نێچیرڤان بارزانی: هه‌ر ماڵێكی گه‌رمیان چیرۆكی مه‌ینه‌تی و به‌سه‌رهات و كاره‌ساتێكی هه‌یه بۆیه شایه‌نی هه‌موو خزمه‌تێكن

له به‌رده‌وامی سه‌ردانه‌كه‌یدا سه‌رۆك وه‌زیران و شاندی یاوه‌ری سه‌ردانی قه‌زای خانه‌قینیان كرد و له‌گه‌ڵ قایمقام و به‌رپرسی یه‌كه ئیدارییه‌كانی خانه‌قین كۆبونه‌وه‌یه‌كیان سازدا. له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا سه‌رۆك وه‌زیران خۆشحاڵی خۆی بۆ سه‌ردانی شاره‌كه‌یان نیشان دا و ڕایشی گه‌یاند كه خانه‌قین له ڕووی نه‌ته‌وه‌یی و جوگرافییه‌وه شارێكی یه‌كجار گرینگه بۆ هه‌رێمی كوردستان. هه‌روه‌ها گوتی كه پێكه‌وه ژیانی پێكهاته‌كانی ئه‌م شاره مایه‌ی شانازییه و ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بووه له شۆڕشه‌كانی كوردستاندا و ڕۆڵه‌ی زۆری پێگه‌یاندووه وه‌ك پێشمه‌رگه و سه‌ركرده بۆ كوردستان، ئه‌ركی حكوومه‌تیشه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئازار و مه‌ینه‌تییه‌كانی هه‌رچی له ده‌ستی بێت بیكات.
هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند كه جێبه‌جێ كردنی ماده‌ی 140 هه‌م داواكاریی حكوومه‌ته و هه‌م داواكاریی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانه و یه‌كێكه له ئه‌وله‌ویاته‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. سه‌رۆك وه‌زیران له درێژه‌ی وته‌كه‌یدا ڕایگه‌یاند كه: "ڕاسته له ڕووی یاساییه‌وه قه‌زای خانه‌قین به پارێزگای دیاله‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه، به‌ڵام له ڕاستیدا شارێكی كوردستانه‌وه و ئێمه ده‌زانین كه كێشه‌تان بۆ دروست ده‌بێت ڕوو له هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن ده‌تانه‌وێ هه‌رێمی كوردستان پڕۆژه‌ی خزمه‌ت گوزاری پێشكه‌ش به شاره‌كه‌تان بكات، ئه‌مه‌یش داوایه‌كی ڕه‌وایه. ڕاسته شته‌كان ده‌بێت له به‌غداوه بكرێن، به‌ڵام به‌داخه‌وه به‌غدا كه‌مته‌رخه‌می سستیه‌كی زۆر له به‌رامبه‌ر ئه‌م ناوچانه ده‌كات."
له ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا باسی له‌و كرده‌وه تیرۆریستییانه‌ی سه‌عدییه و جه‌له‌ولا كه دژی هاووڵاتیانی كورد ئه‌نجام ده‌درێت كرد و گوتی مه‌ترسی زۆر گه‌وره‌یان له‌سه‌ر ناوچه‌كه و هه‌رێمی كوردستان هه‌یه. ڕاشیگه‌یاند كه لیژنه‌یه‌ك پێكده‌هێندرێ بۆ ئه‌وه‌ی له دوای جه‌ژن له نزیكه‌وه لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر بارودۆخی ئه‌و ناوچانه بكات و دوای ئه‌وه‌یش هه‌وڵبدرێت له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق له باره‌ی ڕه‌وشی خراپی كورد له‌و دوو شارۆچكه‌یه گفتوگۆ و چاره‌سه‌ر بكرێت.
سه‌رۆكی حكوومه‌ت له كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ چین و توێژ و به‌رپرسانی یه‌كه ئیدارییه‌كانی خانه‌قیندا ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌ی ئاوی خانه‌قین نیشاندا، بۆ ئه‌مه‌یش لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كانی ڕاسپارد تا ده‌ست به ئاماده‌كردنی پلان و دیزان بكه‌ن و دوای ته‌واوبونیشیان پڕۆژه‌كه بكه‌وێته واری جیبه‌جێ كردنه‌وه.
هه‌ر له كۆبوونه‌وه‌كه‌یدا سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم (نێچیرڤان بارزانی)، ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك داواكاری و پێداویستی بواری ته‌ندروستی كه به دابینكردنیان ده‌بێته هۆی كه‌مكردنه‌وه و چاره‌سه‌ركردنی كێشه ته‌ندروستییه‌كانی قه‌زای خانه‌قین نیشان دا.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا سه‌رۆكی حكوومه‌ت ڕایگه‌یاند كه كوردستان هه‌میشه شانازی به‌وه‌وه كردووه كه هه‌موو پێكهاته‌كان پێكه‌وه ژیاون، له‌م بواره‌شدا خانه‌قین وێنه‌یه‌كی زۆر جوانی ئه‌و پێكه‌وه ژیانه‌ی كوردستانه، چونكه كورد هیچكات كێشه‌ی مه‌زهه‌بی و ئاینی نه‌بووه و له‌سه‌ر كێشه‌ی ئاینی و مه‌زهه‌بیش زوڵمی لێنه‌كراوه، به‌ڵكو ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه كورده و له‌سه‌ر كورد بوون زوڵمی لێكراوه.
