چواره‌مین رۆژی کۆڕبه‌ندی ئه‌وشارانه‌ی له قۆناغی گواستنه‌وه‌دان ده‌ستی به کاره‌کانی کرد

به‌سه‌رپه‌رشتی عیماد ئه‌حمه‌د جێگری سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان چواره‌مین رۆژی کۆڕبه‌ندی ئه‌وشارانه‌ی له قۆناغی گواستنه‌وه‌دان له هه‌ولێر ده‌ستی به کاره‌کانی کرد.
سه‌ره‌تای دانشتنه‌که حه‌سه‌ن تۆران سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکوک به‌ناوی ئاماده‌بوان و کۆڕبه‌نده‌که خۆشحاڵی ده‌بڕی سه‌باره‌ت به‌ئاماده‌بوونی جێگری سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم، هه‌روا ڕۆڵی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانیشی له دابینکردنی ئاشتی و ئارامی و سه‌قامگیری به‌رزنرخاند و ووتی: جێگه‌ی خۆشحاڵیه بۆخه‌ڵکی که‌رکوک به‌هه‌موو پێکهاته جیاوازیه‌کانی و ئاماده‌بوانی ئه‌م مونته‌دایه که حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له ئاستێکی باڵا به‌شداری ده‌کات ئه‌مه نیشانه‌ی گرنگی دانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه به شاری که‌رکوک و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی .
دواتر جێگری سه‌رۆکی حکومه‌ت له میانه‌ی پێشکه‌شکردنی ووته‌یه‌کیدا سه‌ره‌ڕای پێشکه‌شکردنی ده‌ستخۆشی سه‌رۆکایه‌تی حکومه‌ت و به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، به‌ستنی مونته‌دایه‌کی له‌وجۆره‌ی له‌عیراق و شاری که‌رکوک به گرنگ وه‌سفکرد و ڕایگه‌یاند: حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به بایه‌خه‌وه له‌م مونته‌دایه ده‌ڕوانێت و هه‌موو هاوکاری و کارئاسانیش بۆ سه‌رکه‌وتنی مونته‌داکه ده‌کات و کات و شوێنی ئه‌نجامدانی ئه‌و مونته‌دایه گرنگی خۆی هه‌یه ، هه‌ره‌ک ڕوونیشی کرده‌وه عیراقی ئێستا جیاوازه‌و هی هه‌موو پێکهاته‌کانی عیراقه به‌جیاوازی نه‌ته‌وه‌و ئاین و مه‌زهه‌به‌وه‌و سه‌رده‌می خۆسه‌پاندنی لایه‌نێک به‌سه‌ر ئه‌وانی تر به‌سه‌رچووه‌و ده‌توانین له‌رێگه‌ی گفتوگۆ‌و له‌یه‌کگه‌یشتن چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی خۆمان بکه‌ین .
له‌ته‌وه‌رێکی تری وته‌که‌یدا جێگری سه‌رۆکی حکومه‌ت باسی له‌گرنگی سود وه‌رگتن کرد له‌ئه‌زمونه‌کانی تره‌وه که‌به‌شێوه‌یه‌کی ئاشتیانه‌و دوور له‌توندوتیژی بتوانین ئیداره‌ی ناکۆکی و جیاوازیه‌کانمان بکه‌ین، له‌مباره‌یه‌وه وتی: ئه‌زمونی گه‌لان له چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانیان بۆ ئێمه گرنگه و به‌شێک له‌و وڵات و شارانه به چه‌ندین قۆناغی جیاواز تێپه‌ڕیون بۆیه هه‌ق وایه سوودی لێوه‌ربگرین و ده‌وڵه‌مه‌ندی بکه‌ین، سه‌باره‌ت به‌کێشه‌کانی عیراقیش جێگری سه‌رۆکی حکومه‌ت ته‌ئکیدی له‌سه‌ر پابه‌ند بوون به ده‌ستوور کرده‌وه‌و و ووتی: حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پشتیوانی ئاشتیانه‌ی چاره‌سه‌ری کێشه‌کانه و تاکه چاره‌سه‌ریش گه‌ڕانه‌وه‌و پابه‌ند بونه به ده‌ستوور که تیایدا مافی سه‌رجه‌م گه‌لانی عیراقی به هه‌موو پێکهاته جیاوازه‌کانه‌وه فه‌راهه‌م و پارێزراو بێت ، بۆ ئه‌وه‌ی به‌هه‌موو لایه‌کمان به‌رژوه‌ندی باڵای وڵاته‌که‌مان بپارێزین و رێگه له‌دووباره‌بونه‌وه‌ی ئه‌زموونی تاڵی رابردوو بگرین.
سه‌باره‌ت به‌و پێشکه‌وتن و گه‌شه‌کردن و کرانه‌وه‌ی که هه‌رێمی کوردستان به خۆیه‌وه بینیویه‌تی به‌ڕێز جێگری سه‌رۆکی حکومه‌ت ڕوونی کرده‌وه ئیستا هه‌رێمی کوردستان به به‌راورد له‌گه‌ڵ ناوچه‌کانی تری ناوه‌ڕاست و خوارووی عیراق پێشکه‌وتنی به‌رچاوی به خۆیه‌وه بینیوه به‌شێکی زیندووی عیراقه و به سه‌دان کۆمپانیا گه‌وره‌ی دنیا له هه‌رێمی کوردستان خه‌ریکی سه‌رمایه گوزاری و وه‌به‌رهێنانن جگه له هه‌بوونی ژماره‌یه‌کی زۆری کونسوڵخانه‌و نوێنه‌ری فه‌رمی ووڵاتان له هه‌رێمی کوردستان ، هه‌روا عیماد ئه‌حمه‌د هیوای خواست که هه‌رێمی کوردستان ببێته خاڵی ده‌ستپێکی بوژانه‌وه و گه‌شه‌کردنی ژێرخانی ئابووری ناوچه‌کانی تری عیراق، دواتر جێگری سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم پشتیوانی بۆ بڕیار‌و راسپارده‌کانی کۆڕبه‌ندیه‌که ده‌ربڕی.




