لەمە بەدواوە هاووڵاتیان پۆست و نامەیان بۆ دێتە بەردەرگای ماڵەكانیان

وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ماوەی زیاتر لە ساڵێكە سەرقاڵی كاركردنە لەسەر وەگەڕخستنی پرۆژەی پۆست كۆد لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان، لەمبارەوەش وتەبێژی وەزارەتی ناوبراویش دەڵێ پرۆژەكان دراونەتە كۆمپانیای خۆماڵی لە ئایندەدا هاووڵاتیان سوودێكی زۆری لێوەردەگرن.
ئومێد محەمەد وتەبێژی فەرمی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ(kdp.info) گوتی" ماوەی زیاتر لە ساڵێكە لەمیانەی وەزارەت لە میانی پرۆژەكانی خۆی سەرقاڵی كاركردنە لەسەر پرۆژەی پۆست كۆد بۆ خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتیان و ئێستاش پرۆژەكە دراوەتە كۆمپانیای خۆماڵی و سەرقاڵی جێبەجێكردنین.
ناوبراو سەبارەت بە پرۆژەكە رونیكردەوە" پرۆژەكە بریتییە لە كاركردن لەسەر نەخشەی شارەكان و دانانی ژمارەی تایبەت بۆ هەر كوچەو كۆڵان و شەقام و مالێك و لەڕێگەی پلێتەوە هەڵدەواسرێت و بەمپێیەش هاووڵاتیان دەتوانن پۆست و نامە لەو ڕێگەیەوە بنێرن و وەریبگرن و دەبێتە ئاسانكاریەكی گرنگ بۆ هاووڵاتیان.
هەولێر- بڕوا بەرزنجی




