٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سامان فەوزی: پرسی خاك گرنگترین داواكاری كورده‌ دەبێت بەردەوام پێی لەسەردابگرێت

سەرچاوە: KDP.info

پەرلەمانتارێکی لیستی هاوپەیمانی کوردستانی ڕایدەگەیەنێت, مەسەلەی خاک لەهەموو داواکاریەکانی دیکە بۆ کورد گرنگترە، وتیشی، له‌ عێراق دوو جۆر بیركردنه‌وه‌ هه‌یه‌، یه‌كێكیان ده‌سه‌ڵات به‌ره‌و ناوه‌ند ده‌بات و ئه‌وه‌ی دیكه‌ پێی وایه‌ ده‌بێت هه‌رێم و پارێزگاكات به‌هێز بكرێن.

ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیستی هاوپەیمانی کوردستانی دکتۆر سامان فەوزی بە پەیامنێری ڕاگەیاندوه‌ : گرنگترین داواكاری كورد، دەبێت بەردەوام پێی لەسەردابگرێت پرسی خاكە كه‌ لە هەموو داواكاریەكانی دیكە گرنگترە، هه‌روه‌ك له‌ نۆزدە خاڵیەكه‌ی كورد باس له‌ جێبەجێكردنی مادەی سەد و چل كراوه‌ بەڵام گومانی تێدا نییه‌ مەسەلەكانی دیكەش هه‌ر لە ئەنجومەنی فیدراڵیەوە تا دەگاتە دەركردنی یاسای نەوت و غاز گرنگی خۆیان هەیە، دەركردنی یاسای نه‌وت و گاز دەبێت بەگوێرەی دەستوور بێت كە ئیدارەكردن و دانانی پلانی ستراتیژی بۆ بەڕێوەبردنی نەوت و گاز به‌ره‌زامه‌ندی هەردوو لابێت، چونكە ئابووری مەسەلەیەكە جیاناكرێتەوە لەسیاسەت، ئەگەر هەرێمێكی بەهێزت هەبێت دەبێت ئابووریەكی بەهێزیش هەبێت.

فەوزی گوتیشی:"دەبێت وابكەین یاساكە ڕەنگدانەوەی دەستوری عێراق بێت، نابێت لەیادمان بچێت ئێستا لەعێراق دوو جۆر بیركردنەوە هەیە دانەیەكیان هەوڵ دەدات عێراق بەرەو ناوه‌ند بەرێت و پێی وایە ئەو فیدراڵیەتەی لەدەستوردا دانراوە زیاد لەپێویستە و لەكاتێكدا بەردەوام باس لەوە دەكرێت دەسەڵات كەمبۆتەوە، بەپێچەوانەشەوە بیر كردنەوەیەكی دیكە هەیە پێی وایە بەردەوام دەبێت هەرێمە فیدراڵیەكان بەهێزتر بێت و ئەنجومەنی پارێزگاكان دەسەڵاتیان زیاتر بێت، دەبێت فیدراڵیەت دەسەڵات و پارە بێت ونابێت ئەو دووانە لەدەسەڵاتی ناوه‌ندا قۆرخ بكرێت، دەبێت شۆڕبكرێتەوە بۆ هەرێم و پارێزگاكان، ئەم دوو بیركردنەوەیەش ئێستا لەپێكداداندان كە ئێستاش لەسەر مەسەلەی نەوت و گاز دروست بووە بۆیە وادەردەكەوێت پێكدا دانێكی توندە، بۆیە بەڕای من هەردوو مەسەلەكە گرنگە بەڵام گرنگتر مەسەلەی خاك و ناوچە دابڕێنراوەكانە لەهەرێمی كوردستان كە دەستوری عێراق ناوی لێناوە جێناكۆك."

ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد:" چەند ڕۆژێك بەر لەئێستا گوێمان لە بەرپرسانی عێراقی دەبێت دەڵێن دەستور ناوی ئه‌و ناوچانه‌ی ناوە جێناكۆك بەڵام ئێمە پێی دەڵێین ئەو ناوچانەی جێگەی گرنگی هەرێم و بەغدان بۆیە خەریكە ناوەكەی به‌مشێوه‌یه‌ دەگۆڕن، بۆیە لەداهاتوودا هەرێمی كوردستان هەر خواستێكی دیكەی هەبێت مەسەلەی ئابووری لایەنێكی گرنگ دەبێت بۆ بەدیهێنانی ئەو خواستانە.

هەواڵی پەیوەندیدار