سه‌رۆكی حكوومه‌ت ڕاشیگه‌یاند كه: "ئه‌مڕۆ ئێمه هاتووین كه به‌جدی كارتان بۆ بكه‌ین، به‌و ده‌سه‌ڵاته سنورداره‌ی كه هه‌مانه هه‌رچی له ده‌ستی حكوومه‌تی هه‌رێم بێت بۆ خزمه‌ت كردنی خانه‌قین درێغی ناكه‌ین، خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌یه شایانی هه‌موو خزمه‌تێكن.
له كۆتاییدا ڕایگه‌یاند كه‌وا ده‌بێت ته‌ركیز بكرێته سه‌ر جێبه‌جێ كردنی مادده‌ی 140 كه ئه‌مه خۆی ده‌بێته ڕێخۆشكه‌رێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی زۆربه‌ی زۆری كێشه‌كان و ده‌ستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان واڵا ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی باشتر كار و پڕۆژه له‌م ناوچه‌یه ئه‌نجام بدات.
هه‌روه‌ها ئه‌و سه‌ردانه‌ی بۆ ناوچه‌ی خانه‌قین به هێمای خه‌مخۆری حكوومه‌ت له‌قه‌ڵه‌م دا.
له وته‌یه‌كیشدا سه‌رپه‌رشتیاری ئیداریی گه‌رمیان سه‌ردانی سه‌رۆك وه‌زیرانی بۆ گه‌رمیان و تێكڕای ناوچه‌كه به گرنگ و نیشانه‌ی خه‌مخۆری سه‌رۆك وه‌زیران و حكوومه‌تی هه‌رێم بۆ ناوچه‌ی گه‌رمیان و كه‌س و كار و قوربانیانی ئه‌نفال له قه‌ڵه‌م دا و ئاماژه‌ی به‌و پڕۆژانه كرد كه له ڕۆژی یه‌كه‌می سه‌ردانیدا بۆ ناوچه‌ی گه‌رمیان ئه‌نجامی داوه.
سه‌رۆك وه‌زیران له به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌یدا گوتی كه: "خۆشحاڵم و چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر هاتووم دوو جیاوازیم بینی، گله‌ییه‌كان گۆڕاون، گله‌یی هه‌یه به‌ڵام شێوازی گله‌یی گۆڕاوه، گله‌یی ئێستا ئه‌وه‌ی ده‌ڵێن ئه‌و شتانه‌ی كه ماون جێبه‌جێ بكرێن. زۆر كاری باش له گه‌رمیان ئه‌نجام دراون به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه ئێمه چاومان له كاری باشتر و زیاتره و كاره‌كان له تموحی خه‌ڵكی ناوچه‌كه و حكوومه‌ت كه‌مترن، هه‌ر ماڵێكی گه‌رمیان چیرۆكی مه‌ینه‌تی و به‌سه‌رهات و كاره‌ساتێكی هه‌یه بۆیه شایه‌نی هه‌موو خزمه‌تێكن، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ست به ئێش و ئازاری خه‌ڵكی گه‌رمیان ده‌كات، بۆیه‌ش حكوومه‌ت جدییه له هه‌وڵدان بۆئه‌وه‌ی گه‌رمیان بكه‌وێته سه‌ر پێی خۆی." هیواشی خواست كه دوباره ده‌رفه‌تی سه‌ردان كردنی گه‌رمیان و ناوچه‌كه‌ی هه‌بێت و به كۆمه‌ڵێك پڕۆژه‌ی دیكه‌وه بگه‌ڕێنه‌وه گه‌رمیان.
له به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌یدا له‌باره‌ی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه له عێراق ده‌رده‌چێت گوتی ئه‌و بودجه‌یه‌ی كه له هه‌رێمی كوردستانه‌وه بۆ عێراق دێت بایی 260 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی ڕۆژانه‌یه به‌ڵام ئێستا هه‌رێمی كوردستان ته‌نیا بۆخۆی ڕۆژانه 300 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌م ده‌هێنێت. ڕاشیگه‌یانی كه: "بێگومان ئێمه دووباره ده‌گه‌رێینه‌وه ناوچه‌كه و كۆمه‌ڵێك پڕۆژه‌ی نوێ و كۆمه‌ڵێك كاری نوێ له‌و ناوچه‌یه ئه‌نجام ده‌ده‌ین."
