فوئاد حوسێن:سه‌رۆك بارزانی گه‌یشتووه‌ته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی چیتر كار له‌گه‌ڵ مالیكی ناكرێ
فوئاد حوسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌و هه‌ڤپه‌یڤینه‌دا له‌گه‌ڵ (رووداو) كه له ژماره‌ی رۆژی دووشه‌ممه 14/5/2012 بڵاو كراوه‌ته‌وه، رایده‌گه‌یێنێ: سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتووه‌ته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی چیتر ناتوانرێ كار له‌گه‌ڵ مالیكی بكرێت، ئه‌وه‌شی به هه‌موولایه‌ك راگه‌یاندووه، به ئێرانیشه‌وه. هه‌روه‌ها ده‌ڵێ ئه‌مریكاش لایه‌نگری هه‌نگاوی دیموكراسیانه‌یه و دژی هه‌نگاوی ناده‌ستووری ده‌وه‌ستێته‌وه له‌عێراقدا. هه‌روه‌ها ده‌ڵێ مالیكی به‌كرده‌وه كاركردن به‌ده‌ستووری عێراقی راگرتووه، ته‌نگژه‌ی ئێستای عێراقیش له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه.
رووداو: له دوای 2003 هیچ جارێك وه‌ك ئه‌مجاره كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا گرژ نه‌بوونه، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ نوری مالیكی، كورد به‌دیلی مالیكی هه‌یه؟
فوئاد حوسێن: به‌دیل دانان پێویستی به سیسته‌مێكی دیموكراسی و شه‌راكه‌ته، نه‌ك شه‌خس. بۆیه ئه‌گه‌ر بڵێی به‌دیلی مالیكی هه‌ر مالیكییه، مانای ئه‌وه‌یه هیچ كه‌سی دیكه نییه له‌و وڵاته جگه له مالیكی. ئه‌گه‌ر سیسته‌مێكی موئه‌سه‌ساتی هه‌بێ له‌و وڵاته‌دا،به‌دیلی هه‌موو كه‌س ده‌بێ. به‌ڵام ئه‌گه‌ر سیسته‌مێكی دیكتاتۆری هه‌بێ ئه‌وا به‌دیلی دیكتاتۆر هه‌ر دیكتاتۆره. كورد خۆی هیچ به‌دیلێكی نییه بۆ مالیكی، ئه‌وه ده‌بێ له په‌رله‌مان بڕیاری له‌سه‌ر بدرێ، كورد به ته‌نیا بڕیار نادات بۆ گۆڕینی سه‌رۆك وه‌زیران.
رووداو: ئێستا گۆڕینی مالیكی بووه‌ته داوای سه‌ركردایه‌تی كورد؟
فوئاد حوسێن: له كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ولێردا، مۆڵه‌تی 15 رۆژ درایه مالیكی، كه ده‌بێ دوای 15 رۆژ وه‌ڵامبداته‌وه. نامه‌كه له‌لایه‌ن نوێنه‌ری سه‌ید موقته‌دا سه‌دره‌وه درایه مالیكی . ئاشكراشه به‌وشێوه‌یه مالیكی یان ده‌بێ سیاسه‌تی خۆی بگۆڕی یان خۆی ده‌گۆڕدرێ. په‌یامه‌كه ئه‌وه‌یه: ئه‌گه‌ر توانیت سیاسه‌تت بگۆڕی فه‌رموو، ئه‌گه‌رنا ده‌گۆڕێی. هه‌ردوو هه‌نگاویش له‌چوارچێوه‌ی یاری دیموكراتیدا ده‌هاوێژرێن. به‌ڵام كاردانه‌وه‌ی مالیكی، بۆ ئه‌و نامه‌یه‌ی بۆی چوو زۆر تووندبوو، دیاره قبوڵی ناكات، كه قبووڵی نه‌كات، مانای وایه ئه‌و شتانه‌ی له‌و نامه‌یه‌دا نووسراون پێویسته جێبه‌جێبكرێن له‌لایه‌ن ئه‌و پێنج لایه‌ن و سه‌ركرده‌یه‌وه.
رووداو: 15 رۆژه‌كه پێشنیازی ئێران بوو یان موقته‌دا سه‌در؟
فوئاد حوسێن: ناكرێ هه‌روا بیربكرێته‌وه كه هه‌موو بڕیارێك له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌وه دێ، ئه‌مه باش نییه، پێنج سه‌ركرده‌ی عێراقی له‌و كۆبوونه‌وه‌یه دانیشتبوون و گفتوگۆیه‌كی دوور و درێژ كرا، ئه‌و ته‌رحه، ته‌رحێكی نیشتمانی بوو، سنعه‌تێكی محه‌لی بوو.
