وه‌زاره‌تی كار داوا له‌دایه‌نگه ئه‌هلیه‌كان ده‌كات به‌بێ بوونی مۆڵه‌تی ره‌سمی منداڵ وه‌رنه‌گرن

وه‌زاره‌تی كار‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی داوا له‌سه‌رجه‌م دایه‌نگه ئه‌هلی و تایبه‌ته‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات به‌بێ بوونی مۆڵه‌تی ره‌سمی منداڵ وه‌رنه‌گرن. هه‌روه‌ك داوا له‌خێزانه‌كانیش ده‌كات خۆیان به‌دوور بگرن له‌به‌خێوكردنی منداڵه‌كانیان له‌و دایه‌نگانه‌ی مۆڵه‌تیان نیه.
له‌راگه‌یه‌نراوێكدا وه‌زاره‌تی كار‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌نێت پێویسته ئه‌و دایه‌نگه ئه‌هلی و تایبه‌تانه‌ی له‌شارو شارۆچكه‌كاندا بوونیان هه‌یه بۆ به‌خێوكردنی منداڵ، مۆڵه‌تی ره‌سمی له‌وه‌زاره‌تی كار‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ربگرن و رێكاره یاساییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌دایه‌نگه ئه‌هلیه‌كان جێبه‌جێبكه‌ن.
وه‌زاره‌ت راشیده‌گه‌یه‌نێـت بوونی چه‌ندین دایه‌نگه‌ی ئه‌هلی و تایبه‌ت له‌شارو شارۆچكه‌كاندا به‌بێ بوونی مۆڵه‌تی ره‌سمی وه‌زاره‌تی كار‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌رپرسیاره‌تێكی گه‌وره ده‌خاته ئه‌ستۆی خاوه‌نی ئه‌م دایه‌نگانه له‌كاتێكدا هێشتا مۆڵه‌تی ره‌سمیان نیه.
هه‌روه‌ك پێویستیشه خێزانه‌كان منداڵه‌كانیان نه‌نێرن بۆ ئه‌و دایه‌نگانه‌ی له‌شارو شارۆچكه‌كاندا تائێستا مۆڵه‌تیان نیه و ره‌زامه‌ندی كردنه‌وه‌ی دایه‌نگه‌یان پێنه‌دراوه. هه‌ر دایه‌نگه‌یه‌ك پابه‌ند نه‌بێـت به‌مه‌رج و رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌ت و پاراستنی گیانی منداڵان به‌گوێره‌ی یاسا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێـت و رووبه‌روی داخستن ده‌بێته‌وه.
جێگای وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه له‌چه‌ند رۆژی رابردوو (ئاسۆس نه‌جیب) وه‌زیری كار‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی له میانی به‌سه‌ر كردنه‌وه‌یه‌كی مه‌یدانیدا به‌یاوه‌ری لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌ند له‌وه‌زاره‌ته‌كه‌ی به‌هۆی نه‌بوونی مۆڵه‌تی ره‌سمی 2 دایه‌نگه‌ی ئه‌هلی له‌شاری هه‌ولێر ده‌ستبه‌جێ داخست.
تائێستا 160 دایه‌نگه‌ی ئه‌هلی له‌هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی كار‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی مۆڵه‌تیان پێدراوه




