له سه‌ر بانگهێشتى حکوومه‌تى تورکیا ئه‌مڕۆ شاندێکى حکوومه‌تى هه‌رێم به سه‌رۆکایه‌تیى نێچیرڤان بارزانى سه‌ردانى تورکیا ده‌کات
له چوارچێوه‌ى به‌رنامه‌ى په‌ره‌پێدانى په‌يوه‌ندييه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و کۆمارى تورکيا، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 16/5/2012 نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆکى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به سه‌رۆکايه‌تيى شاندێک له سه‌ر بانگهێشتى فه‌رميى حکوومه‌تى تورکيا سه‌ردانى ئه‌و ووڵاته ده‌کات.
له ميانه‌ى سه‌ردانه‌که‌يه‌دا سه‌رۆکى حکوومه‌ت چاوى به گه‌وره به‌رپرسانى کۆمارى تورکيا ده‌که‌وێت، به ئامانجى به‌هێزترکردنى په‌يوه‌ندييه سياسى و ئابوورى و ڕۆشنبيرى و بازرگانى و په‌روه‌رده‌ييه‌کانى نێوان هه‌ردوولا.
هه‌ر له چوارچێوه‌ى سه‌ردانه‌که‌دا شاندى حکوومه‌تى هه‌رێم کفتوگۆ ده‌رباره‌ى پێشهات و گۆڕانکايه‌کانى ناوچه‌که له‌گه‌ڵ گه‌وره به‌رپرسانى ئه‌و ووڵاته ده‌که‌ن و له‌وباره‌يه بيروڕاکان ئاڵوگۆڕ ده‌که‌ن.
شايانى باسه شاندى حکوومه‌تى هه‌رێم که ياوه‌ريى سه‌رۆکى حکوومه‌ت ده‌که‌ن؛ له د.فوئاد حسێن سه‌رۆکى ديوانى سه‌رۆکايه‌تيى هه‌رێمى کوردستان، د.ئاشتى هه‌ورامى وه‌زيرى سامانه سروشتيه‌کان، سينان چه‌له‌بى وه‌زيرى پيشه‌سازى و بازرگانى، فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسى په‌يوه‌نديه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى حکوومه‌ت، د.خه‌سره‌و گوڵ محه‌مد سه‌رۆکى ده‌زگاى ئاسايشى هه‌رێم و ژماره‌يه‌ک له ڕاوێژکارانى حکوومه‌ت، پێک دێت.




