پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربانەوە

بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربانەوە، پیرۆزباییەکی گەرم لە موسڵمانانی کوردستان و ناوچەکە و جیهان دەکەین و ئومێدەوارین بە خێروخۆشی بۆ هەموومان بگەڕێتەوە و ببێتە مایەی گەشانەوە و پێشکەوتنی زیاتری هەرێمەکەمان و، ئاشتی و ئاشتەوایی لە نێوانی هەموو پێکهاتە ئیتنی و ئایینی و سیاسییەکان لە عێراق و ناوچەکەدا بێنێتە دی کە ماوەیەکە بە هەلومەرجێکی ناهەموار و پڕگرێوگۆڵەدا تێدەپەڕێ، هەروەها شەپۆلی ئەو گۆڕانکارییانەی روودەدەن، دەرگاکانی ئاسۆیەکی باش و گونجاو بۆ بەدی هاتنی ئاوات و ئامانجەکانی گەلەکەمان لە هەرێم و عێراقدا بخاتە سەر پشت و دۆزی رەوای گەلی کوردیش لە ناوچەکەدا بە راستەڕێی ئاشتی و دیموکراسیدا بەرەو چارەسەری راستەقینە هەنگاو بنێ و بگاتە کەناری ئارامی و ئۆقرەیی.
بە رۆڵی خۆمان هاتنەوەی جەژنی قوربان، بەشێوەیەکی تایبەت، لە گشت خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی کوردستان و ئەنفالکراوان و قوربانیانی سیاسەتەکانی جینۆساید پیرۆزدەکەین کە بە قوربانیدانی رۆڵە سەربەرزەکانی ئەوان ئەمڕۆی ئاوەدانی و ئاشتی و دیموکراسی بۆ گەلەکەمان هاتۆتە دی و پاشەرۆژێکی گەشاوە و پێشکەوتووترمان لێ دەخوازن و ئێمەیش دەبێ پەیمانیان بۆ دووپات بکەینەوە کە دڵسۆزانە لەو پێناوەدا خەباتی هەمەلایەنەی یەکگرتووانە دەکەین.
مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان
25/10/2012




