٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەسرور بارزانی: گیانی لێبوردەیی و ئاسایش و سەقامگیری فاكتەری پێشكەوتنی كوردستان بوونە

سەرچاوە: KDP.info

 

دوانیوەرۆی ئەمرۆ رێكەوتی ٨/١١/٢٠١٢، بەرێز مەسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە شاندێكی كەنیسەكانی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتی كاردینالی كەنیسەی كاتۆلیكی ئەمریكا بەرێز (كاردینال مەك كارێك) كرد.

لەم دیدارەدا، بەرێز كاردینال ئاسوودەیی خۆی بە سەردانی كوردستان دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا كە هاتوونەتە كوردستان بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ڕاستییەكان ببینن. بەرێزیان خۆشحالیی خۆی بەرامبەر بە رەوشی ئارامی هەرێم و پتەوبوونی گیانی پێكەوە ژیانی ئایینی و پێشكەوتنە هەمەلایەنەكانی هەرێم دەربڕی. بەریزیان ئاماژەیان بەوەدا كە لە نزیكەوە وێنەی جوانی كوردستانمان بینی و ئەوان هەرێمی كوردستان بە نموونەیەكی بەرجەستە لە دەڤەرەكەدا دەبینن كە شایستەی پشتگیرییە، هەر بۆیەشە بە هەموو توانایەك هەوڵ دەدەن وێنەی راستەقینە و جوانی پێكەوە ژیان و گیانی لێبووردەیی هەریم بۆ ناوخۆی ئەمەریكا بگوازنەوە. هەروەها ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ پاڵپشتی كردنی زۆر پرۆژەی بواری پەروەردەیی و تەندروستی لە هەرێمدا.

لەبەرامبەردا مەسرور بارزانی خۆشحالیی خۆی بە هاتنی بەریز كاردینال و شاندی یاوەری دەربڕی و ئاواتی خواست ئەم جۆرە پەیوەندیی و سەردانانە بەردەوامییان پێ بدرێت تاكو راستییەكانی هەرێم وەك خۆی و راستەوخۆ ببینن و بۆ خەلكی ئەمەریكا بگوازنەوە، هەروەها بەرێزیان كورتەیەكی مێژوویی لە پێكەوە ژیانی ئایینی و نەتەوەیی پێشكەش كرد و ئاماژەی بەوەدا كە تا كو ئێستا و لە دوا پێشهاتەكانی عێراقیشدا هەرێمی كوردستان پەناگەیەكی ئارام بۆ گشت ئایین وئایینزا و نەتەوەكان بووە، بەڵام نەیارانی هەرێم وێنەی ناڕاستیان بە هەندێ ناوەندی دەرەوە گەیاندووە، بۆیە گرنگە ئەم جۆرە سەردانانە لە نزیكەوە بۆ دیتنی راستییەكان ئەنجام بدرێن و بزانرێت باری هەرێم جیاوازیی هەیە و پێشكەوتنی بەرچاو بەدیهێنراوە و گیانی لێبوردەیی و ئاسایش و سەقامگیریش فاكتەری ئەم پێشكەوتنەی كوردستان بوونە.

هەواڵی پەیوەندیدار