هه‌واڵى ڕێکخستنى کۆبوونه‌وه‌ى نهێنی له هه‌رێم له‌باره‌ى ڕۆژئاواى کوردستانه‌وه هیچ بنه‌مایه‌کى نییه

سامى ئه‌رگۆشى سکرتێرى ڕۆژنامه‌وانیى سه‌رۆکى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له وه‌ڵامى پرسیارێکى خه‌بات ـ دا ئه‌و هه‌واڵه ڕه‌تده‌کاته‌وه که ئاژانسی ANFى نزیک له پارتى کرێکارانى کوردستان بڵاویکردۆته‌وه و به بێ بنه‌ماى وه‌سف ده‌کات.
ئاژانسی ANF ڕۆژى 9/10/2012 هه‌واڵێکى بڵاوکردۆته‌وه و دواتر هه‌ندێ له ده‌زگاکانى ڕاگه‌یاندنى ناوخۆى هه‌رێمى کوردستانیش بڵاویان کرده‌وه، گوایه له هه‌رێمى کوردستان به به‌شداریى به‌رپرسانى هه‌رێمى کوردستان، دیپلۆماتانى تورک، ئه‌مه‌ریکا، ئیسرائیل و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى هه‌ندێک له پارته‌کانى ڕۆژئاواى کوردستان، کۆبوونه‌وه‌یه‌کى نهێنى ده‌رباره‌ى ڕه‌وشى ڕۆژئاواى کوردستان ڕێکخراوه.
له به‌دواداچوونێکى خه‌بات ـ دا له‌باره‌ى ئه‌م هه‌واڵه‌وه، سامى ئه‌رگۆشى سکرتێرى ڕۆژنامه‌وانیى سه‌رۆکى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئه‌م هه‌واڵه‌ى به بێ بنه‌ما و دوور له ڕاستى وه‌سف کرد و گوتى: ته‌واوى ئه‌م هه‌واڵه ناڕاسته و هیچ بنه‌مایه‌کى نییه، به هیچ شێوه‌یه‌ک کۆبوونه‌وه‌ى له‌مجۆره له هه‌رێمى کوردستان به‌ڕێوه نه‌چووه، چونکه پێشتر به سه‌رپه‌رشتیى به‌ڕێز مه‌سعوود بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان به ئاشکرا و به به‌رچاوى میدیاکارانه‌وه پارته سیاسیه‌کانى ڕۆژئاواى کوردستان له هه‌ولێر کۆبوونه‌وه و له ئه‌نجامدا ده‌سته‌ی باڵاى کوردى دامه‌زرا. له‌باره‌ى ئه‌و به‌ڵگه‌یه‌شه‌وه که له‌گه‌ڵ هه‌واڵه‌که‌دا بڵاو کراوه‌ته‌وه، ئه‌رگۆشى گوتى: ئه‌مه شتێکى ته‌واو دروستکراو و ساخته‌یه و به سایه‌ى ته‌کنه‌لۆژیاى تازه‌وه، دروستکردنى شتى وا زۆر ئاسان و ئاسایى یه.
له درێژه‌ى لێدوانه‌که‌یدا ئه‌رگۆشى گوتى: سیاسه‌تى هه‌رێمى کوردستان له به‌رامبه‌ر سووریا و ڕه‌وشى ڕۆژئاواى کوردستان ڕوون و ئاشکرایه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ هه‌ر بڕیارێکى خه‌ڵکى سووریادایه که له‌باره‌ى ئێستا و داهاتووى خۆیه‌وه ده‌یدات، ده‌رباره‌ى کوردیش هه‌وڵدانه بۆ کۆکردنه‌وه‌ى ته‌واوى هێزه‌کان بێ جیاوازى له چوارچێوه‌ى ده‌سته‌ی باڵاى کورددا.




