سه‌رۆک وه‌زیران پێشوازى له شاندێکى میرنشینى شاریقه کرد

ئێواره‌ى 17ى ئۆکتۆبه‌رى 2012، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، پێشوازى له شاندێکى ئابوورى و بازرگانیى میرنشینى شاریقه به سه‌رۆکایه‌تیى شێخ سوڵتان بن ئه‌حمه‌د ئه‌لقاسمیى سه‌رۆکى دامه‌زراوه‌ى ڕاگه‌یاندنى شاریقه و جێگرى ئه‌نجومه‌نى نه‌وت و ئه‌ندامیه‌تیى کونسوڵى گشتیى ئیمارات له هه‌رێمى کوردستان و سه‌رۆک و ژماره‌یه‌ک له ئه‌ندامانى ژوورى بازرگانیى شاریقه کرد.
له دیدارێکدا که سینان چه‌له‌بی وه‌زیری بازرگانی و فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حکومه‌ت ئاماده‌بوون ، باس له پته‌وکردنى په‌یوه‌ندیه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و میرنشینى شاریقه کرا. شێخ سوڵتان ئه‌لقاسمى خۆشحاڵیى خۆى بۆ ئه‌و سه‌ردانه ده‌ربڕى و ده‌ستخۆشى له سه‌رکردایه‌تیى هه‌رێمى کوردستان کرد بۆ ئه‌و په‌ره‌سه‌ندن و پێشکه‌وتنانه‌ى له هه‌رێمى کوردستان هاتوونه‌ته ئاراوه و جه‌ختیان له‌سه‌ر بایه‌خى په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان کرده‌وه.
شاندى میوان باسیان له ده‌سبه‌کاربوونى هێڵى ئاسمانیى (ئه‌لعه‌ره‌بیه) له هه‌رێم و به‌شداریکردنیان له پیشانگاى هه‌ولێرى نێوده‌وڵه‌تى کرد وه‌ک هه‌نگاوێکى به‌رایى بۆ په‌یوه‌ندیه‌کى درێژخایه‌ن له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان. هاوکات ستایشى پێشکه‌وتن و بارى ئارام و سه‌قامگیرى هه‌رێم و ده‌رفه‌ته‌کانى کار و وه‌به‌رهێنان کرد و هیوایان خواست بتوانن له پێناو سوود و به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌ردوولا، له بواره جیاجیاکاندا به‌شداریى کارا بکه‌ن.
شاندى میوان باسیان له واژووکردنى یاداشتێکى لێکتێگه‌یشتن کرد که له نێوان هه‌ردوو ژوورى بازرگانیى میرنشینى شاریقه و هه‌رێمى کوردستان ئیمزا کراوه، وه‌ک چوارچێوه‌یه‌ک بۆ په‌یوه‌ندیى بازرگانى و ئابوورى و په‌روه‌رده و کردنه‌وه‌ى سه‌نته‌رى بازرگانیى هه‌ردوولا له هه‌ولێر و شاریقه.
لاى خۆیه‌وه نێچیرڤان بارزانى خۆشحاڵیى خۆى بۆ سه‌ردانى شاندى میوان ده‌ربڕى و هیواى خواست ئه‌م هه‌نگاوه ده‌سپێکى په‌یوه‌ندییه‌کى درێژخایه‌ن بێت له‌گه‌ڵ میرنشینى شاریقه. هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند که ده‌رگاى هه‌رێمى کوردستان بۆ کۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌رانى شاریقه کراوه‌یه و ده‌توانن سوود له هه‌رێمى کوردستان وه‌رگرن بۆ ته‌واوى بازاڕه‌کانى عیراق.
سه‌رۆکى حکوومه‌تى هه‌رێم سوپاسى بایه‌خى میرنشینى شاریقه‌ى کرد و ئاماژه‌ى به‌وه دا که ویست و خواستى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه سوود له ئه‌زموون و پێشکه‌وتنى هه‌موو لایه‌ک وه‌ربگرێت بۆ پێشخستنى هه‌رێمى کوردستان. هاوکات ئاماده‌یى حکوومه‌تى هه‌رێمى خسته ڕوو بۆ کارکردن له نزیکه‌وه له‌گه‌ڵ کونسوڵگه‌ریى ئیمارات له هه‌رێم بۆ به‌ره‌وپێشبردنى زیاترى په‌یوه‌ندیه‌کان له بواره جیاجیاکاندا.




