٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جێگرى سەرۆکى پەرلەمان پێشوازى لەشاندێکى یانەى لاینسى نێودەوڵەتى دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ئەمرۆ چوار شەممە 24/10/2012 دکتۆر حسن محمد سوورە جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان پێشوازى لەشاندێکى یانەى لاینسى نێودەوڵەتى کەرتى لوبنان، ئوردن، عیراق، هەرێمى کوردستان کرد کە لە دادوەر نەبیل راوسی و لویس ئەبو فەرەح وئەمەل موسا ئەلداود و خاتوو شیرین ئامێدى پێکهاتبوون.

لەدیدارێکدا شاندەکە خۆشحاڵى خۆیان بە سەردانى پەرلەمانى کوردستان و هەرێمى کوردستان و سەرکەوتنە بەرچاوەکانى رەوتى گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەو سەقامگیرى نیشان دا و پوختەیەکى مێژووییان لەبارەى رێکخراوەکەیان پێشکەشکرد کە فراوانترین رێکخراوى نێودەوڵەتى سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکانە و بەشێوەیەکى خۆبەخشانە لە دوو سەد و دوو ووڵات هەن و لەسەر بنەماى پابەندبوون و خزمەت کردن دامەزراون و پیتەکانى رێکخراوەکەیان کورتکراوەى ئازادى و ژیریى لەبەرژەوەندى ئاشتەوایی ووڵاتانە و ساڵانە کۆنگرەى خۆیان ئەنجامدەدەن و ئەمساڵ لەهەرێمى کوردستان نوێنەرایەتى خۆیان کردۆتەوە.

لەبەرامبەردا دکتۆر حسن محمد سوورە جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان وێراى بەخێرهێنان خۆشحاڵى خۆى بەدیدارى شاندەکە دەربڕى و مێژووى رێکخراوەکەیانى لەپێناو خزمەتکردنى مرۆڤایەتى و ئاشتەوایی ووڵاتان بەرز نرخاند دواتر پوختەیەکى مێژوویى لەبارەى شۆرش و راپەرینەکانى گەلى کوردستان لەدژى رژێمى دیکتاتۆرى و دامەزراندنى قەوارەى سیاسی هەرێمى کوردستان و بنیادنانى ئەو کیانە سیاسیە لەپەرلەمان و حکومەت و دامەزراوەکان خستە روو دواتر پێکهاتەى نەتەوەیى و رێژەى بەشداربوونى ئافرەتان لەخولى ئێستاى پەرلەمان و چۆنیەتى بەرێوەبردنى ئەرک و کارەکان شیی کردەوە.

هەر لەدیدارەکەدا جێگرى سەرۆکى پەرلەمان هیواخواز بوو رێکخراوەکەیان زیاتر پەرە بە کارەکانى خۆى لەهەرێمى کوردستان بدات کە هەمیشە حەز بە ئاشتەوایی و پێکەوە ژیانى برایانەى نێوان پێکهاتەکان و دابینکردنى ژیان و دوارۆژێکى کارامە و رووناک بۆ نەوەکانى دەکات.

دواتر شاندەکە بۆ رێزگرتن لە خەبات و کارەکانى جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان یان وەک ئەندامى فەخریی رێکخراوەکەیان لەهەرێمى کوردستان دەست نیشان کرد بەم بۆنەیە قەڵغان و ئارمى رێکخراوەکەیان پێشکەشکرد و لەبەرامبەردا جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان سوپاسی کردن و دیارى پێشکەشی شاندەەکە کرد.

هەواڵی پەیوەندیدار