٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سه‌رۆكی هه‌رێم پێشوازی له‌ نێرده‌ی تایبه‌تی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عیراق ده‌كات

سەرچاوە: KDP.info

ئه‌مرۆ شه‌ممه‌ 20/10/2012 به‌رێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ڵاحه‌دین پێشوازیكرد له‌ به‌رێز مارتن كۆپله‌ر نێرده‌ی تایبه‌تی سكرتێری گشتی (un) بۆ عیراق و سۆكۆل كۆندی به‌رپرسی نووسینگه‌ی یونامی له‌ هه‌رێم.

له‌ دیدارێكدا ، ره‌وشی ئێستای عیراق به‌ گشتی و ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان به‌ تایبه‌تی خرایه‌ به‌ر باس . به‌رێز مارتن كۆپله‌ر به‌رده‌وامی هه‌وڵه‌كانی ( un ) له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌رێم و به‌غدای خسته‌ڕوو و به‌ تێروته‌سه‌لیش ئاماژه‌ی به‌ پرسی كه‌ركووك كرد و هیوای خواست كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی پارێزگاكانی عیراقدا پارێزگای كه‌ركووكیش هه‌ڵبژاردنێكی سه‌ركه‌وتووی تیا ئه‌نجام بدرێ.

سه‌رۆك بارزانی جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ گشت كێشه‌كانی عیراق ده‌كرێ‌ به‌ گفتۆگو و رێگه‌ چاره‌ی ئاشتیانه‌ بێنه‌ چاره‌سه‌ركردن و ده‌ستوو و رێككه‌وتنه‌كانیش بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كین بۆ چاره‌سه‌ركردنیان .

سه‌باره‌ت به‌ پرسی كه‌ركووكیشه‌وه‌ سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ ده‌ستوور رێگه‌ چاره‌ی پێویستی بۆ داناوه‌ ، به‌ڵام ئه‌وه‌ چه‌ند ساڵه‌ هه‌ست به‌ خۆدزینه‌وه‌یه‌ك ده‌كرێ‌ له‌ جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140ی ده‌ستووره‌كه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌هه‌موو ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان .

به‌رێز مارتن كۆپله‌ر سوپاسی هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ ئه‌و هه‌ماهه‌نگی و ئاسانكاریانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ ئاژانسه‌كانی سه‌ر به‌ (un) نواندویه‌تی و هیوای خواست ئه‌م هه‌ماهه‌نگیه‌ به‌رده‌وامی هه‌بێت و زیاتریش په‌ره‌بستێنێت و ستایشی ره‌وشی سه‌قامگیری هه‌رێم و پرۆسه‌ی ئاوه‌دانیه‌كه‌ی كرد و رایگه‌یاند كه‌ هه‌ر جاری سه‌ردانی هه‌رێم ده‌كات هه‌ست به‌ جیاوازییه‌كی دیكه‌ ده‌كات و ستایشی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشی كرد بۆ ئه‌و بایه‌خه‌ی كه‌ به‌ په‌ناهه‌نده‌كانی سوریا له‌ هه‌رێم ده‌دات و سه‌رۆك بارزانی_ش ئاماده‌یی هه‌رێمی نیشان دا بۆ هه‌ر هاوكارییه‌ك كه‌ پێویست بێت.

هەواڵی پەیوەندیدار