یاداشتی لێك تێگەیشتن لەنێوان هەولێر و براشۆڤ واژوو كرا

لەمەراسیمێكدا بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی ڕۆمانیا و وەزیری ناوخۆ و ژمارەیەك لە بەرپرسانی هەرێم یاداشتی لێك تێگەیشتن لەنێوان پارێزگای هەولێر و پارێزگای براشۆڤی ڕۆمانیا واژوو كرا.
لەمەراسمێكدا كە بارەگای پارێزگای هەولێر بەڕێوەچوو، یاداشتەكە لەنێوان نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر و كاتیسكۆ ئەریستۆتل ئەدریان سەرۆكی شارەوانیی پارێزگای براشۆڤ واژوو كرا.
نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر لەوتەیەكیدا ڕایگەیاند: خۆشحاڵین كە بووین بە دەستە خوشكی شاری براشۆڤی ڕۆمانیا ئەمەش قۆناغێكی نوێییە كە دوای ساڵێك كاركردن لەنێوان هەردوولادا.
نهوزاد هادی گوتی: بەپێی یاداشتەكە هەردوو شارەكە هاوكاری یەكتر دەبن.
پارێزگاری ههولێر، گوتی: ڕۆمانیا دەتوانێت لەلایەنی ئابووری و كشتوكاڵ و بازرگانی كلتوری و چەند لایەنێكی تر سوود بەهەرێم بگەیەنێت، كۆمپانیاكانی وڵاتی ڕۆمانیا دەتوانن بەشداربن لە ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستان و ڕۆمانیا لەبواری كاركردن وڵاتێكی بەئەزموونە و كاتی خۆی شاری براشۆڤ بەم قۆناغەی ئێستا هەرێمی كوردستاندا تێپەڕیووە. ئامانجی واژووكردنی ئەم یاداشتە خزمەت كردنە بەخەڵكی كوردستان.
كاتیسكۆ ئەریستۆتل ئەدریان، سەرۆكی شارەوانیی پارێزگای براشۆڤ، گوتی: خۆشحاڵین بەم یاداشتە و ئێمە ئەزموونێكی زۆرمان لەكاركردن بەتایبەت لەبواری دروست كردنی فڕۆكە هەیە و چەندین كۆمپانیای تایبەت لەم بوارەدا كاردەكەن.
سەرۆكی شارەوانیی پارێزگای براشۆڤ، گوتی: شاری براشۆڤ لەڕووی گەشت و گوزارەوە، زۆر پێشكەوتووە و بەتەنیا لە ساڵی ڕابردوو 800هەزار گەشتیار ڕوویان لهو شاره كردووە.
كاتیسكۆ ئەریستۆتل ئەدریان، گوتی: وەفدی ئێمە كە سەردانی هەولێرمان كردووە، لە 10 بازرگانی ڕۆمانی پێكهاتوون و لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو دا چەندین كۆبونەوەمان لەگەڵ بازرگانانی هەرێم ئەنجام داوە و مانگی داهاتوو وەفدێكی فراوانی بازرگانی ڕۆمانیا بۆ ئاڵ و گۆڕی بازرگانی دێنە هەرێمی كوردستان. ئەم پڕۆتۆكۆڵەی ئەمڕۆ هاوكار بۆ زیاتر بە پەرەپێدانی پەیوەندیەكان دەبێت.




