٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەمەریكا لە بەرپرسانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی سووریا ناڕازین

سەرچاوە: Hewler

ئۆپۆزسیۆنی سووریا ئامادەیە لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق دا بۆ مەبەستی دۆزینەوەی چارەیەك بۆ قەیرانی ئێستای سووریا دانوستان ئەنجام بدات، بەڵام پێویستە سەرەتا سەرۆكی وڵات (بەشار ئەسەد) واز لە پۆستەكەی بهێنێت.

هاوكات بەرپرسانی ئەمەریكا لە بەرپرسانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی سووریا ناڕازین و داوا دەكەن گرووپێكی ئۆپۆزسیۆنی بەرفراوان لەو وڵاتەدا پێك بهێنرێت بە جۆرێك كە ئەو گرووپە نوێنەرایەتی تەواوی پێكهاتە و چینەكانی وڵات بكات.

ئەم هەوڵانە لە كاتێكدان شەڕ لە نێوان سەربازانی جیابووەوە و سەربازانی سوپای سووریادا لە چەندین شار و شارۆچكەی سووریادا درێژەی هەیە.

دەستلەكاركێشانەوەی (بەشار ئەسەد)
ژمارەیەك لە كەسایەتییە دیار و ناسراوەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەڵێن پێویستە سەرۆكی وڵاتەكەیان (بەشار ئەسەد) واز لە پۆستەكەی بهێنێت و ڕێگا بدات حكوومەتێكی نوێ لە سووریادا پێك بهێنرێت.

25 كەسایەتی ناسراوی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە ڕێی بڵاوكردنەوەی بەیاننامەیەكەوە ئاماژەیان بەوە كرد ئۆپۆزسیۆن كاتێك ئامادەیە لەگەڵ بەرپرسانی ئێستای سووریادا دانوستان بكات كە (بەشار ئەسەد) دەستبەداری پۆستەكەی بێت.

ئەوان لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا ڕایانگەیاندووە ئەگەر بەرپرسانی سووریا باوەڕیان بەوە هەیە لە ڕێی دیالۆگەوە ئەم كێشەیە چارە دەكرێت، ئەوا پێویستە (بەشار ئەسەد) و كەسانی نزیكی دەستبەرداری پۆستەكەیان بن.

ئەمەریكا فشار دەخاتە سەر ئۆپۆزسیۆنی سووریا
ئەم كەسایەتییانەی ئۆپۆزسیۆن ئەوەیشیان ڕوونكردەوە كە دەبێت هەوڵەكان چڕتر بكرێنەوە بۆ ئەوەی گرووپێكی بەهێزی ئۆپۆزسیۆن پێك بهێنرێت بە جۆرێك كە ئەو گرووپە نوێنەرایەتی هەموو چین و توێژ و پێكهاتە جیاوازەكانی سووریا بكات.

بۆ تاوتوێكردنی ئەم پرسە و بابەتە پەیوەندیدارەكانی دیكەی تایبەت بە سووریا، بڕیارە ئەمڕۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی سووریا لە "دەوحە"ـی پایتەختی قەتەر كۆببنەوە.

ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"ـی ئەمەریكی بڵاویكردەوە كە بەرپرسانی ئەمەریكا فشارێكی زۆریان خستووەتە سەر بەرپرسانی قەتەر و داوایان لێ دەكەن كە بەرپرسانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی سووریا ڕازی بكەن بۆ ئەوەی گرووپێكی بەرفراوانی یەكگرتووی ئۆپۆزسیۆن پێك بهێنن بە جۆرێك كە نوێنەرایەتی هەموو پێكهاتەكان بكات.

بەرپرسانی ئەمەریكا بە ئاشكرا ڕایانگەیاندووە كە ئەنجوومەنی نیشتمانیی سووریا نوێنەرایەتی دانیشتووانی سووریا ناكات و هەربۆیەیش نابێت لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بۆ مەبەستی پێكهێنانی حكوومەتێكی نوێ پشتگیریی تەواوی لێ بكرێت.

لەوەیش زیاتر، بەرپرسانی ئەمەریكا لە بەهێزبوونی دەستەڵات و پێگەی گرووپە جیهادییەكان لە ناو سوپای سووریای ئازاددا نیگەرانن.

شەڕ لە ناوخۆی سووریادا
لە لایەكی دیكەوە شەڕ لە نێوان سەربازانی سوپای سووریا و سەربازانی جیابووەوە لە شوێنە جیاوازەكانی ئەو وڵاتەدا بەردەوامە.

سەربازانی سوپای سووریای ئازاد لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا تەواوی هەوڵی خۆیان خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی "حەڵەب" لە "دیمەشق" دابڕن و لەو چوارچێوەیەیشدا دەستیان بە هێرشێكی بەرفراوان كردووە بۆ مەبەستی كۆنترۆڵكردنی فڕۆكەخانە سەربازییەكانی سوپای سووریا.

بەرپرسێكی سەربازانی جیابووەوە بە ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز"ـی ڕاگەیاند كە ئەوان لە سەرلەبەیانی دوێنێوە هێرشێكی بەرفراوانیان بۆ سەر فڕۆكەخانەی سەربازی "تافتەناز"ـی حەڵەب دەست پێكردووە.

ناوبراو گوتی ئەگەر ئەوان بتوانن ئەو فڕۆكەخانەیە كۆنترۆڵ بكەن، ئەوا سوپای سووریا ڕووبەڕووی شكستێكی گەورە دەكەنەوە و بە تەواوی "حەڵەب"ـیش لە "دیمەشق" دادەبڕن.

هاوكات شەڕ و پێكدادان لە نێوان سەربازانی جیابووەوە و سەربازانی سوپای سووریا لە دەوروبەری "دیمەشق" و پارێزگای "دەیرل زور" و "عیدلیب" بەردەوامە.

سەربازانی سوپای سووریای ئازادیش ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەوان پێویستیان بە چەك و تەقەمەنی قورس هەیە بۆ ئەوەی بتوانن لەم شەڕەدا سەركەوتن بەدەست بهێنن.

هەواڵی پەیوەندیدار