رووداو: دوای 17ی مانگ كه مۆڵه‌ته‌كه كۆتایی دێت هه‌نگاوی دووه‌م چیده‌بێ، مالیكی ده‌گۆڕن؟
فوئاد حوسێن: خۆ ئه‌گه‌ر وه‌ڵامی نه‌بوو، یه‌كێك له خاڵه‌كان ئه‌وه‌یه، وه‌ڵامه‌كه‌ش له‌لای په‌رله‌مانی عێراقه. نازانم هه‌نگاوی داهاتوو چ ده‌بێت، به‌ڵام پێویسته ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ی هه‌ولێر موتابعه‌ی هه‌بێ و كۆبوونه‌وه‌ی دیكه بكرێ، كه بڕیاربدرێ هه‌نگاوی داهاتوو چی ده‌بێ. پێنج سه‌ركرده‌كه داوایان له مالیكی كرد ئیلتیزام به ده‌ستوور و ئه‌و رێككه‌وتنامه‌یه بكات كه حكومه‌تی له‌سه‌ر پێكهێنراوه‌و رێككه‌وتنی نێوان حیزبه‌كان ، كه ئیلتیزام نه‌كات ، رێگاكه ته‌نیا گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ په‌رله‌مان. به‌ڵام پێویسته ئه‌و سه‌ركردانه‌ی ئه‌و نامه‌یان نووسیوه، جارێكی دیكه پێكه‌وه دابنیشن له‌سه‌ر وه‌ڵامنه‌دانه‌وه‌ی مالیكی، كه هه‌نگاوی داهاتوویان چی بێت.
رووداو: كه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی دووه‌می پێنج قۆڵی ده‌كرێ و ئایا هه‌ر له هه‌ولێر ده‌بێ؟
فوئاد حوسێن: نازانم كه‌ی ده‌كرێ و ئاخۆ هه‌ر به پێنج قۆڵی ده‌مێنێته‌وه یان ده‌بێته شه‌ش قۆڵی و حه‌وت قۆڵی و پێویسته فراوانتر بكرێت. به هه‌رحاڵ پێویسته كۆبوونه‌وه‌كه بكرێ، چونكه ئه‌گه‌ر كۆبوونه‌وه‌كه نه‌كرێ و وه‌ڵامی مالیكیش نه‌بێ، نابێ، ده‌بێ ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌ربكرێ. له‌م رۆژانه‌دا په‌یوه‌ندی زۆر هه‌یه له نێوان سه‌ركرده‌كانی عێراق له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته و بیروڕا ده‌گۆڕنه‌وه، كه ئه‌گه‌ر مالیكی وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه چیبكه‌ین؟ ئه‌گه‌ر كۆببینه‌وه، له كوێ و كه‌ی كۆببینه‌وه و به‌رنامه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه چی بێت. ئه‌وه به‌شێكه له‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی كه ئێستا له‌نێوان سه‌ركرده سیاسییه‌كانی عێراقدا ده‌كرێت. له نێو سه‌ركرده‌كانی كوردیش له‌وباره‌وه په‌یوه‌ندی كراوه، سه‌ركرده ولایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ناوه‌رۆكی كۆبوونه‌وه پێنج قۆڵیه‌كه‌یان پێدراوه و لێی ئاگادارن.
رووداو: بۆ كۆبوونه‌وه‌ی داهاتوو له‌سه‌ر چ كۆده‌بنه‌وه؟
فوئاد حوسێن: ئه‌گه‌ر كۆببنه‌وه، پرسیاری یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه مالیكی پابه‌ند نه‌بوو به‌و نامه‌یه‌ی كه بۆی نێردرابوو، پلانی B چییه و پلانه‌كه‌ش هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا ده‌بێ، كه ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه بۆ په‌رله‌مان و په‌رله‌مان بڕیاربدات. به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێینه‌وه بۆ په‌رله‌مان پێویسته سه‌ركرده‌كان سیاسه‌تێكی رۆشنیان هه‌بێ، كه پێویست چییه و ئه‌گه‌ر متمانه له مالیكی وه‌ربگیرێته‌وه، چۆن و كه‌ی بێت، ئه‌گه‌ر نه‌كرا چی بكه‌ین، ئه‌مه پرسیاره بۆ كۆبوونه‌وه‌ی داهاتوو.
رووداو: مانه‌وه‌ی مالیكی شكستی هه‌وڵه‌كانی كورد نییه؟
فوئاد حوسێن: جارێ زووه بڵێن مالیكی ده‌مێنێته‌وه، چونكه ره‌نگه نه‌مێنێته‌وه، به‌ڵام بۆچی شكستی هه‌وڵه‌كانی كورده، كورد توانی داوای خۆی بخاته سه‌ر كاغه‌ز، كورد توانی به‌ره‌یه‌كی فراوان دروستبكات، ئه‌وه‌ی راستیبێ ئێستا مالیكی گۆشه‌گیر و ته‌نیایه، نه‌ك كورد سه‌ركرده ئه‌ساسییه‌كانی عێراق له‌وبه‌ره‌یه‌دان، یان ده‌بێ مالیكی خۆی بگۆڕێ، یاخود ده‌یگۆڕن.
