ئاڵۆزییهكانی لوبنان ئهگهری هەڵگیرسانەوەی شەڕی ناوخۆیان هێناوهته ئاراوه

سوپای لوبنان داوای لە بەرپرسانی سیاسی وڵات كرد بە هۆشداریەوە مامەڵە بكەن و نەبنە هۆكارێك بۆ هەڵگیرسانەوەی شەڕی ناوخۆ لە لوبناندا.
سوپای لوبنان لە ڕێی بڵاوكردنەوەی بەیاننامەیەكەوە ڕایگەیاند، وڵات بە بارودۆخێكی تایبەتی و زۆر هەستیاردا تێپەڕ دەبێت و ڕێژەی گرژی و نائارامی لە چەند شوێنێكدا گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار.
لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا هاتووە:"چارەنووسی وڵات لە مەترسیدایە" و هەربۆیەیش پێویستە بەرپرسان ئاگاداری شێوازی مامەڵە و قسەكردنیان بن، چونكە ترسی ئەوە هەیە شەڕ هەڵگیرسێتەوە.
سوپای لوبنان داوا لە هاوڵاتیانیش دەكات، خۆیان كۆنترۆڵ بكەن و ڕێگا نەدەن ئارامی و ئاسایشی وڵات تێك بچێتەوە.
ئەم بەیاننامەیەی سوپا لە كاتێكدا دێت، لە ڕۆژی هەینیی ڕابردووەوە بارودۆخێكی مەترسیدار ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە، ئەوەیش پاش ئەوەی لەو ڕۆژەدا بەرپرسی یەكەی هەواڵگریی هێزی ئاسایشی نێوخۆیی وڵات ژەنەراڵ (وسام حەسەن) لە بەیروتی پایتەخت كوژرا.
(وسام حەسەن) كەسایەتییەكی سوننە بوو و بەئاشكرایش ڕەخنەی لە حكوومەتی سووریا دەگرت. ئۆپۆزسیۆنی لوبنان، كە زۆرینەی سوننەیە، سەرۆكی سووریا (بەشار ئەسەد) بە تیرۆركردنی (وسام) تۆمەتبار دەكات.
دوێنێش ئەو بارگرژیەی لوبنان گەیشتە ئاستی ڕوودانی شەڕەتەقە لە چەند ناوچەیەكی پایتەخت و شاری "تەرابلوس" و بەو هۆیەیشەوە چەند كەسێك كوژران و چەند كەسێكی دیكەیش بریندار بوون.
ئێستاش سوپای وڵات ژمارەیەكی زۆر سەربازی بە شارە گەورەكاندا بڵاو كردووەتەوە، بۆ مەبەستی ڕێگاگرتن لە ڕوودانی شەڕی و نائارامیی زیاتر.




