٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

هۆكاری لابردنی پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی ئاشكرا بوو

سەرچاوە: Hewler

سەرچاوەیەك لە لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند كە لادانی پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق(سینان ئەلشەبیبی) ، پەرچەكردار بووە و بەو هۆیەوە بووە كە 63 ملیار دۆلاری وەك قەرز نەداوە بە حكوومەتەكەی (نووری مالیكی).

ئەو سەرچاوەیەی كە بۆ "ئەلمەدا" لێدوانی داوە و ڕەتی كردووەتەوە ناوی ببرێت، ڕوونی كردووەتەوە "ئەو پارەیەی كە حكوومەت ویستویەتی لە بانكی ناوەندی وەری بگرێت، مەبەستی بووە بۆ ئێران و سووریای ڕەوانە بكات؛ حكوومەت مەبەستی بووە كێشەی ئابووریی ئێران چارە بكات و هاوكاریی حكوومەتی سووریای پێ بكات تاكو كۆتایی بە شۆڕش دژی ڕژێمی ئەسەد بهێنێت."

ئەو زیاتر دەڵێت "شەبیبی پێشتر داوای لە حكوومەت كردووە هەریەك لە، بەڕێوەبەری بازنەی یاسایی، بەڕێوەبەری بازنەی ئابووری، بەڕێوەبەری بازنەی شوشتنەوەی دراو و بەڕێوەبەری باونەی بانكەكان لە كار لابدرێن، بەڵام نووری مالیكی ئەو داوایەی ڕەت كردووەتەوە چونكە ئەو فەرنانبەرانە لێیەوە نزیك بوون."

ئەندامی لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی مواتن، (عەزیز ئەلعگێلی)ـیش بۆ هه‌مان سه‌رچاوه‌ جەختی كردووەتەوە "لیژنەی نەزاهە داوای كرد كە بەر لە جەژن بابەتی ئەبیبی بخۆێتە بەر باس، بەڵام بە ئەنقەست بۆ دوای پشوو دواخرا."

ئەلعگێلی ڕوونی كردەوە كە ماددەی 102 تا 108ـی بەندی چواری دەستوور كاری دەستەكان و چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵیاندا ڕێك خستووە، بەڵام ئەوەی كە حكوومە ت دەیكات بەستنەوەی ئەو دەستانەیە بە خۆیەوە و ئەمەیش لەگەداركردنی دیموكراتییەتە.

ئەو دەڵێت "دەمێكە حكوومەت پلانی پێكەوە گرێدانی دەستە سەربەخۆكانی بە خۆیەوە داڕشتووە، ئەمەیش لەو كاتەوە دەركەوت كە دادوەر ڕەحیم ئەلعگێلی لە پۆستی سەرۆكی دەستەی نەزاهە لادا و تۆمەتیان بۆ هەڵبەست و كەسێكی دیكەیان لە جێگەكەی دانا؛ دواتر 124 تۆمەتیان بۆ سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان هۆنییەوە و لە كارەكەی دووریان خستەوە، هەر ئەوەیشە ئێستا بەرانبەر بە سینان شەبیبیی پارێزگاری بانكی ناوەندی دەكرێت و مەبەست لێی دەستبەسەرداگرتنیەتی لە لایەن حكوومەتەوە."

هەواڵی پەیوەندیدار