رووداو: دوای ناردنی نامه‌كه بۆی ، مالیكی هاته كه‌ركووك، وه‌زیره‌كانی كورد نه‌چوونه كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له كه‌ركووك، به‌ڵام پارێزگاری كه‌ركووك پێشوازی لێ‌كرد، ئێوه ئاگاداری ئه‌وه‌بوون؟
فوئاد حوسێن: پارێزگار و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك له كه‌ركووكه، مالیكیش هاتبوو بۆ كه‌ركووك، مه‌عقوڵ نه‌بوو له‌گه‌ڵی دانه‌نیشن. له‌لایه‌ن سه‌رۆك كۆمار داوای لێكراوه بمێنێته‌وه‌و ره‌زامه‌ندی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانیشی له‌سه‌ربووه، له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه پێیگۆتراوه بمێنێته‌وه، ئه‌و سه‌ربه‌خۆ هیچ شتێكی نه‌كردووه. ده‌بێ راستییه‌كه بڵێین، راستییه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه. پارێزگاری كه‌ركووك كه‌سێكی مولته‌زیمه به كوردستان و به‌رده‌وام هه‌ڵوێستی هه‌یه. زوڵمی لێده‌كرێ، كه بگوترێ سه‌ربه‌خۆ ئه‌و كاره‌ی كردووه، به‌ڵام قسه‌كانی مالیكی وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران نه‌بوون له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، به‌ڵكو وه‌ك عه‌ره‌بێكی ناسیۆنالیست بوو، به‌و قسانه‌ی زیاتر ویستی كێشه له كه‌ركووك دروست بكات. مالیكی تاوه‌كو ئه‌م ده‌قیقه‌یه سه‌رۆك وه‌زیره و مافی هه‌یه بچێته هه‌موو شارێك. به‌ڵام وه‌زیره‌كانی كورد و جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، هه‌ڵوێستێكی جوانیان هه‌بوو به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی مالیكی، ئه‌مه‌ش نیشانه‌یه‌كی روون بوو بۆ مالیكی كه كورد یه‌كڕیزه، به یه‌كێتی و یه‌كگرتوو و پارتییه‌وه كه له حكومه‌تی عێراقدان. ئه‌گه‌ر سه‌ركردایه‌تی كورد فه‌رمانی بكردبا، پارێزگاریش ئاماده نه‌ده‌بوو.
رووداو: ده‌نگۆی ئه‌وه هه‌یه، هاتنی مالیكی به ره‌زامه‌ندی لایه‌نێكی كوردی بووه، راسته؟
فوئاد حوسێن: نه‌خێر وانییه. هاتنه‌كه‌شی گرنگ نییه، به‌ڵكو قسه‌كانی و كاتی هاتنه‌كه‌ی جێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ركردنن. چونكه كاته‌كه حه‌ساس بوو، هاتنه‌كه‌ی ئیستیفزازی بوو، قسه‌كانیشی ئیستیفزازی بوون. ئامانجیشی ئه‌وه‌بوو: 1 ـ هێزێكی سه‌ربازی نیشانبدات. 2 ـ كێشه‌یه‌ك له‌نێوان عه‌ره‌ب و كورد دروستبكات. 3 ـ ده‌یویست كێشه‌یه‌ك دروستبكات له‌نێوان یه‌كێتی و پارتی. 4 ـ ده‌یویست كێشه‌یه‌ك له‌نێوان عێراقییه و هاوپه‌یمانی كوردستان دروستبكات، به‌ڵام نه‌یتوانی ئه‌و ئامانجانه به‌دیبێنێ. راسته وه‌زیره‌كانی عێراقییه هه‌ندێكیان به‌شداربوون و یه‌كێكیان به‌شدارنه‌بوو، پێش ئه‌وه‌ی بچن بۆ كۆبوونه‌وه‌كه له‌گه‌ڵ ئێمه له‌سه‌ر خه‌تبوون و ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ براده‌رانی ره‌وتی سه‌در له‌سه‌ر خه‌ت بووین، وه‌زیره‌كانی عێراقییه ده‌یانگوت ده‌ترسین ئه‌گه‌ر نه‌چین بۆ كۆبوونه‌وه‌كه، مالیكی ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی له كه‌ركووك لایه‌نگری ئێمه‌ن ئیستغلال بكات و پێیان بڵێ: ئه‌وه من هاتم، به‌ڵام به‌رپرسانی ئێوه نه‌هاتن بۆ كه‌ركووك. مه‌سه‌له‌ی یه‌كێتی و پارتیش، مالیكی پێیوابوو وه‌زیره‌كانی یه‌كێتی ده‌چنه كۆبوونه‌وه‌كه‌و پارتییه‌كان ناچن، به‌ڵام نه وه‌زیری پارتی و نه یه‌كێتی و نه وه‌زیری یه‌كگرتووش به‌شدار نه‌بوو. مالیكی نه‌یتوانی كێشه له‌نێوان عه‌ره‌ب و كورد دروستبكات و له‌وه‌ش شكستی هێنا، چونكه موقته‌دا سه‌در و ئه‌یاد عه‌للاوی و نوجێفی، كه هه‌رسێكیان عه‌ره‌بن له كوردستان بوون. ئێستاش ئه‌و په‌یوه‌ندییه له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌ركردانه‌ی عه‌ره‌ب و عه‌ره‌به‌كانی دیكه‌ش به‌هێزتره، ئێستا هه‌ر مالیكی گۆشه‌گیره. ئه‌مه واقیعه‌كه‌یه. دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش چه‌ند وه‌زیرێكی عێراقییه له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی دانیشتن و ئه‌مه‌ش به روونی واده‌رده‌خات كه به‌شداریان له كۆبوونه‌وه‌ی كه‌ركووك بۆ ئه‌وه نه‌بوو كورد ئیستیفزاز بكه‌ن.
