هاوپەیمانی کوردستانی : کەم تەرخەمی بەغدا لەپڕچەک کردنی پێشمەرگە هۆکاری بەزاندنی ئاسمانی عێراقە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە

لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەری فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان ( kdp.info ) هاوپەیمانی کوردستانی لەسەر زاری مەحما خەلیل ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند : کەهۆکاری بەردەوامی بۆردومانی تورکیا بۆ سنوورەکانی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ درێغی و کەم تەرخەمی حکوومەتی عێراقی لەمەسەلەی پرچەککردنی هێزەکانی پێشمەرگە لەکاتێکدا هێزی پێشمەرگە بەشێکە لەعێراق و بەپێی یاساو دەستوری عێراق دەبێت چەکی پێشمەرگە لەلایەن حکوومەتی ئیتیحادیەوە دابین بکرێت .
هەرلەدرێژەی لێدوانەکەیدا خەلیل ئاماژەی بەوەش کرد کەلەبەر نەبوونی چەکی بەهێز و نوێ و پێویست لەدەستی پێشمەرگەوە بۆیە فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا بەئاسانی دەتوانن ئاسمانی عێراق ببەزێنن و تاوەکو ئێستاش گوێمان لەهیچ بەرپرسێکی عێراقی نەبووە ئیدانەی بۆردومانی تورکیا بکات جگە لەمەحمود مەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمانی پێشووی عێراق نەبێت لەکاتێکدا ئێمە هەمیشەو بەردەوام ئیدانەی ئەو جۆرە تەجاوزانەمان کردووە کەلەلایەن سوپای تورکیا یان هەرلایەنێکیکەوە دژی سەروەری خاکی عێراق ئەنجام دراوە




