به بڕیاری سهرۆكی حكومهت 50 ملیۆن دۆلار بۆ چارهسهر كردنی گرفتهكانی پهروهرده تهرخان كرا

لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، عیسمەت محەمەد وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تیشکی خستەسەر چەند تەوەرێکی تایبەت بەبواری پەروەردە لەھەرێمی کوردستانو ڕایگەیاند، حکوومەتی ھەرێم (٥٠) ملیۆن دۆلاری وەک بودجەی فریاکەوتن بۆ چارەسەری گرفتەکانی بواری پەروەردە لەھەرێم تەرخان کردووە.
لەسەرەتای کۆنگرەکەدا، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێم وتی:"دوای ئەوەی خوێندکارێک لەشارەزوور بەھۆی داڕمانی دیواری خوێندنگەکەیانەوە گیانی لەدەستداوە، وەزارەتی پەروەردە لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لەوبابەتە پێکھێناوە، لیژنەکە لەنوێنەرانی پەروەردەی گشتی سلێمانیو نوێنەری داواکاری گشتیو ڕاوێژکارێکی وەزارەتو یاساییەکو ئەندازیارێک پێکھاتووەو دوای لێکۆڵینەوە دەرئەنجامی کارەکانیان دەخەنەڕوو .
وتیشی:"ئەو خوێندنگەیە لەساڵی (١٩٨٩) دروستکراوەو تائێستا نۆژەن نەکراوەتەوە .
عیسمەت محەمەد جەختیشیکردەوە، پەرلەمانی کوردستان (١٥%)ی بودجەی وەزارەتەکەیانی کەمکردووەتەوەو پارساڵ (٣٠٠) ملیۆن دینار تەرخانکراوە بۆ پرۆژەی شارەزوور بۆ ڕاییکردنی کارەکانیان، ئەمساڵ تەنھا (١٦) ملیۆن دیناریان لەبەردەستدا بووە، بۆیە حکوومەتی ھەرێم بڕیاریداوە بەتەرخانکردنی (٥٠) ملیۆن دۆلار بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی بواری پەروەردە.
لەبەشێکی تری کۆنگرەکەدا، وەزیری پەروەردە تیشکی خستەسەر کێشەی نەبوونی کتێبی پێویست لەخوێندنگەکانو ڕایگەیاند، دواکەوتنی بودجە کاریگەری نەرێنی ھەبووە لەوبوارەداو بەر لەجەژنی قوربان کتێبی پێویست دەگاتە سەرجەم خوێندنگەکان، بۆ ساڵی داھاتووش ئەو کێشەیە بەتەواوی چارەسەردەکرێت.
لەکۆتایی کۆنگرەکەدا، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێم وتی:"وەزارەتی پەروەردە کێشەی لەمیلاکی خوێندنگەکاندا ھەیەو تائێستا بەپێی پێویست مامۆستا لەسەرجەم خوێندنگەکاندا نییە، ئەمەشی گەڕاندەوە بۆ دوو ھۆکار، ئەوانیش نەبوونی پسپۆڕی پێویست لەھەندێک بابەتداو خراپ دابەشکردنی مامۆستایان بەسەر خوێندنگەکان.