رووداو:مالیكی ده‌ڵێ بڕیاریداوه ده‌بێ هێزی ئاسایش له كه‌ركووك بچێته ده‌ره‌وه، ئێوه ئاگادارن؟
فوئاد حوسێن: من ئه‌و بڕیاره‌م نه‌مبیستووه، هه‌رچه‌نده به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ پارێزگاری كه‌ركووك له‌سه‌ر خه‌تم. به‌ڵام ئه‌مه به‌ده‌ست مالیكی نییه، كورد خه‌ڵكی كه‌ركووكه، چۆن ماڵی خۆمان چۆڵده‌كه‌ین، هه‌روه‌ها عه‌ره‌ب و توركمان و ئه‌وانیدیكه‌ش كه خه‌ڵكی كه‌ركووكن، ماڵی خۆیان چۆڵناكه‌ن.
رووداو: به‌ڵام مالیكی ده‌ڵێ كاركردن به‌ده‌ستووریش راده‌گرم، كه‌واته به‌كه‌یفی خۆی ده‌كات؟
فوئاد حوسێن: ئه‌و قسانه‌ی له‌سه‌ر راگرتنی كاركردن به‌ده‌ستوور و سڕكردنی ده‌ستوور كردوویه‌تی، به‌ڕاستی مه‌ترسیدارن. ئه‌و وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران سوێندی خواردووه پارێزگاری له ده‌ستوور بكات و له‌سه‌ر ئه‌ساسی ئه‌و ده‌ستووره بووه‌ته سه‌رۆك وه‌زیران، رۆژێك ده‌ڵێ ده‌ستوور موقه‌ده‌سه و رۆژێك ده‌ڵێ سڕیده‌كه‌م، رۆژێكیش ده‌ڵێ ده‌ستوور كۆسپه، ئه‌وه به كه‌یفی خۆی نییه، ده‌ستوور بناخه‌ی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌یه. راسته ماوه‌یه‌كه ده‌ستووری سڕكردووه، ئه‌م كێشه و ته‌نگژه‌یه‌ی ئێستاش له‌ئه‌نجامی ئه‌وه‌دایه. ئه‌و كار به ده‌ستوور ناكات و ئێستا ده‌ڵێ ئێوه بڕواتان به ده‌ستوور نییه و من بڕوام پێیه و ئه‌گه‌ر وابڕوا ئه‌وا سڕیده‌كه‌م. به ئاشكرا نیوه‌ی سڕكردووه ، ده‌یه‌وێ نیوه‌كه‌ی دیكه‌ش سڕ بكات. به‌ڵام ئه‌مه له‌و دۆخه‌دا ناكرێ، چونكه به‌سڕكردنی ده‌ستوور په‌رله‌مان نامێنێ، دادگای فیدرالی نامێنێ، كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان نامێنێ و سڕكردنی ده‌ستوور واته كوده‌تای سه‌ربازی و ته‌واو.
رووداو: ئه‌گه‌ر ده‌ستووری سڕكرد یه‌كپارچه‌یی عێراق ده‌مێنێ؟
فوئاد حوسێن: مالیكی به‌كرده‌وه ده‌ستووری سڕكردووه، به‌ڵام به‌قسه نا. ئێستا ده‌یه‌وێ به قسه‌ش سڕی بكات. سڕكردن چۆنه، ده‌ڵێ په‌رله‌مان كێشه‌یه و هیچ ناكات، ده‌ڵێ حكومه‌ت خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش ناكات له‌كاتێكدا خۆی سه‌رۆك وه‌زیره. ئه‌وه هه‌شت ساڵه كاره‌با له عێراق نییه و 27 ملیار دۆلار خه‌رجكراوه بۆ كاره‌با، ئه‌وه‌تا له به‌غدا له پێنج كاژێر زیاتر كاره‌با نییه له به‌سرا هیچ، هه‌ر كه‌سێك له شوێنی مالیكی بووایه ده‌ستی له‌كار ده‌كێشایه‌وه.
رووداو: بۆچی ئه‌نجوومه‌نی باڵا به‌سه‌رۆكایه‌تی عه‌ممار حه‌كیم، ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی، حیزبی فه‌زیله له‌نێو شیعه‌كاندا بێده‌نگن؟
فوئاد حوسێن: چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر ئیئتیلافی شیعی نه‌ك هاوپه‌یمانی نیشتیمانی، كه ئیئتیلافێك بوون به‌بێ لیستی ده‌وڵه‌تی قانون، پێش چه‌ند رۆژێك كۆبوونه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی خۆیان رێكبخه‌ن، واته خه‌تێكی دیكه په‌یدابووه‌و ئه‌و خه‌ته‌ش پێكدێ له فه‌زیله، ره‌وتی سه‌در، ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئیسلامی، ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی، ئه‌مه گرنگه و به‌لایه‌نیكه‌مه‌وه له‌گه‌ڵ مالیكی نین.
