خهڵاتی "نۆبڵ"ـی ئهمساڵ بۆ ئاشتی بهخشرایه یهكیهتی ئهوروپا

ڕێكخراوی یەكیەتیی ئەورووپا، ڕۆڵێكی گەورە لە پڕۆسەی ئاشتی و ئارامی و ئاساییشی كیشوەری ئەورووپا و جیهاندا دەگێڕێت و هەر بۆیەیش خەڵاتی "نۆبڵ"ـی ئاشتیی ئەمساڵی پێ درا.
بەرپرسی لیژنەی نۆبڵ (تۆربۆن جاگلاند) ڕایگەیاند كە ڕێكخراوی یەكیەتیی ئەورووپا لەسەر ئاستی ئەورووپا و جیهان ڕۆڵێكی گەورە لە دابینكردنی ئارامی و ئاساییش و ئاشتیدا دەگێڕێت.
ئەوە لە كاتێكدایە كە بەرپرسانی ئەو ڕێكخراوە هەوڵەكانیان بۆ كۆتاییهێنان بە قەیرانی ئابووریی وڵاتانی ئەندام لە یەكیەتییەكە چڕتر كردووەتەوە.
پاراستنی دەستكەوتەكان
(جاگلاند) لە میانەی پێشكەشكردنی گوتەیەكدا لە "پەیمانگەی نۆبڵ" لە "ئۆسلۆ" هانی دانیشتووانی ئەورووپای دا بۆ ئەوەی لەو هەستە توندڕۆیی و نەتەوەپەرستییە دوور بكەونەوە كە لە ساڵانی ڕابردوودا بووەتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕ و ئاژاوە.
بەرپرسی لیژنەی نۆبڵ گوتیشی: "ئەم خەڵاتە بە جۆرێك لە جۆرەكان پەیامێكە بۆ ئەورووپا بۆ پاراستنی ئەو دەستكەوتانەی تاكوو ئێستا بەدەست هاتوون."
(جاگلاند) هەروەها ڕوونیشی كردەوە: "یەكیەتیی ئەورووپا لە كاتی ئێستادا ڕووبەڕووی قەیرانێكی ئابووری و نائارامییەكی كۆمەڵایەتی بووەتەوە.
لیژنەی نۆبڵی نەرویجی داوا لە بەرپرسانی ئەورووپا دەكات كار بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی و ئاشتبوونەوە و دیموكراسی و مافی مرۆڤ بكەن. یەكیەتیی ئەورووپا ڕۆڵێكی گەورەی لە گۆڕینی ئەورووپا لە كیشوەرێكی پڕ لە شەڕەوە بۆ كیشوەرێكی پڕ لە ئارامی و ئاشتی گێڕاوە."
بەرپرسانی یەكیەتیی ئەورووپا خۆشحاڵن
خەڵاتكردنی یەكیەتیی ئەورووپا، بەرپرسانی ئەو ڕێكخراوەی خۆشحاڵ كرد. بەرپرسی كۆمیسیۆنی یەكیەتیی ئەورووپا (مانوێڵ بارۆسۆ) ڕایگەیاند كە ڕاستە یەكیەتیی ئەورووپا ڕووبەڕووی قەیرانێكی ئابووریی گەورە بووەتەوە،
بەڵام ئەم خەڵاتە ئەوە پێشان دەدات كە ئەم ڕێكخراوە هاندەرێكی گەورەی ئارامی و ئاساییشە لە سەرانسەری جیهاندا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش پێویستی بەوەیە یەكیەتیی ئەورووپا بەهێز بێت.
وەزیری دەرەوەی سوید (كارڵ بێڵدیت)ـیش گوتی كە پێویستە خەڵاتكردنی یەكیەتیی ئەورووپا ببێتە هاندەرێك بۆ ئەوەی بەرپرسانی ئەورووپا زیاتر كار بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی و ئازادی و خۆشگوزەرانی بكەن.
