سوپای سووریا بۆمبی هێشوویی بەكاردەهێنێت

ڕێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچ سوپای سووریا بەوە تۆمەتبار دەكات، كە لە شەڕی دژ بە سەربازانی جیابووەوەدا بۆمبی هێشوویی بەكار دەهێنێت.
ڕێكخراوەكە لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ئاماژە بەوە دەكات چەند بەڵگەیەك هەن ئەوە دەسەلمێنن،كە سوپای سووریا لە ماوەی چەند هەفتە و مانگی ڕابردوودا لە پارێزگاكانی حمس و عیدلیب و حەلەب و دیمەشق و چەندین شوێنی دیكە بۆمبی هێشوویی دژ بە سەربازانی سوپای سووریای ئازاد بەكار هێناوە.
بەرپرسی بەشی چەكی ڕێكخراوەكە ستیڤ گوس ڕایگەیاند: حكوومەتی سووریا بە هیچ شێوەیەك ڕێز لە دانیشتوانەكەی ناگرێت و ئەمەیش جێی نیگەرانی هەموولایەكە.
ناوبراو گوتیشی: بۆمبی هێشوویی لە لایەن زۆرینەی وڵاتانی جیهانەوە بە چەكێكی قەدەغەكراو دادەنرێت و هەربۆیەیش پێویستە بەرپرسانی سووریا ڕێگا نەدەن سوپای وڵاتەكەیان ئەم جۆرە چەكە بەكار بهێنێت.
بۆمبی هێشوویی لە كاتی بەكارهێنانیدا چەندین پارچەی لێ جیادەبێتەوە و ئەو پارچانەیش بڵاودەبنەوە و كاریگەریی ماوەدرێژیان لە سەر هاووڵاتیان دەبێت.
بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە لە كاتێكدایە كە شەڕ لە نێوان سەربازانی سوپای سووریا و سەربازانی جیابووەوە لە زۆربەی شار و شارۆچكەكانی سووریا بەردەوامە و ڕۆژانەیش سەدان كەس دەبنە قوربانی.