رووداو: چه‌ند رۆژ له‌مه‌وبه‌ر، باڵیۆزی ئێران سه‌ردانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی كرد. هیچ گوشارێك له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه هه‌یه بۆسه‌ر كورد، كه بۆچوونی به‌رامبه‌ر مالیكی بگۆڕێ؟
فوئاد حوسێن: من به گوشاری نازانم، دێن بیڕوڕا ته‌رح ده‌كه‌ن، به‌ڵام تۆ وه‌ڵامت چییه، ئه‌وه گرنگه. بێگومان ده‌بێ گوێ له هه‌موو كه‌سێك بگری، ئه‌مه ئه‌ركه وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌ك گوێ بگری. به‌ڵام مه‌سه‌له ئه‌وه‌یه وه‌ڵامی تۆ چییه.
رووداو: وه‌ڵامی كورد چی بوو كه ئێران داوایكرد له‌گه‌ڵ مالیكی به لێكتێگه‌شتن كێشه‌كان چاره‌سه‌ربكه‌ن؟
فوئاد حوسێن: سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌وه ناسراوه ئه‌وه‌ی بۆ خه‌ڵك له راگه‌یاندن دا باسیده‌كات ، له‌كۆبوونه‌وه‌ی ژووره داخراوه‌كانیشدا باسیده‌كات و هه‌مان وه‌ڵامی هه‌یه. ده‌ڵێ من چه‌ند ساڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و پیاوه ئه‌زموونم هه‌یه و بڕوام پێی هه‌بوو قیاده‌ی ئه‌م وڵاته بكات، به‌ڵام گه‌یشتینه ئه‌و ئه‌نجامه كه ئه‌مه وانییه. ئه‌وه‌ش مافێكی ده‌ستووریی خۆیه‌تی وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌ك بڵێ من رام له‌گه‌ڵ ئه‌م پیاوه نییه و ئه‌گه‌ر به‌ده‌ستی من بێ حه‌زده‌كه‌م یه‌كێكی دیكه له شوێنی ئه‌وبێ، ئه‌مه به ئاشكرا ده‌ڵێ و له دانیشتنه‌كانیشدا هه‌روا ده‌ڵێ.
رووداو: سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتووه‌ته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه ته‌واو چیتر كار له‌گه‌ڵ مالیكی ناكرێ و ده‌بێ لابدرێ؟
فوئاد حوسێن: به بۆچوونی من سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتووه‌ته ئه‌و قه‌ناعه‌ته.
رووداو: باڵیۆزی ئێران له‌سلێمانی سه‌ردانی تاڵه‌بانیشی كرد، سه‌ركردایه‌تی كورد یه‌ك هه‌ڵوێستی هه‌یه به‌رامبه‌ر مالیكی؟
فوئاد حوسێن: هه‌ڵوێستی كورد دیاره، مام جه‌لالیش به‌شداربوو له كۆبوونه‌وه‌ی پێنج قۆڵی هه‌ولێر.
رووداو: به‌ڵام ئیمزای مام جه‌لال له‌سه‌ر نامه‌كه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ولێر نییه بۆ مالیكی؟
فوئاد حوسێن: شوێنی كۆبوونه‌وه‌كه مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی بوو، مام جه‌لالیش سه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی كرد، به‌ڵام مام جه‌لال سه‌رۆك كۆماریشه، له‌ڕووی قانونییه‌وه متمانه وه‌رگرتنه‌وه له مالیكی به دوو شێوه ده‌كرێ. یه‌كه‌م: بانگهێشتی په‌رله‌مان ده‌كرێ و په‌رله‌مان بڕیارده‌دات متمانه‌ی لێوه‌ربگرێته‌وه. دووه‌م: سه‌رۆك كۆماری عێراق ده‌توانێ داوا له په‌رله‌مانی عێراق بكات و بڵێ من متمانه له مالیكی وه‌رده‌گرمه‌وه. ئێ باشه ئه‌گه‌ر سه‌رۆك كۆمار ئیمزای له‌سه‌ر كاغه‌زه‌كه بكردبا كه ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ی 15 رۆژدا خاڵه‌كان جێبه‌جێنه‌كه‌ی، هه‌ڵوێستێكی دیكه ده‌بێ، واته هه‌ر له‌ئێستاوه بڕیار ده‌دات كه ده‌بێ متمانه‌ی لێوه‌ربگیرێته‌وه، ئه‌مه‌ش ناكرێ، چونكه ده‌بێ حیساب بۆ مام جه‌لال بكرێ، كه سه‌رۆك كۆماری عێراقه. به‌ڵام مام جه‌لال خۆی به‌شداربووه له كۆبوونه‌كه و ئه‌و نامه‌ی نووسراوه هه‌موویان له‌سه‌ری رازیبوون، كاتێك باسی كۆبوونه‌وه‌كه‌ش ده‌كرێ ده‌گوترێ كۆبوونه‌وه‌ی پێنج قۆڵی واته به مام جه‌لالیشه‌وه. لایه‌نه‌كانیش له كۆبوونه‌وه‌كه له هه‌ڵوێستی مام جه‌لال تێگه‌یشتن.
