سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم: داوا له لایه‌نه‌كانی كورد له سووریا ده‌كه‌ین یه‌كڕیزیی بپارێزن

ئه‌و راستییه‌ی لای هه‌مووان ئاشكرایه ئه‌وه‌یه كه لایه‌نه سیاسییه‌كانی كورد له سووریا به گرتنه‌به‌ری شێوازی خه‌باتی ئاشتیانه بژارده‌ی هه‌ره باشیان ده‌ستنیشان كردووه بۆ گه‌یشتن به ئامانج، هه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌ش وایكردووه پێگه‌ی كورد له ناو هاوكێشه‌ی سیاسی سووریا به‌هێزتر بكات.
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانی عێراقیش هه‌میشه ته‌ئكیدی له گرتنه‌به‌ری ئه‌و جۆره بژارده‌یه كردۆته‌وه، چونكه هه‌ر بژارده‌یه‌كی دی ده‌بێته هۆی گوازتنه‌وه‌ی پشێوی و ئاڵۆزیی بۆ نێو ماڵی كورد و دوور نیه ئه‌گه‌ری نانه‌وه‌ی فیتنه‌یه‌كی نه‌خوازراوی گه‌وره‌ی به‌دواوه بێ.
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم جارێكی دی و له سۆنگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وایه‌تی كوردستانییه‌وه هه‌مان دید و هه‌ڵوێست ده‌خاته به‌رده‌م لایه‌نه سیاسییه‌كانی كورد له سووریا و رایده‌گه‌یه‌نێت كه پێویسته هه‌موو لایه‌ك زۆر به ئاگاییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆخه هه‌ستیاره‌دا بكه‌ن و له هه‌ر هه‌نگاوێكدا یه‌كڕیزیی نێو ماڵی كورد و ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی گه‌ل له‌به‌ر چاو بگیرێ.
بێگومان باشترین بنه‌مای پاراستنی یه‌كێتی و هه‌ڤڕێزییش ده‌ستپێوه‌گرتن و پابه‌ندبوون و به ته‌واوه‌تی پراكتیزه‌كردنی (راگه‌یه‌نراوی هه‌ولێر)ه؛ كه هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردی سووریا ئیمزایان له‌سه‌ر كردووه، دا‌واشیان لێ ده‌كه‌ین راگیراوان و ده‌ستگیركراوانی لایه‌نه‌كانیان ئازاد بكه‌ن و یه‌كڕیزیی بپارێزن و ده‌رفه‌تی هه‌ڵایسانی ئاگری فیتنه‌گێڕیی نه‌ده‌ن.
وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان
4/11/2012




