رێژەی ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای دانوستان بە تەوافوق دەبێت

ڕێژە و پێوەری ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای دانوستان لەگەڵ بەغدا بە تەوافوق یەكلا دەبێتەوە و پێوەری بەشداریكردنەكەیش تا ئێستا یەكلا نەبووەتەوە.
ئەمە بەپێی ئەو پڕۆژەیەیە كە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پێكهێنانی ئەنجوومەنی باڵای دانوستان لەگەڵ بەغدا، ئامادەی كردووە.
ڕێكخەری پێوەندییەكانی نێوان پەرلەمان و حكوومەت سەعد خالید جەختی كردەوە كە نوێنەری هەموو لایەن و پێكهاتە سیاسییەكانی كوردستان لەو ئەنجوومەنەدا بەشدار دەبن.
فەرمانگەی یاسایی ئەنجوومەنی وەزیران و هەر دوو نوێنەری حكوومەت لە لیژنەی ئامادەكاریی ئەنجوومەنی باڵای دانوستان لەگەڵ بەغدا، هێڵە گشتییەكانی پڕۆژەیاساكەیان ئامادە كردووە.
سەرۆكی حكوومەتی هەرێم نێچیرڤان بارزانی ڕاستەوخۆ تاوتووی ئەو پرسە دەكات.
سەعد خالید دەڵێ: "سەرۆكی حكوومەتی هەرێم لیژنەكەی ڕاسپاردووە كە تا دەكرێ پڕۆژەكە گەرەنتیی تەوافوق لە كوردستان بكات و هاوكات هەوڵیش بدرێـت كە پرسی دانوستان، گەرەنتیی یەكگوتاری لە هەرێم بەرانبەر بە بەغدا بكات."
بەپێی قسەكانی ناوبراو، لەسەر بڕیاری سەرۆكی حكوومەت هەموو ئاسانكاری و نەرمینواندنێك لە پڕۆژەی ئەنجوومەنی باڵای دانوستاندا دەكرێت. بڕیاریشە لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان قسە لەسەر پڕۆژەكە بكرێت و سەرنج و تێبینییەكانی هەموویان لە بەرچاو بگیرێت.