رووداو: بارزانی به‌ڕوونی ده‌ڵێ مالیكی به‌ره‌و دیكتاتۆری ده‌ڕوات، به‌ڵام تاڵه‌بانی ده‌ڵێ مالیكی دیكتاتۆر نییه، ئه‌م دوو هه‌ڵوێسته درز ناخاته نێو ریزی كورده‌وه به‌تایبه‌ت له به‌غدا؟
فوئاد حوسێن: بیروڕا گۆڕینه‌وه و بۆچوونی جیا، مافی خۆته، به‌ڵام له‌دوای ئه‌وه كه ده‌گه‌یه بڕیار ئه‌وه گرنگه، پرسیار ئه‌وه‌یه سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كه ده‌گاته دیموكراسی و پابه‌ندبوون به‌ده‌ستوور و مافی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه، یه‌ك هه‌ڵوێستیان هه‌یه. بینیمان خه‌ڵك زۆر له‌سه‌ر ئه‌وه یاری ده‌كرد و به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی دوژمنی كوردن، به‌بڕوای من ئه‌مه ئاسان نه‌بوو، تۆ هه‌ڵوێست وه‌ربگری له سه‌رۆك وه‌زیرانێك و باسی ئه‌وه‌ش بكه‌ی ئه‌و سه‌رۆك وه‌زیرانه یا سیاسه‌ته‌كه‌ی بگۆڕێ یان ده‌بێ بگۆڕدرێ، ئه‌مه گفتوگۆی ده‌وێ، به‌ڵام بڕیاره‌كه چییه؟ بڕیاره‌كه یه‌ك هه‌ڵوێستییه.
رووداو: ئێستا باسی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئیبراهیم جه‌عفه‌ری ده‌كرێ بۆ سه‌رۆك وه‌زیرایه‌تی و ده‌ڵێن ئه‌وه پێشنیازی كورده، راسته؟
فوئاد حوسێن: نازانم ئه‌وه پێشنیازی كورده یان نا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌رۆك وه‌زیر بگۆڕدرێ، به یه‌كێكی دیكه، ئه‌وه‌ی دیكه له هاوپه‌یمانی نیشتیمانی بێ، ئینجا ده‌گه‌ڕێی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی قه‌ناعه‌تیان هه‌بێ، له‌كۆتاییدا هاوپه‌یمانی نیشتیمانی خۆی بڕیار ده‌دات كێ بێ. ئه‌گه‌ر به ئیبراهیم جه‌عفه‌ری رازیبن، باوه‌ڕ ناكه‌م كورد دژبێ.
رووداو: له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی نامه‌كه بۆ مالیكی، ئه‌و پێشنیازی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختی كرد، ئێوه رازین؟
فوئاد حوسێن: ئه‌مه یارییه، چونكه مالیكی ده‌یه‌وێ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت بكات و خۆی وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران بمێنێته‌وه تاوه‌كو سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵبژاردنه‌كه بكات، پێش ئه‌وه‌ش هه‌وڵیدا ئه‌ندامانی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن بگۆڕێ و زیندانییان بكات و كێشه‌یان بۆ دروست بكات، هه‌موو شتێك ته‌رتیب بكات و ئینجا هه‌ڵبژاردن بكرێ، ئه‌وكاتیش گره‌نتی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردنه‌كان سه‌ربكه‌وێ، ئه‌مه ئاسان نییه و باوه‌ڕناكه‌م ئه‌و پێشنیازه قبوڵ بكرێ.سه‌ید موقته‌دا سه‌دریش ره‌تیكرده‌وه. پێویسته هه‌ڵبژاردن هه‌ربكرێ، ئێمه ترسمان له‌وه هه‌یه هه‌ڵبژاردن نه‌مێنێ، به‌ڵام كه هه‌ڵبژاردنی پێوه‌ختیش بكرێ، رێگه‌ی خۆی هه‌یه. ئه‌گه‌ر بشكرێ ده‌بێ په‌رله‌مان بڕیاری له‌سه‌ر بدات، نه‌ك مالیكی.
رووداو: مالیكی ده‌ڵێ من وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌ركی خۆم به‌جێهێناوه بۆ جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140، ئه‌وه‌ی ماوه له‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تی كۆماره كه سنووری پارێزگاكان دیاری بكات. ده‌ڵێن له‌كاتی سه‌ردانی ئێوه‌ش له‌گه‌ڵ شاندی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و یه‌كێتیدا هه‌مان شتی پێگوتبوون ؟
فوئاد حوسێن: جاران باسی ماده‌ی 140ی ده‌كرد و ئێمه‌ش ده‌مانگوت به‌ڵكو جێبه‌جێی بكات، كه‌چی ئێستا دێ ده‌ڵێ نابێ. سه‌رۆك كۆمار ئێستا پڕۆژه‌یه‌كی پێشكه‌شی په‌رله‌مانی عێراق كردووه بۆ دیاریكردنه‌وه‌ی سنووری پارێزگاكان و ئه‌و ناوچانه‌ی ده‌كه‌ونه به‌ر ماده‌ی 140، ئه‌گه‌ر وایه بۆ به لیسته‌كه‌ی خۆی له په‌رله‌مان ناڵێ پشتگیری له‌و پڕۆژه‌یه بكه‌ن. وانییه، ئه‌و ئێستا هه‌وڵده‌دات هه‌رچی شتی خراپه بخاته ئه‌ستۆی كه‌سانی دیكه و هه‌رچی شتی باشه بۆ خۆی حیسابی بكات. ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر من نه‌بوومایه عێراق دابه‌شده‌بوو و ده‌ستوور نه‌ده‌ما، ئه‌گه‌ر ئه‌و حیزبانه نه‌بووان ئێستا عێراق كاره‌بای هه‌بوو و ده‌بووه به‌هه‌شت. ئه‌مه چی ده‌كات؟ ئێ باشه تۆ له‌لایه‌ك هه‌موو ده‌سه‌ڵاتت بردووه و ده‌ڵێ ئه‌مه ده‌ستوورییه، له‌لایه‌كی دیكه هه‌رچی نه‌كراوه و خراب بووه ده‌یخاته سه‌ر خه‌ڵكی دیكه، بۆ 140یش هه‌روا.
