ئیبراهیم شێخەڵڵا : مەخموور کێشەی پڕۆژەی ئاودێریی هەیە

قایمقامی مەخموور ئیبراهیم شێخەڵڵا باس لە چەند گرفتێکی ئیداری و خزمەتگوزاریی پێوەست بە قەزاکە دەکات. ڕوونیشی دەکاتەوە کە ناوچەکە چەند پڕۆژەیەکی ئاو و تەندروستیی بۆ دەرچووە.
قایمقامی مەخموور لە دیمانەیکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "هەولێر لەبارەی کێشەی ئەو نەخۆشخانە سەدقەرەوێڵەییەی کە زەویی بۆ تەرخان نەدەکرا ئاشکرای کردووە کە کێشەی زەوی هەبوو و چارە کراوە و لەم ڕۆژانەدا لە بەغدا نەخۆشخانە سەدقەرەوێڵەییەکەی مەخموور ئاشکرا دەکرێت، کە تێچووی 30 ملیار دینارە و زەوییەکی 10 دۆنمی بۆ تەرخان کراوە. حکوومەتی هەرێمیش بنکەیەکی تەندروستی دروست دەکات. خێرخوازێک بەشی فریاکەوتنی ژنان و پیاوان دروست دەکات. بەمە کێشەی تەندروستیی سنوورەکە چارە دەبێت، بەڵام مەخموور کێشەی پڕۆژەی ئاودێریی هەیە کە لە قۆناغی نەخشەداناندایە. وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم دوو ملیار دیناری تەرخان کردووە و دەبێ ساڵانە بودجەی بۆ دابین بکرێت.
دواتر لەبارەی ئەو خەڵکانەی خەڵکی مەخمورن و ئێستاکە دانیشتووی بنەسڵاوە و دارەتوو و هەولێرن و تا ئێستاش پارەی قەرەبووی ماددەی 140ـیان وەرنەگرتووە قایمقامی مەخمور گوتی: هەر مامەڵەیەکی 140 کە دەکرێت لە ڕیزدا دادەنرێت و دیار نییە کە لە هەولێرە یان لە مەخموورە یاخود دانیشتووی چ شوێنێکە. گرنگ ئەوەیە ئەو کەسە لە دوای 1958 کە ئەگەر دانیشتووی مەخموور بووبێت، ناوی بۆ قەرەبوو دەنووسرێت. بە پێی ئەو بودجەیەی بەغدا بۆ قەرەبوو دیاری دەکات، سەرە بۆ قەرەبوو دادەنرێت. بە داخەوە حکوومەتی بەغدا و ئەنجوومەنی وەزیران ئەو بودجەیەی کە دایناوە بۆ ئەمساڵ کەم بووە و ژمارەیەکی کەم سوودمەند بوون.




