٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھێزەکانی پێشمەرگە لە بەرامبەر ئۆپەڕاسیۆنی دیجلە دەستە وەستان نابن

سەرچاوە: KDP.info

بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەزارەتی پێشمەرگە بۆ رێگرتن لە چالاکیەکانی ئۆپەڕاسیۆنی دیجلەی چاوەڕێی فەرمانی سەرکردایەتی سیاسی کوردە, ھەر ساتێک ھێزی پێشمەرگە بیەوێت, سنور بۆ چالاکیەکانی ھێزی دیجلە دادەنێت.

بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و رۆشنبیری پێشمەرگە عەمید ھەڵگورد حیکمەت بە  پەیامنێری راگەیاندوه‌ : خالێکی ناو دانوستاندنەکانی شاندی ھەرێم بۆ بەغدا پرسی بودجەی پێشمەرگە و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی دیجلە بوو, لەبەرئەوەی فەرماندەی دیجلە بە بڕیارێکی سیاسی لە لایەن نوری مالکی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە دامەزراوە، بۆیە بۆ کۆتاییھێنان بەم کێشەیە پێویستی بە بڕیارێکی سیاسی ھەیە لەلایەن سەرکردەکانی ھەرێمی کوردستانەوە دەربچێت.

حیکمەت گوتیشی: ھێزەکانی پێشمەرگە لە ھەمبەر ھەنگاوەکانی ئۆپەڕاسیۆنی دیجلە لە ناوچە دابڕێندراوەکان بێدەنگ نابێت، بەڵام بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو ھێزە چاوەڕێی فەرمانی سەرووی خۆمانین لە سەرکردایەتی ھەرێمی کوردستان, بۆیە خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە ھیچ کات پێشمەرگە لەھەمبەر دیجلە دەستەوەستا نابێت.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە روونی کردەوە: ھەر ساتێک ھێزی پێشمەرگە بیەوێت, سنور بۆ چالاکیەکانی ھێزی دیجلە دادەنێت و ناھێلێت بەئارەزووی خۆی بجولێتەوە.
 

هەواڵی پەیوەندیدار