رووداو: مالیكی ده‌ڵێ پێكنه‌هێنانی دوو فیرقه‌ی سه‌ربازی له پێشمه‌رگه، به‌هۆی هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستان بووه؟
فوئاد حوسێن: ئه‌وه‌ش راست نییه، له دانیشتنه‌كانمان له به‌غدا ئه‌وه‌ش باسكرا، ئه‌و ئه‌فسه‌ری كوردی له‌نێو سوپای عێراق نه‌هێشتن، ئینجا رێگه ده‌دات دوو فیرقه له پێشمه‌رگه دروستبكرێ.
رووداو: ده‌ڵێ ده‌بێ هه‌رێمی كوردستان له %17ی به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان پاره‌ی پێشمه‌رگه بدات؟
فوئاد حوسێن: ئه‌مه كێشه‌یه، ئه‌گه‌ر سه‌یری یاسای بودجه‌ی عێراق بكه‌ین له 2007ه‌وه له هه‌موو قانونێكی بودجه‌دا هاتووه كه ده‌بێ به‌غدا بودجه‌ی پێشمه‌رگه بدات، ئایا قانونی بودجه له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران گفتوگۆی له‌سه‌ر نه‌كراوه؟ مالیكی رازینه‌بووه له‌سه‌ری؟ نه‌هاتووه‌ته په‌رله‌مان؟ ئه‌گه‌ر وابێ بۆ په‌سه‌ندی كردووه، ئه‌م ئیزدیواجیه‌ته چییه و له هه‌موو دانیشتنه‌كانیش به‌ڵێنیداوه خۆ مه‌جالس به ئه‌ماناته، ناتوانم هه‌موو شت بڵێم، چونكه ئه‌گه‌ر هه‌موو ئاشكرابكه‌م قسه‌كانی به عه‌جائیب ده‌رده‌چن.
رووداو: بۆچی ئه‌وه بۆ خه‌ڵكی كوردستان ئاشكرا ناكه‌ن؟
فوئاد حوسێن: هه‌ر ئه‌مه به‌سه، هه‌ر به‌ڵگه‌ی یاسای بودجه به‌سه بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی. ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر %17ه‌كه‌یه تۆ بۆچی خستووته نێو یاسای بودجه‌ی عێراقه‌وه.
رووداو: كورد بیری له‌وه نه‌كردووه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ عێراقییه‌و سه‌درییه‌كان وه‌زیره‌كانی خۆیان له حكومه‌تی عێراق بكێشنه‌وه؟
فوئاد حوسێن: بۆچی بیانكێشینه‌وه؟ ئه‌مه هه‌ڵه‌یه، نابێ نه حكومه‌ت و نه به‌غدا به‌جێبێڵین. كورد له‌به‌غدا ناكشێته‌وه، ئێمه میوان نین.
رووداو: هه‌ڵوێستی ئه‌مریكا چییه له‌سه‌ر ئه‌م دۆخه‌ی ئێستای عێراق، بۆچی بێده‌نگه؟
فوئاد حوسێن: هه‌ڵوێستی ئه‌مریكا زۆر باشه، له‌كاتی سه‌ردانی سه‌رۆك بارزانی بۆ ئه‌مریكا هه‌ر ده‌یانگوت و ئێستاش زیاتر ده‌ڵێن، كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك دژی ئه‌وه نین هه‌ر شتێك بكرێ له‌چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی دیموكراتیدا. هه‌رچییه‌ك له‌و چوارچێوه‌یه‌دا بكرێ ئه‌وان له‌گه‌ڵیدان، هه‌ر شتێكیش بكرێ كه له چوارچێوه‌ی دیموكراسیدا نه‌بێ ئه‌وان دژی ده‌وه‌ستن. مه‌سه‌له‌ی گۆڕینی مالیكیان هێشتووه‌ته‌وه بۆ عێراقییه‌كان، ده‌یگۆڕن یان نا كه‌یفی خۆیانه.
