ئەردۆغان: كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هانی ئەسەد دەدات بۆ ئەوەی خەڵك بكوژێت

سەرۆكوەزیرانی توركیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هانی سەرۆكی سووریا بەشار ئەسەد دەدات بۆ ئەوەی لە سەر كوشتنی خەڵكی خۆی بەردەوام بێت.
ناوبراو لە میانەی پێشكەشكردنی گوتەیەكدا لە كۆبوونەوەی "كۆڕبەندی ئابووری ئیستانبووڵ"ـدا ڕایگەیاند كۆمەڵگی نێودەوڵەتی بەشێوەیەكی پراكتیكی گڵۆپی سەوزی بۆ بەشار ئەسەد هەڵكردووە بۆ ئەوەی ڕۆژانە سەدان كەس لە دانیشتووانی وڵاتەكەی بكوژێت.
ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بێ هەڵوێستە
ئەردۆغان گوتی "سەرچاوەی ئەم بێ هەڵوێستییە لە كوێدایە؟ ئەگەر چاوەڕێی وڵاتێك یان دوو وڵاتی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی بكەین بۆ ئەوەی هەڵوێستی خۆیان بگۆڕن، ئەوا تەنگژەی سووریا زۆر خراپتر دەبێت و كاریگەریی ئەو ڕووداوانەیش مەترسیدار دەبن".
سەرۆكوەزیرانی توركیا ڕەخنەی توندی لە ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان گرت بەهۆی ئەوەی لە بەرانبەر قەیرانی سووریادا هیچ كاردانەوەیەك نیشان نادات و ڕایگەیاند "20 ساڵ پێش ئێستا ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بە شێوەیەكی بێ هەڵوێستانە سەیری كوشتاریی سەدان هەزار كەس لە خەڵكی بەڵقانی دەكرد.
ئێستایش ئەم ڕێكخراوە لە بەرانبەر كوشتاری سووریادا چاوی نوقاندووە. چ جۆرە لێكدانەوە و پاساوێك بۆ ئەم نادادپەروەری و بێ هەڵوێستییە هەیە؟".
گۆڕانكاری لە پێكهاتەی ئەنجوومەنی ئاساییشدا
ئەردۆغان ڕایشیگەیاند كە نادادپەروەری لە زۆربەی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكاندا هەیە، لەوانەیش ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی.
ئەو گوتی "هیچ كەسێك ناتوانێت بڵێت ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی لە سەر بنچینەیەكی دادپەروەریی دامەزراوە.
ئێمە كاروباری جیهانمان داوەتە دەستی 5 وڵات كە ئەندامی هەمیشەیی ئەو ئەنجوومەن. ئەوان هەر شتێك بڵێن هەر ئەوەیە. هەربۆیەیش پێویست دەكات چاكسازی ڕاستەقینە لە ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی و ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكاندا بكرێت".




