە، بە تایبەتیش بواری كشتوكاڵ و تەندروستی و ووزە و بازرگانی و وەبەرهێنان. داواشی كرد كە ئەرمینیا نوێنەرایەتیی خۆی لە هەرێمی كوردستان بكاتەوە وەك كەناڵێكی فەرمی بۆ پەیوەندیەكانی نیوان هەردوولا لە پێناو سوود و بەرژەوەندی هەردوو گەلی كوردستان و ئەرمەن. ئامادەیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشى بۆ هاوكاری و هەماهەنگیی بەردەوام بە مەبەستی پتەوكردنی پەیوەندییەكان و هاتنی سەرمایەداران و وەبەرهێنەرانی ئەرمەنی بۆ هەرێمی كوردستان، نیشان دا.




