٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

توركیا و ئێران داوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە سووریادا دەكەن

سەرچاوە: Hewler

نوێنەری هاوبەشی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمكاری عەرەبی بۆ قەیرانی سووریا ئەخزەر ئیبراهیمی لە دیمەشقە بۆ مەبەستی كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەدا، لەوانەیش سەرۆكی سووریا بەشار ئەسەد.

ئیبراهیمی لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەردانی هەندێك لە وڵاتانی ناوچەكە لەوانەیش میسر، سعوودیە، ئێران، توركیا، عێراق و لوبنانی كردووە و لە میانەی كۆبوونەوەیشیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتانە داوای كردووە لە ماوەی ڕۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆزدا ئاگربەست لە سووریادا ڕابگەیەنرێت .

بەرپرسانی ژمارەیەك لەم وڵاتانە پشتگیرییان لەم پێشنیازەی ئیبراهیمی كردووە بە تایبەتی توركیا و ئێران كە 2 وڵاتی بەهێزی ناوچەكەن و ڕۆڵی گرنگیش لە سووریادا دەگێڕن، چونكە توركیا پشتگیری لە ئۆپۆزسیۆن دەكات و ئێرانیش پشتگیری لە حكوومەت دەكات.

لە بەرانبەر ئەم لێدوانانەیشدا، یەكێك لە بەرپرسانی سوپای سووریای ئازاد بە ناوی محەممەد غەلیون گوتی كە هەر كاتێك حكوومەتی سووریا ئامادەیی بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست پێشان دا، ئەوا ئەوانیش ئامادەن هەمان هەنگاو هەڵگرن.

بەڵام بەرپرسانی حكوومەتی سووریا دەڵێن كە سەربازانی جیابووەوە یەك سەركردەیان نییە و هەر بۆیەیش ئەستەمە پابەندی ئاگربەست بن.

ئەم لێدوانانەیش ئەوە دەردەخەن كە ئەستەمە ئەم هەوڵەی ئیبراهیمیـیش بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ و توندوتیژی لە سووریا سەركەوتن بە دەست بهێنێت، تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەی چەند ڕۆژێكیش بێت.

ئەم لێدوانانە لە كاتێكدا دێن شەڕ و پێكدادان لە نێوان سەربازانی جیابووەوە و سەربازانی سوپای سووریا لە زۆربەی شار و شارۆچكەكانی ئەو وڵاتەدا بەردەوامە.

چالاكوانان دەڵێن بۆردوومانكردنی ئەو شار و شارۆچكە و گوندانەی كە كەوتوونەتە ژێر كۆنتڕۆڵی سەربازانی جیابووەوە لە لایەن فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای سووریاوە، بەردەوامە و هەر بۆیەیش ڕۆژانە دەیان كەس دەبنە قوربانی.

لە ماوەی 18 مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 33 هەزار كەس بە هۆی شەڕ و توندوتیژییەوە لە سووریا كوژراون و هەر بۆیەیش پێناچێت هەر هەوڵێك بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەو وڵاتەدا سەركەوتن بەدەست بهێنێت.

هەواڵی پەیوەندیدار