عێراق جارێكی دیكه داوا ده‌كات، ئه‌مه‌ریكا فشار بخاته سه‌ر كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل

باڵیۆزی عێراق له واشنتۆن جابر حه‌بیب له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی چه‌ند جارێك هه‌رێمی كوردستان به پارێزگا ناو ده‌بات، داواكاریشه له حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا فشار بخاته سه‌ر كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل تا كار‌و چالاكییه‌كانی له هه‌رێمی كوردستان رابگرێت.
ماڵپه‌ڕی فاكس بزنس بڵاویكردۆته‌وه، باڵیۆزی عێراق له واشنتۆن له میانه‌ی كۆنفرانسی سه‌نته‌ری ستراتیژی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌مه‌ریكا، داوای له حكوومه‌تی واشنتۆن كردوه فشاربخاته سه‌ر ئیكسۆن مۆبیل تا كاروچالاكییه‌كانی له هه‌رێمی كوردستان رابگرێت، چونكه بۆته هۆكاری كێشه و گرفتی نێوان حكوومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان.
له باره‌ی چۆنیه‌تی فشار خستنه سه‌ر كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل، باڵیۆزی عێراق ئاماژه‌یداوه كه پێویسته حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا به شێوه‌یه‌كی قۆناغ به قۆناغ فشاره‌كانی له‌سه‌ر ئه‌م كۆمپانیایه چڕ بكاته‌وه تا ئه‌وكاته‌ی ده‌ست له‌كاروچالاكییه‌كانی هه‌ڵده‌گرێت.
جابر حه‌بیب ده‌ڵێت; ئه‌و رێككه‌وتنی ساڵی رابردوو كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مۆری كرد، بووه رێگه خۆشكه‌ر تاوه‌كوو كۆمپانیای تری وه‌به‌رهێنه‌ری كه‌رتی نه‌وت روو له هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن گرێبه‌ست مۆر بكه‌ن، بۆیه حكوومه‌تی عێراقی فیدرال بڕیاریدا ته‌واوی ئه‌و گرێبه‌سته نه‌وتیانه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان مۆر ده‌كرێن، نا یاسایین.
فاكس بزنس پێیوایه، بوونی رێژه‌یه‌كی زۆری نه‌وتی یه‌ده‌گ له هه‌رێمی كوردستان به به‌راورد به رێژه‌یه‌كی كه‌متری نه‌وتی یه‌ده‌گ له عێراق، ناكۆكیه‌كی دیكه به‌غدایه به‌رامبه‌ر به‌م هه‌رێمه.
حه‌بیب ئه‌وه‌شی نه‌شاردۆته‌وه كه بۆ فشارخستنه سه‌ر ئیكسۆن مۆبیل دیداری له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی كه‌رتی نه‌وتی ئه‌مه‌ریكایی هه‌بووه و داواكارییه‌كه‌شی خستۆته‌ڕوو، به‌ڵام به‌رپرسه ئه‌مه‌ریكاییه‌كان ره‌تیانكردۆته‌وه حكوومه‌ت هیچ فشارێك بخاته سه‌ر ئیكسۆن مۆبیل، چونكه گرێبه‌سته‌كانی به‌ره‌چاوكردنی قازانجی پشكه‌كانی مۆركراون، له به‌رامبه‌ردا باڵیۆزی عێراق ئاماژه‌یداوه، ناكرێت ئیكسۆن مۆبیل ته‌نیا بیر له قازانجی پشكه‌كانی بكاته‌وه، چونكه ئه‌م پرسه بۆته پرسێكی سیاسی و كۆمه‌لگه‌یی له عێراقدا.
ئه‌م داواكارییه‌ی باڵیۆزی عێراق له حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا له كاتێكدایه، كۆتایی هه‌فته‌ی رابردوو ماڵپه‌ڕی پێترۆلیۆم ئێکۆنۆمیست بڵاویكردۆته‌وه، ئیکسۆن مۆبیل ته‌واوی كار‌و چالاكییه‌كانی له كێڵگه‌ی یه‌كی نه‌وتی قوڕنه‌ی رۆژئاوا له باشووری عێراق هه‌ڵپه‌ساردوه‌و به نیازه كار‌و چالاكییه‌كانی بگوازێته‌وه شه‌ش كێڵگه‌ی نه‌وتی له هه‌رێمی كوردستان .
به‌بۆچوونی شاره‌زایانی بواری ئابووری نه‌وت، ئه‌گه‌ری كشانه‌وه‌ی ئیكسۆن مۆبیل له باشووری عێراق یه‌كلایی ببێته‌وه، ئه‌وا كێڵگه‌ی یه‌كی نه‌وتی قوڕنه به كۆمپانیایه‌كی رووسیایی ده‌درێت.
له‌مباره‌وه باڵیۆزی عێراق له واشنتۆن داوای كردوه، ئیكسۆن مۆبیل كاروچالاكییه‌كانی له كێڵگه نه‌وتییه‌كانی قوڕنه‌ی رۆژئاوای باشووری عێراق رانه‌گرێت و ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بێت له كاره‌كه‌ی ئه‌وا رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ هیچ كۆمپانیایه‌كی رووسیایی ناكرێت.




