هاوپەیمانیی كوردستان: لیستەكەمان هەموو جۆرە یاسایەكی تایبەت به هەڵبژاردنی پارێزگای كەركووك ڕەت دەكاتەوە

موئەیەد تەییب گوتەبێژی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ڕۆژنامەی هەولێری ڕاگەیاندووە: "لیستەكەمان هەموو جۆرە یاسایەكی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ڕەت دەكاتەوە و قبووڵی ناكات."
گوتەكانی تەییب لە كاتێكدایە كە عەرەب و توركمانەكانی كەركووك داوای دەركردنی یاسایەكی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە شارەكەیاندا دەكەن كە ئەمەیش جیاكردنەوەی ئەو پارێزگایە و پێدانی تایبەتدمەندییە لە هەڵبژاردنەكاندا.
ناوبراو هەروەها ئاماژەشیدا كە هەموو پێكهاتەكانی دیكەی ناو كەركووك، دەزانن كە كورد لەو شارەدا زۆرینەیە و ئەگەر هەڵبژاردن بكرێت، ئەوا كورد زۆرینەی كورسییەكان بە دەست دەهێنێت، بۆیە هەر كارێكی لەو شێوەیە بۆ كەمكردنەوەی ژمارەی كورسییەكانی كوردە لەو شارەدا و ئەوەیش بە لای لیستی هاوپەیمانیی كوردستانەوە جێگەی قبووڵ نییە.
جێگای باسە بەپێی بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، رۆژی 20/4/2013 بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دیاری كرا جگە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و تاكوو ئێستایش دۆخی پارێزگای كەركووك یەكلا نەكراوەتەوە.




