سه‌رۆك تاڵه‌بانی په‌یامێك ئاڕاسته‌ی 14هەمین كۆنگرەی یەكێتی قوتابیانی كوردستان ده‌كات

ئازیزانم.... كچان و كورِانی ئه‌ندامی چوارده‌هه‌مین كۆنگره‌ی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان
به‌سڵاوی گه‌رمه‌وه پیرۆزبایی كۆنگره‌كه‌تان لێ ده‌كه‌م و هیوادارم له‌رۆژانی كۆنگره‌دا به‌گه‌رم و گورِییه‌وه گفتوگۆكانتان ئه‌نجام بده‌ن و ئه‌ركه‌كانی داهاتووی رێكخراوه‌كه‌تان له‌م قۆناغه‌ی خه‌باتی گه‌له‌كه‌ماندا ده‌ستنیشان بكه‌ن.
له‌خه‌باتی پرِ له‌هه‌ورازو نشێوی گه‌له‌كه‌مان و له‌قۆناغه جیاجیاكاندا توێژی قوتابیان و خوێندكاران و لاوان به‌گشتی رۆڵی به‌رچاو و كاریگه‌ریان بینیوه له‌به‌ره‌و پێشه‌وه چوونی كوردایه‌تیدا، له‌و رۆژگاره‌شدا كه رێكخستنی تێكۆشانی قوتابیان له‌ناو به‌ره‌ی كوردایه‌تیدا بووه پێداویستێكی گرنگ و بووه پێویستییه‌كی خه‌باتی ئه‌و رۆژگاره یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان پێكهێنراو كاریگه‌ری به‌رچاوی دانا به‌سه‌ر ره‌وتی تێكۆشانی گه‌له‌كه‌مان و بووه رووبارێكی تری خه‌باتی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی كوردستان و منیش شه‌ره‌فی ئه‌وه‌م پێبرِا كه هاوكاتی پێكهێنانی یه‌كێتیه‌كه‌تان ئه‌ركی سكرتێری ئه‌و رێكخراوه‌م بكه‌وێته ئه‌ستۆ، كه‌پێنج ساڵ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی ترمدا بناغه‌و نه‌خشه رێگای په‌ل و پۆ هاوێشتن و فراوان بوون و به‌هێزبوونی باسكی خه‌باتی قوتابیانمان دارِشت.
هه‌ر له‌سه‌ره‌تاشه‌وه ئه‌م رێكخراوه بووه ئه‌دره‌سێكی به‌ناوبانگی كوردایه‌تی، به‌تایبه‌ت له‌و سه‌رده‌مدا كه خه‌باتی سیاسی گه‌له‌كه‌مان پێویستی زۆری به‌فراوانبوونی ئاسۆیی و به‌جه‌ماوه‌ری بوون بوو.
ئێستا میراتی تێكۆشانی ئه‌و رێكخراوه بۆ ئێوه‌ی ئازیز جێ ماوه تا له‌هه‌ل و مه‌رجی ئێستادا له‌گه‌ڵ رێكخراوه هاوشێوه‌كانی تردا، له‌م قۆناغه‌شدا ئه‌ركه‌كانی خۆی به‌جی بێنی و حزوری خۆی له‌خه‌باتی دیموكراتیانه‌ی سیاسی و پیشه‌ییدا بسه‌لمێنی، به‌دیهێنانی ئه‌و ئه‌ركه‌ش به‌وه وه‌دی دێت كه هاوئاهه‌نگ و هاوكار له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌كانی تری قوتابیان و خوێندكاران و لاوان له ئه‌ركه‌كانی ئه‌م قۆناخه‌ی گه‌له‌كه‌مان باش تێبگه‌ن و باش هه‌ڵسه‌نگێنن و سه‌ركه‌وتن و ده‌ستكه‌وته وه‌دیهاتووه‌كانی گه‌له‌كه‌مان به‌گه‌شاوه‌یی ببینن و ئه‌رك و ئامانجه وه‌دی نه‌هاتووه‌كانیش وه‌ك به‌شێكی گرنگ و سه‌ره‌كی بخه‌نه ئه‌جێندای تێكۆشانی له‌مه‌ودواتان .