هه‌روه‌ها ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر دامه‌زراندنی 300 ڕاژه‌ی دامه‌زراندن بۆ گه‌رمیان به‌پێی سیسته‌می دامه‌زراندی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نیشان دا.
هه‌ر له درێژه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا دوای نیوه‌ڕۆی دوێنێ له كه‌لار سه‌رۆك وه‌زیران له‌گه‌ڵ سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان و قایمقامی قه‌زای كفری به‌رپرسی یه‌كه كارگێرییه‌كان و ناحیه‌كانی سه‌ر به قه‌زاكه كۆ بووه‌وه. له كۆبونه‌وه‌كه‌دا به وردی گوێی بۆ پێداویستی و كه‌موكوورییه‌كان و دید و بۆچوونی ئاماده‌بوانی كۆبوونه‌وه‌كه گرت. ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر چه‌ند پڕۆژه‌یه‌ك نیشان دا له‌وانه چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی په‌یوه‌ست به بواری شاره‌وانی و خه‌رجكردنی بوودجه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ ئه‌و پڕۆژانه‌ی ده‌بنه ڕێخۆشكه‌رێك بۆ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری زیاتر له بواری شاره‌وانییه‌كاندا، هه‌روه‌ها ده‌ستخۆشی لێ‌كردن بۆ ئه‌و كارانه‌ی كه له ماوه‌ی ڕابردوودا له ناوچه‌كه ئه‌نجام دراون و پیرۆزبایی لێ‌كردن.
دوای ئه‌وه سه‌رۆكی حكوومت له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌ی داكۆكیكردن له كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان و رێكخراوی كوردۆسایدی چاك و چوارده‌ی چوار كه هه‌موویان رێكخراوی تایبه‌تن به گرینگی‌دان به كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان و ناوچه‌ی گه‌رمیان كۆبووه‌وه. له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دوای به‌خێرهاتنی سه‌رۆك وه‌زیران له لایه‌ن به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌كه به وردی گوێی بۆ داوا و داخوازییه‌كانی ئه‌م سێ رێكخراوه گرت كه ده‌ربڕین بوو له داواكاریی خه‌ڵكی قوربانیانی ئه‌نفال له ناوچه‌كه و دووپاتی كرده‌وه كه هه‌رچی به حكوومه‌ت بكرێت بۆ خۆشگوزه‌رانی كه‌سوكاری شه‌هیدان ئاماده‌یه بیكات و بڕیاری له سه‌ر دروستكردنی پاركێك له گه‌رمیان دا.
دوای ئه‌وه سه‌رۆكی حكوومه‌ت له‌گه‌ڵ رێكخراوی داكۆكی له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كفری دانیشتنێكی ئه‌نجام دا، تێیدا جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه خه‌ڵكی ناوچه‌كه و خه‌ڵكی كفری به تایبه‌تی شایانی هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌ك هه‌ن و ئه‌وه‌ی له ده‌ستی حكوومه‌ت بێت بۆ شاری كفری ده‌یكات و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت دوای جه‌ژن سه‌ردانی كفری ده‌كات بۆ دیراسه كردنی پێداویستییه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كفری بۆ ئه‌وه‌ی دواتر بۆیاریان له‌سه‌ر بدرێت.
دوای ئه‌م دانیشتنه سه‌رۆكوه‌زیران له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك له ڕۆشنبیران و نووسه‌ران و ڕۆژنامه‌نووسانی ناوچه‌كه كۆبووه‌وه و له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی سه‌ردانی سه‌رۆك وه‌زیران بۆ ئه‌و پرۆژانه‌ی ئه‌نجامی داون له ماوه‌ی سه‌ردانیدا بۆ گه‌رمیان باس كران.
دواتر له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا وه‌لامی پرسیاری ڕۆژنامه‌نووسانی دایه‌وه و هه‌ر ده‌رباره‌ی ئه‌و چالاكیی و پڕۆژانه‌ی له ماوه‌ی سه‌ردانیدا بۆ ناوچه‌ی گه‌رمیان ئه‌نجامی داون كرد. له وه‌لامی ڕۆژنامه‌نووسان باسی گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كانی كوردستانی كرد و گوتی كه گرێبه‌ستی شه‌فافن و هه‌روه‌ها باسی وه‌زعی سه‌عدییه و جه‌له‌ولای كرد و بۆ ئه‌مه‌ش ڕایگه‌یاند كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی به‌غدا ڕێگه چاره‌یه‌ك بۆ كێشه‌ی سه‌عدییه و جه‌له‌ولا دابنێن و دوای جه‌ژن كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت بۆ گفتوگۆ كردن له‌گه‌ڵ به‌غدا.
هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند كه حكوومه‌تی هه‌رێم خوازیاره له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی به‌غدا هه‌موو كێشه‌كانی له ڕێگه‌ی گقتوگۆ چاره بكات.




