"هەفتەی داهاتوو ژمارەیەک قایمقام دەگۆڕدرێن"
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد "لە هەفتەی داهاتوودا دەست بە گواستنەوەی ژمارەیەک قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیه لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت".
فایەق تۆفیق، بریکاری وەزارەتی ناوخۆ لەو بارەوە به (رووداو)ی راگەیاند "لێژنەی پێویست بۆ ئەم مەبەستە پێک هاتووە و لە هەفتەی داهاتوودا ئەنجامەکان ئاشکرا دەکرێن".
لە لایەکی دیکەوە، جەلال کەریم، بریکاری وەزارەتی ناوخۆ کە سەرپەرشتی کاری لێژنەکە دەکات راگەیاند "لێژنەکە بەردەوامه لە کاروبارەکانی خۆی و لە 10 رۆژی داهاتوودا ئەنجامەکان رادەگەیەندرێن".
جەلال کەریم سەبارەت به ناوی ئەو قایمقام و بەڕێوەبەرانەی کە بڕیار وایه بگوازرێنەوە، رایگەیاند "لێژنە تا ئێستاش بەردەوامه لە دیاری کردنی ژمارە و ناوی ئەو قایم مەقام و بەڕێوەبەری ناحیانەی کە بڕیار وایه بگوازرێنەوە و دوای کۆتایی هاتنی کارەکانی لێژنه، ناوەکان و شوێنی گۆاستنەوەیان ئاشکرا دەکرێت".
عیماد ئەحمەد، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی راگەیاندنی یەکگرتنەوەی وەزارەتی ناوخۆ، رایگەیاند "ژمارەیەک قایمقام و بەرێوەبەری ناحیە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەگۆڕدرێن".
بڕیار وایە ژمارەیەک قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە لە هەولێر و دهۆک بۆ سلێمانی و گەرمیان بگوازرێنەوە و به پێچەوانەشەوە به هەمان ژمارە قایمقام و بەڕێوە بەری ناحیە لە سلێمانی و گەرمیان بۆ هەولێر و دهۆک دەگوازرێنەوە.




