٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئه‌مڕۆ ئه‌نجوومه‌نى فیدراڵى ئه‌ڵمانیا قسه‌ له‌سه‌ر ناسنامه‌ى كورد ده‌كات

سەرچاوە: Rudaw

وا بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ئه‌نجوومه‌نى فیدراڵى ئه‌ڵمانیا له‌ به‌رلین كۆ ببێته‌وه‌ بۆ قسه‌ كردن له‌سه‌ر ئه‌نجامى ئه‌و كه‌مپینه‌ى له‌لایه‌ن كوردانى نیشته‌جێى ئه‌و وڵاته‌ پێكهێنرابوو، بۆ دان نان به‌ ناسنامه‌ى گه‌لى كورد له‌و وڵاته‌دا.

ئه‌نجوومه‌نى فیدراڵى ئه‌ڵمانیا، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (15ى تشرینى یه‌كه‌م) له‌ژێر دروشمى (با ناسنامه‌ى كوردى بناسرێ) كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام ده‌دات و قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كه‌مپینه‌ ده‌كات، كه‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ى (YEK-KOM) پێكهێنراوه‌ بۆ ئه‌و پرسه‌.

هه‌ر یه‌ك له‌ گولته‌ن كیشاناك و سه‌لاحه‌ددین ده‌میرتاش، هاوسه‌رۆكانى BDP نامه‌یان ناردووه‌ بۆ كۆمیسیۆنى داواكارییه‌كان له‌ ئه‌نجوومه‌نى فیدراڵ و تێیدا ئاماژه‌‌ به‌ كه‌مپینى كۆمه‌ڵه‌ى (YEK-KOM) كردووه‌، كه‌ ساڵى رابردوو 60 هه‌زار ئیمزایان كۆ كردبووه‌وه‌ بۆ دان نان به‌ ناسنامه‌ى هاووڵاتیانى كورد له‌و وڵاته‌دا. دوو هه‌فته‌ پێشتر له‌ 15 ویلایه‌ت هه‌ڵوێستێكى ئه‌رێنى وه‌رگیرا و بڕیاردرا كه‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن به‌ زمانى دایك بدرێ، به‌ڵام له‌ په‌رله‌مانى ویلایه‌تى به‌رلین ئه‌م داواكارییه‌ ره‌تكرایه‌وه‌.

ویداد سه‌برى، جێگرى سه‌رۆكى فه‌رمانگه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى ده‌رباره‌ى كه‌مپینى ناساندنى ناسنامه‌ى كوردى بۆ (رووداو) ده‌ڵێت "هیوادارین داواكارییه‌كه‌مان په‌سه‌ند بكرێن". ویداد ده‌ڵێت ده‌مێكه‌ خه‌ریكى دارشتنى به‌رنامه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى داواكارییه‌كى فراوانتر و باشتر ئاراسته‌ى په‌رله‌مانى ئه‌و وڵاته‌ بكه‌ن به‌ مه‌به‌ستى ناساندنى كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك.

تا ئێستاش ئه‌و كوردانه‌ى روو له‌و وڵاته‌ ده‌كه‌ن و مافى مانه‌وه‌یان ده‌درێتێ، توركى، ئێرانى، عێراقى و سوورى ناویان تۆمار ده‌كرێت. ئه‌مه‌ش زۆر له‌و كوردانه‌ى نیگه‌ران كردووه‌.

وا بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ نوێنه‌رانى 20 رێكخراو و كۆمه‌ڵه‌ى كوردى، كه‌ ژماره‌یان نزیكه‌ى 80 كه‌س ده‌بێ، له‌ كاتى گفتوگۆكردنى ئه‌نجوومه‌نى فیدراڵى ئه‌ڵمانیا له‌ به‌رلین له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ ئاماده‌ ببن.

ویداد سه‌برى ده‌ڵێت "چوونى ئێمه‌ بۆ په‌ڕله‌مانى به‌رلین بۆ ئه‌وه‌یه‌ داوا بكه‌ین ناسنامه‌ى كوردى بناسرێته‌وه‌، له‌ ئاینده‌دا منداڵه‌كانمان به‌ كوردى بخوێنن".

پێشتر (یه‌ك-كۆم) گله‌یى له‌ پارتى و یه‌كێتى و هه‌ندێك كۆمه‌ڵه‌ و رێكخراوى دیكه‌ كردبوو، كه‌ له‌و كه‌مپینه‌دا پاڵپشتیان ناكه‌ن. به‌ڵام ویداد ئێستا ده‌ڵێت "هه‌موومان یه‌ك ده‌نگین، هه‌موومان داواى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین ناسنامه‌ى كوردى بناسرێته‌وه‌".

ویداد سه‌برى، كه‌ به‌ نوێنه‌رایه‌تى فه‌رمانگه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى به‌شدارى ئه‌م كه‌مپینه‌ى كردووه‌، گه‌شبینه‌ په‌رله‌مانى به‌رلین وه‌ڵامێكى ئه‌رێنیان بداته‌وه‌ "من گه‌شبینم كه‌ وه‌ڵامێكى ئه‌رێنى وه‌رده‌گرین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هه‌موو ویلایه‌ته‌كان داواكارییه‌كه‌یان په‌سه‌ند كردووه‌، ته‌نیا ویلایه‌تى به‌رلین ماوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ره‌تكرابووه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م جاره‌ نامه‌یه‌كى باشتر و فراوانتر ئاماده‌كراوه‌".

ویداد سه‌برى ئاماژه‌ى به‌وه‌دا له‌و رۆژه‌دا چه‌ندین رێكخراو و كۆمه‌ڵه‌ بۆ پشتگیرى كردن له‌ نامه‌كه‌ى (یه‌ك-كۆم) له‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانى به‌رلین ئاماده‌ ده‌بن.

هه‌روه‌ها گوتى ناوه‌ندى لێكۆڵینه‌وه‌ى كوردى ناڤه‌ند نامه‌یه‌كى بۆ كۆمه‌ڵه‌ى YEK  ناردووه‌ و پشتگیرى كه‌مپینى "با ئه‌ڵمانیا دان به‌ناسنامه‌ى كوردى بنێ" ده‌كه‌ن.

ناوه‌ندى لێكوڵینه‌وه‌ى كوردى (ناڤه‌ند) كه‌ باره‌گاكه‌ى له‌ شارى (بۆنه‌) له‌ نامه‌كه‌یاندا ده‌ڵێت "ئێمه‌، ماوه‌یه‌كى درێژه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ناسنامه‌ى كوردى له‌ ئه‌ڵمانیا دانى پێ بنرێ له‌ هه‌وڵدا بووین. بۆیه‌ پشتگیرى كه‌مپینه‌كه‌تانین".

هەواڵی پەیوەندیدار