موقتەدا سەدر: كڕینی چەك لە رووسیا و چیك، بەفیڕۆدانی پارەی گشتییە و رازی نین بەو رێككەوتنە
لە بەیاننامەیەكی تایبەتدا موقتەدا سەدر، سەركردەی رەوتی سەدر، رایدەگەیەنێت: كڕینی چەك لە رووسیا و چیك، بەفیڕۆدانی ماڵی گشتییەو نە گەلی عیراق و نە نوێنەرەكانیشی لە پەرلەمان رازی نین بەو رێككەوتنە، ئەمە جگە لەوەی بە رێككەوتنێكی لایەنە وەسفیدەكات و دەڵێت" ئەو رێككەوتنە، رێككەوتنێكی نیشتمانی، نییە".
موقتەدا سەدر، لە سەرەتای بەیاننامەكەیدا دەڵێت:"ئەوەی دەیبینین، ئەوەیە كە وڵاتەكەمان بریندارە و بە قەیرانێكی سیاسی و ئەمنیدا تێدەپەڕێت، كە نابێت بێدەنگ بین لەسەری، بۆیە چەند بابەتێك هەیە پێویستە چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزینەوە، ئەگەرنا كێشەكان زیاتر دەبن".
لە درێژەی بەیاننامەكەیدا، چەند خاڵێك دەخاتەڕوو، لەخاڵی یەكەمدا، دەڵێت:"رێككەوتنی كڕینی چەك لە رووسیا و چیك، رێككەوتنێكە بۆ لایەنێك، نەك رێككەوتنێكی نیشتمانی، كە نە گەلی عیراق و نە نوێنەرەكانیشیان لە پەرلەمان پێی رازی نین، بۆیە لەسەر پەرلەمان پێویستە لێكۆڵینەوە لەو رێككەوتنانە بكات".
لە خاڵی دووەمدا، ئاماژە بەوەدەدات، كە ئابووری وڵات لە بەردەم هەڕەشەدایەو گەیشتووەتە لێواری داڕمان، بەتایبەت دوای دەستێوەردانی سەرۆكایەتی وەزیران لە كاروباری بانكی ناوەندی بەبێ ئەوەی لەسەر حەق بێت، بۆیە دەڵێت:"لەسەر هەموو شەریفەكانە بەتایبەت ئەوانەی لە ژێر قوببەی پەرلەمان_دان، كار بكەن بۆ رزگاركردنی ئابووری عیراق".
لە خاڵی سێیەمدا، موقتەدا سەدر، دەنووسێت:"لەلایەن هاوپەیمانی نیشتمانییەوە بەڵێنی چاكسازی بە لایەنە سیاسییەكان دراوە، لە كوێیە ئەو چاكسازییانە؟ بۆیە رووی قسەكردنم دەكەمە برایانم لە هاوپەیمانی نیشتمانی بۆ كاركردنی جدیی، بەتایبەت دوای ئەوەی نووسراوێكم نووسی دەكرێت بكرێتە كارنامەی چاكسازی، هەرچەند ئاساییە بخرێتە ژێر دەستی ئەوان بۆ جێبەجێكردنی، یان كاركردن لەسەر چەند خاڵێكی، بەڵكو خوا هیدایەتییان بدات".