لاوانی كوردستان كه ئێستا له‌هه‌موو رووییه‌كه‌وه پێشكه‌وتنی گه‌وره‌یان به‌دیهێناوه‌و له‌ناوه‌نده جیاجیاكانی سیاسه‌ت، حوكمرِانی ، كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابوری، كلتوری و ئه‌كادیمیدا حزوری به‌رچاو و كارایان هه‌یه، له‌سه‌ر خۆیان و رێكخراوه جیاجیاكانیان پێویستیه‌كه به ئه‌ندازه‌ی حزوری به‌رچاوی خۆیان له‌پاراستنی ئه‌زموونی گه‌له‌كه‌مان و پێشخستنی ژیانی كورده‌واریداو له‌گه‌رم و گورِكردنی گۆرِه‌پانی تێكۆشاندا كارا‌و كاریگه‌ربن و چاوه‌رِوانی ئه‌و ئه‌ركه‌شیان لێ ده‌كه‌ین.
لاوان به‌گشتی له‌ئێستاو له‌داهاتووی تێكۆشانیشدا رۆڵی زۆریان له‌ئه‌ستۆیه، نه‌ك ته‌نیا له‌پێشخستنی كۆمه‌ڵگاو له‌پاراستن و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ئه‌زموونی كوردستانی عیراق، به‌ڵكو له‌تێكۆشانی ئاینده‌شدا بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجانه‌ی گه‌له‌كه‌مان كه‌هێشتا به‌دی نه‌هاتوون.
ئێستا كه ته‌واوی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست له‌سه‌روبه‌ندی گۆرِاندایه‌و كورد وته‌نی ناوچه‌كه ده‌كوڵێ، به‌رپرسیارێتی لاوان و قوتابیان و خوێندكاران و توێژه‌كانی تر‌و رێكخراوه‌كانیان به‌پله‌ی یه‌كه‌م له‌وه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه كه خۆیان بۆ ئه‌و ئه‌ركانه به‌باشی ئاماده بكه‌ن كه بارودۆخه گۆڕاوه‌كان ده‌یخاته ئه‌ستۆیان، هیوادارم كۆنگره‌كه‌تان به‌ئاڕاسته‌ی ئاماده‌كردنی قوتابیان بێت بۆ وه‌ئه‌ستۆگرتنی ئه‌ركه نوێكانی كوردایه‌تی، به‌ڵام هاوكات پێویسته ئه‌و راستییه‌ش له‌به‌رچاوی كۆنگره‌كه‌تان بێ كه پێشمه‌رجی سه‌ركه‌وتنی گه‌له‌كه‌مان یه‌كرِیزی و یه‌كهه‌ڵوێستی هێزه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیه‌تی و نه‌خشه رێگای راستی تێكۆشانیش بۆ هه‌موو لایه‌ك، به یه‌كێتییه‌كه‌ی ئێوه‌شه‌وه به‌ناو ماڵی یه‌كرِیزی كوردستاندا تێ ده‌په‌رِێ، بۆیه راست وایه كه كۆنگره‌كه‌تان و برِیارو راسپارده‌كانی به‌ئاقاری وه‌دیهێنانی هه‌رچی زۆرتری یه‌كرِیزی رێكخراوه قوتابی و خوێندكاراییه‌كان بێ.
كۆنگره‌كه‌تان سه‌ركه‌وتووبێت و تێكۆشانی گه‌له‌كه‌شتان روو له‌هه‌ڵكشان و په‌ره‌سه‌ندن و سه‌ركه‌وتن بێت.
هه‌ربژین بۆ مام جه‌لال
براتان
مام جه‌لال




