پەرلەمانى کوردستان بەدواداچوون بۆ گرفت و داواکاریى تەندروستکاران دەکات

ئەندامێکى پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند کە لەگەڵ سەندیکای کارمەندانی تەندروستی کۆ بوونەتەوە و بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانیان دەکەن.
جێگرى لیژنەى تەندروستى و ژینگەى پەرلەمانى کوردستان، هاوڕاز شێخ ئەحمەد، بە پەیامنێرى راگەیاندووه: "سەندیکاى تەندروستکاران چەند داواکارییەکیان خستە بەردەم لیژنەی تەندروستی بۆ ئەوەى دیراسەیان بکەین و بەلایەنی پەیوەندیداری بگەیەنین".
هاوڕاز شێخ ئەحمەد،گوتى: داوکاریەکان بریتى بوون لە: دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کارمەندانی تەندروستی، کردنەوەی کۆلێژی پەرستاری بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی تەندروستی لەهەرێمی کوردستان بۆ هەموو تەندورستکارن بێ جیاوازى و خەرجکردنی دەرماڵەی تەندروستی بۆ کارمەندانی تەندروستی.
باسى لەوەشکرد، ئێمەش وەک لیژنەى تەندروستى بەڵێنمان پێدان کەداواکارییەکانیان بگەیەنین بەلایەنی پەیوەندیدارو بەدواداچوونیان بۆ بکەین بۆ ئەوەى چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە بە تایبەت کە داواکارییەکان رەوان و بوارو تواناى جێبەجێکردنیان هەیە.




