عارف تەیفوور داوا دەکات لیستی دەنگدەرانی 2010 لە هەڵبژاردنی پارێزگای کەرکووکدا بە بنەما بگیرێت

عارف تەیفوور جەختی كردەوە لە گرنگیی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بە مەرجێك بە شێوەیەكی شەفاف بێت و پشتبەستن بە لیستی دەنگدەرانی 2010ـی هەڵبژاردنی پەرلەمان، یان گەڕانەوە بۆ سەرژمێریی ساڵی 1957 بە پێویست زانی تاكو هیچ یەك لە كورد، توركمان و مەسیحی لێی زیانبار نەبن.
لە بەیاننامەیەكدا كە نووسینگەكەی ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوی كردووەتەوە، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی عێراق، عارف تەیفوور، هەندێكی عەرەبەكانی كەركووك دەداتە بەر ڕەخنە بەو هۆیەوەی كە بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەیانەوێت سەرژمێریی دانیشتوانی ئەو پارێزگایە كە لە ساڵی 1977 یان بەر لە ڕووخانی ڕژێمی پێشوودا كراوە بە بنەما بگیرێت.
تەیفوور لەبارەی ئەو داوایەی ئەو عەرەبانەی ئەو پارێزگایەوە دەڵێت "ئەوان دەیانەوێت سوود لە سیاسەتی عەرەباندن و ئەوەی بەسەر دیمۆگرافیای ناوچەكەدا هێنراوە وەربگرن."
ئەو نیگەرانیی خۆی لە وەها پێداگیرییەكی ئەو عەرەبانە دەردەبڕێت و گوتی، دەیانەوێت پڕۆسەكە بشێوێنن و فێڵی تێدا بكەن كە مەبەستیان بەدەستهێنانی دەستكەوتی سیاسیی و توێژێكە لە بری ئەوەی بیر لە بەرژەوەندیی باڵا بكەنەوە.
تەیفوور لە بەیاننامەكەیدا هەروەها پێداگریی كرد لەوەی هەریەك لە پێكهاتەكانی ئەو پارێزگایە لە بەدەستهێنانی كورسیدا، دادپەروەرانە بە مافی خۆیان بگەن؛ ڕوونیشی كردووەتەوە كە دانیشتوانە ڕەسەنەكەی كەركووك لە ڕابردوودا بوونەتە قوربانیی سیاسەتی عەرەباندن و بەزۆرڕاگوازتن كە ڕژێمی لەناوچووی پێشوو پێڕۆی دەكرد و بە هۆیەوە زۆر ئازاریان چەشتووە.