رووداو: ئه‌مریكییه‌كان گڵۆپی سه‌وزیان بۆ كورد هه‌ڵكردووه بۆ گۆڕینی مالیكی؟
فوئاد حوسێن: ئێمه گڵۆپی سه‌وز له كه‌س وه‌رناگرین، تۆ ئه‌گه‌ر خه‌ریكی وڵاتی خۆتبی و بیر له وڵاتی خۆت بكه‌یه‌وه، چاوه‌ڕێی هه‌ڵكردنی گڵۆپی سه‌وز له كه‌س نابی. ئه‌وه مانای ئه‌وه‌یه تۆ به فه‌رمانی ئه‌م و ئه‌و ده‌جوڵێیه‌وه، ئه‌مه‌ش لای كورد نییه، یه‌كێك له خاڵه به‌هێزه‌كانی كوردستان و سه‌ركرده‌كانی كورد، باوه‌ڕبكه‌ن، باوه‌ڕبكه‌ن ئه‌وه‌یه سه‌ربه‌خۆیه له بڕیارداندا، بیڕورا ده‌گۆڕنه‌وه، گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی دراوسێ، له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا، له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا و له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا ده‌كه‌ن، به‌ڵام دواجار بڕیار بڕیاری خۆیانه.
رووداو: رێككه‌وتن و هاوپه‌یمانی نێوان هه‌ولێر و واشنتن چووه سه‌ر كاغه‌ز، هه‌روه‌ك پێشتر باستان كرد كه ئه‌مریكا داوایكردووه گه‌ڵاڵه‌نامه‌یه‌ك پێشكه‌ش بكه‌ن؟
فوئاد حوسێن: ئێمه كه ئه‌مجاره چووینه ئه‌مریكا وه‌ره‌قه‌یه‌ك پێشكه‌شی كۆشكی سپی كرا، ئه‌وانیش ئاگادارن له داواكانی كورد و شته ئه‌ساسییه‌كان. په‌یامی كۆشكی سپی دوو شتی گرنگ تێدابوون، یه‌ك: پابه‌ندن به عێراقێكی فیدرال، دووه‌م: پابه‌ندن به پاراستن و دۆستایه‌تی كوردستان و گه‌لی كورد. ده‌رباره‌ی كوردستان و گه‌لی كورد ئه‌و خاڵانه كه له‌وه‌ره‌قه‌كه‌دابوو كۆمه‌ڵێك مه‌سه‌له‌ن، له‌وانه‌ش كردنه‌وه‌ی كونسولخانه‌ی ئه‌مریكا، په‌یوه‌ندی بازرگانی، ئیلتیزاماتی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر به كوردستان به‌گشتی، تێڕوانیان بۆ كوردستانی ئاینده، ئه‌مانه هه‌موویان باسكران.
رووداو: رێككه‌وتن كرا له‌سه‌ر ئه‌و وه‌ره‌قه‌یه؟
فوئاد حوسێن: نه‌خێر، رێككه‌وتن له‌نێوان دوو ده‌وڵه‌ت ده‌كرێ، به‌ڵام كه داواكانی خۆمان پێشكه‌شكرد كه ئه‌ویش له چوار لاپه‌ره پێكهاتبوون و ئه‌وانیش دیراسه‌تیانكرد و كۆمه‌ڵێك له داواكانی كورد كه له‌و وه‌ره‌قه‌یه‌دا هاتبوون ده‌ستیانكرد به جێبه‌جێكردنیان وه‌ك كردنه‌وه‌ی كۆنسوڵخانه‌ی ئه‌مریكا له هه‌ولێر، مه‌سه‌له‌ی بازرگانی و فه‌رهه‌نگی و په‌روه‌رده‌یی. ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا هه‌یه په‌یوه‌ندییه‌كی فراوانه و ئه‌وانیش سه‌یری كوردستان ده‌كه‌ن و مامه‌ڵه‌ی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام وه‌كو سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تێك پێشوازی لێده‌كرێ، جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا سێ كاژێر كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هه‌بوو، خاڵ نه‌ما گفتوگۆی له‌سه‌ر نه‌كرێ. جێگه‌ی داخه هه‌ندێ له سیاسییه كورده‌كانیش ده‌ڵێن، كه هیچیان نه‌كرد.
رووداو: له ئه‌مریكا بارزانی پێشنیازی پشتیوانیكردنی ده‌وڵه‌تی كوردی دایه ئه‌مریكا؟
فوئاد حوسێن: نه‌خێر باس له ده‌وڵه‌تی كوردی نه‌كرا، هه‌رچه‌نده مالیكی باسی ئه‌وه‌یكرد كه له‌و سه‌ردانه سه‌رنه‌كه‌وتن بۆ به‌ده‌ستهێنانی پاڵپشتی ئه‌مریكا بۆ ده‌وڵه‌تی كوردی. جا مالیكی هه‌وڵێكی عه‌جایبی دابوو، ئه‌وه‌ی ده‌نگی پێگه‌یشتبوو له ئه‌مریكا هه‌وڵی له‌گه‌ڵدابوو بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی بارزانی بۆ ئه‌مریكا هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه. یان دوایبخات، یان ئۆباما پێشوازی له بارزانی نه‌كات و له‌هه‌مووشیان فاشیل بوو، هیچی به‌ده‌ست نه‌ما گوتیان سه‌رنه‌كه‌وتن له مه‌سه‌له‌ی ده‌وڵه‌تی كوردی دا. ئێمه نه‌چووین بۆ ئه‌مریكا كه به ئه‌مریكا بڵێین ئه‌وا ده‌وڵه‌تی كوردی راده‌گه‌یێنین.




