گهرمیان: ئامادهكارى بۆ ههڵمهتى بهرهنگاربوونهوهى توندوتیژى دهكرێت

ئەمرۆ سێ شهممه لە كۆبوونەوەیەكی هاوبەشدا كە لە بەرێوەبەرایەتی بەدواداچوونی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە گەرمیان بەرێوەچوو، بەرێوەبەرایەتی ناوبراو و رێكخراوەكانی ژنان و ئافرەتان بریاریاندا بۆ هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی 25 نۆڤەمبەر كاری هاوبەش ئەنجامبدەن.
لە كۆبوونەوەكەدا كە نزیكەی دە رێكخراو بەشدارییان تێیدا كردبوو، هەمووان كۆكبوون هاوشێوەی ساڵی رابردوو، چەند گروپێك لە كەسانی یاسایی و دروونی و بە ئەزموون و شارەزا دروست بكەن بۆ ئەوەی لە ناوەندەكانی خوێندن وانەی تایبەت بە توندوتیژی و یاسای موبایل و هەموو ئەو لایەنانەی كە هۆكارن بۆ روودانی توندوتیژی دژ بە رەگەزی مێینە بوترێتەوە و هەروەها كۆر و سیمینار و سازدانی كۆنفرانس و هەڵواسینی پۆستەر بەرنامەی راگەیاندن بەشێكی دیكەی چالاكییەكان دەبێت
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بریار لە سەر ئەوە درا، هەڵمەتەكە بۆ تەواوی گەرمیان دەبێت بە سنووری ناوچە دابرێندراوەكانیشەوە و هاوكات بریاریاندا رەزامەندی لە پەروەردەی گەرمیان وەربگیرێت بۆ ئەوەی كۆبوونەوەی دایكان و باوكان لە قوتابخانەكان سازبدرێت و لە كۆبوونەوەكاندا لە لایەن ئەو گروپانەی كە پێكهێنراون، دایكان و باوكان وشیاربكرێنەوە و هەروەها وانەیەكی دەرەكی بۆ قوتابیان زیادبكرێت و بۆ ئەوەی هەفتانە تیایدا ئەندامانی ئەو گروپانە یاسا و جۆرەكانی توندوتیژی بۆ قوتابیان روون .
هەر لە كۆبوونەوەكەدا بەرێوەبەری بەرێوەبەرایەتیی دژی توندویتژی دژ بە ئافرەتان لە گەرمیان، رائید عەدنان محەمەد، رایگەیاند: بە پێی ئامارەكان ڕێژەی توندوتیژییەكان زیاتر بووە و لەم ڕووانگەیەوە ئاماژەشیدا پێویستە هەوڵەكانیان چرَتر بكەنەوە بۆ ئەوەی لە سنوورەكە بە هەموولایەكەوە بتوانن خزمەتێكی بەرچاو بە ڕەگەزی مێینە بكەن و توندوتیژیەكانیش كەمبكەنەوە.
شایەنی باسە یەكێك لەو خاڵانەی لە كۆبوونەوەكە هەموو بەشداربووان جەختیان لەسەركردووە، فشارخستنەسەرحكومەتە بۆ چەند داوكارییەك لەو ناویاندا دروستكردنی شەڵتەر كە بە بۆچوونی ئەوان گەورەترین كێشەی بەردەم ئیشوكارەكانیان نەبوونی بنكەی داڵدەدانە.