وەزیری فنلەندایش بۆ كاروباری یەكیەتیی ئەورووپا، ڕایگەیاند ئەم خەڵاتە ئەوەمان پێ دەڵێت كە پێویستە یەكیەتیی ئەورووپا بە یەكگرتوویی بمێنێتەوە و هیچ وڵاتێك لێی پاشەكشە نەكات.
بەرپرسی كۆمیسیۆنی یەكیەتیی ئەورووپایش بۆ بواری هاریكاری نێودەوڵەتی (كریستالینا جۆرجیڤا) ڕایگەیاند كە ئەم خەڵاتە بووە هۆی ئەوەی "شانازی بەوەوە بكەم كە ئەورووپاییم."
ئەمە یەكەمین جار نییە ڕێكخراوێك خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ وەردەگرێت. لە ساڵی 2001ـدا ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و سكرتێری ئەو كاتەی ڕێكخراوەكە (كۆفی ئەننان) ئەم خەڵاتەیان وەرگرت. لە ساڵی 1998ـیشدا هێزە ئاشتیپارێزەكانی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەم خەڵاتەیان پێ بەخشرا.
ئەو كەس و ڕێكخراوەی ئەم خەڵاتە وەردەگرێت، بڕی 1 ملیۆن و 200 هەزار دۆلاری ئەمەریكیی پێ دەبەخشرێت. بەرپرسانی یەكیەتیی ئەورووپایش تاوتووی ئەوە دەكەن كە ئەو بڕە پارەیە چی لێ بكەن و چۆن خەرجی بكەن بە جۆرێك كە سوودێكی باشی هەبێت.
پــــڕۆفایـــل
- یەكیەتیی ئەورووپا ڕێكخراوێكی ئابووری و سیاسییە و 27 وڵات تێیدا ئەندامن.
- چەند ڕێكخراوێكی وەكوو "كۆمەڵگەی خەڵووز و ستیلی ئەورووپا" و "كۆمەڵگەی ئابووریی ئەورووپا"ـی ساڵانی پەنجاكانی سەدەی ڕابردوو و ڕێككەوتننامەكانی وەكوو "ڕێككەوتننامەی ماستریكت" بوونە هەوێنی دامەزراندنی ئەم ڕێكخراوە لە ساڵی 1993ـدا.
- یەكیەتیی ئەورووپا لە ڕێی چەند دامەزراوەیەكی سەربەخۆی وەكوو "كۆمسیۆنی ئەورووپا"، "ئەنجوومەنی یەكیەتیی ئەورووپا"، "ئەنجوومەنی ئەورووپا"، "دادگەی دادی یەكیەتیی ئەورووپا"، "بانكی ناوەندیی ئەورووپا" و "پەرلەمانی ئەورووپا"ـوە بەڕێوە دەبرێت، بەڵام وڵاتانی ئەندام لە یەكیەتییەكە ڕۆڵی كارایان لە دەركردنی بڕیارەكاندا هەیە.
- یەكیەتیی ئەورووپا لە ڕێی سیستەمێكی تایبەتییەوە بیرۆكەی تاكبازاڕی پێڕۆ دەكات. خەڵكی وڵاتانی ئەندام لەو یەكیەتییە بە شێوەیەكی ئازاد سەردانی وڵاتانی دیكەی یەكیەتییەكە دەكەن و گواستنەوەی كەلوپەل و پێداویستییش لە وڵاتێكی ئەندام لە یەكیەتیی ئەورووپاوە بۆ وڵاتێكی دیكە، زۆر ئاسایی و ئاسانە.
- لە ڕێگەی یەكەی "سیاسەتی دەرەوە و ئاساییشی هاوبەش"ـەوە، یەكیەتیی ئەورووپا ڕۆڵێكی گرنگ لە سیاسەتی دەرەوە و بەرگریدا دەگێڕێت.
ئێستا یەكیەتیی ئەورووپا نوێنەری تایبەتی لە ڕێكخراوە گەورە و گرنگەكانی وەكوو "نەتەوە یەكگرتووەكان" و "ڕێكخراوی 20 وڵاتە پیشەسازی و پێشكەوتووەكەی جیهان ناسراو بە جی 20"ـدا هەیە.




