ناكۆكی نییە لەبارەی گرێدانی كۆبوونەوەی نیشتمانی بەڵكو ناكۆكی لەبارەی كات و شوێنی بەستنی كۆبوونەوەی نیشتمانییە
خالد ئەسەدی پەرلەمانتار لەدەوڵەتی یاسا پێیوایە كۆبونەوەی نیشتمانی تاكە چارەسەری دەرچوونە لەم تەنگژە سیاسییەی ئەمڕۆ عیراقی تێكەوتوە.
ئەسەدی لەو بارەیەوە دەڵێت:"هیچ شتێك لەبەردەم سەركردەی هاوپەیمانێتیە سیاسیەكاندا نییە، جگە لەوەی كۆبوونەوەی نیشتمانی گرێ بدەن و راستەوخۆ گفتوگۆ لەبارەی كێشەكانیانەوە بكەن"
خالد ئەسەدی كەكەسێكی نزیكە لەمالیكیەوە، چەند چارەسەرێكی دیكەی خستۆتە ڕوو ئەگەر كۆبوونەوەی نیشتمانی ئەنجام نەدرێت، لەوانە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، یان پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە.
بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارەی دەوڵەتی یاسا "لەئێستادا ناكۆكی نییە لەبارەی گرێدانی كۆبوونەوەی نیشتمانی بەڵكو ناكۆكی لەبارەی كات و شوێنی بەستنی كۆبوونەوەی نیشتمانییە".
گۆڕەپانی سیاسی عیراقی جموجۆڵێكی بەرفراوانی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەت لەگەڵ نزیكبونەوەی ئەو وادەیەی سەركردە سیاسییەكان دایاننابوو بۆ سەرۆك وەزیران، لەگەڵ ئەوەشدا تائێستا هاوپەیمانێتییەكەی نوری مالیكی هیچ وەڵامێكی رەسمی ئەو نامە پیچنجقۆڵییەی كۆبوونەوەی هەولێریان نەداوەتەوە.
لەبەرامبەردا عەبدولحسێن ریسان پەرلەمانتاری كوتلەی ئەحرار- رەوتی سەدر لەپەرلەمانی عیراق، بەدووری دەزانێت كۆبوونەوەی نیشتمانی چارەسەربێت، بۆ دەرچوون لەتەنگژەی سیاسی و تەنیا دۆخە سیاسییەكە هێمن دەكاتەوە.
پەرلەمانتارەكەی رەوتی سەدر لەو بەیاننامەدا ئەمڕۆ بڵاویكردۆتەوە، هاتووە"هاوپەیمانێتییەكان دەیانەوێت پرۆسەی سیاسی رابكێشن، تاوەكو وادەی هەڵبژاردنی داهاتوو بەبێ ئەوەی لەئێستادا رێگەچارەی بۆ دابنێن".




