٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

سووریا دەیەوێت شەڕێكی هەرێمایەتی لە ناوچەكەدا هەڵگیرسێت

سەرچاوە: KDP.info

سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی ناتۆ ژەنەراڵ ئەندەرز ڕاسموسین ڕایگەیاند، ئەگەر هاتوو توركیا لە لایەن سووریاوە ڕووبەڕووی هەڕەشە و هێرشی جیددی بوەوە، ئەوا ڕێكخراوەكەی ئامادەیە پەنا بۆ چەند پلانێكی بەهێز ببات بۆ مەبەستی پاراستنی توركیا.

ئەم لێدوانە لە كاتێكدا دێت ماوەی چەند ڕۆژێكە گرژییەكی زۆر لە ناوچە سەرسنوورییەكانی نێوان سووریا و توركیا دەستی پێكردووە. توێژەرەوانی سیاسیش پێیان وایە سووریا دەیەوێت توركیا بێنێتە ناو ئەم شەڕەوە، چونكە ئەو كارە باشترین فاكتەرە بۆ مانەوەی ڕژێمی ئێستای سووریا.

ناتۆ پارێزگاری لە توركیا دەكات
ژەنەراڵ ئەندەرز ڕاسموسین بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند، پێویستە بەرپرسانی توركیا و سووریا هەوڵ بدەن لە ڕێی دیالۆگەوە كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن، بەڵام ئەگەر هات و توركیا لە لایەن سوپای سووریاوە ڕووبەڕووی هەڕەشەی جیددی بوەوە، ئەوا ڕێكخراوی ناتۆ ئامادەیە بە هەموو شێوەیەك پشتیوانیی لێ بكات.

ڕاسموسین گوتیشی، توركیا وەكو هەر وڵاتێكی دیكەی جیهان مافی خۆیەتی بەرگری لە خاكی خۆی بكات، بەڵام ئەگەر هات و دەستدرێژی كرایە سەر، ئەوا دەتوانێت بە هەموو شێوەیەك پشت بە ناتۆ ببەستێت.

ناتۆ ڕێكخراوێكی گەورەی سەربازییە و 28 وڵات تیایدا ئەندامن و یەكێك لەوانەیش توركیایە. ئەگەر هات و وڵاتێك لە ئەندامانی ناتۆ ڕووبەڕووی هەڕەشەی جیددی بوەوە، ئەوا وڵاتانی دیكەی ڕێكخراوەكە پشتیوانیی لێ دەكەن.

سووریا دەیەوێت توركیا بچێتە ناو شەڕەكەوە
ئەم گوتانەی ڕاسموسین لە كاتێكدا دێن، كە ماوەی چەند ڕۆژێكە گرژییەك لە ناوچە سەرسنوورییەكانی نێوان سووریا و توركیادا هەڵگیرساوە و تاكو ئێستایش سوپای هەردوو وڵات چەندین جار خاكی وڵاتە دراوسێكەی بۆردومان كردووە.

توێژەرەوانی سیاسی پێیان وایە سووریا لە ڕێی بۆردومانكردنی گوند و شارۆچكەكانی توركیاوە دەیەوێت شەڕێك لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەڵگیرسێت و بەو جۆرەیش ڕەوشی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تەواوی تێك بچێت.

ئۆیتون ئۆرهان پسپۆڕێكی كاروباری سووریایە لە سەنتەری توێژینەوەی ستراتیژیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەڵێت بەرپرسانی سووریا تەواوی هەوڵی خۆیان دەخەنە گەڕ بۆ ئەوەی توركیا بێننە ناو ئەو شەڕەوە، كە لە وڵاتەكەیاندا بەردەوامە.

ئۆرهان هەروەها دەڵێت:"جیاوازییەكی گەورە لە نێوان بارودۆخی ئێستا و بارودۆخی ساڵی 1998ـدا هەیە. لە ساڵی 1998ـدا پەكەكە كارتێك بوو و سووریا زۆر بە ئاسانی كردیە قوربانی.

لە ساڵی 1998ـدا ئامادەكاری سوپای توركیا بۆ چوونە ناو سووریاوە هەڕەشەیەك بوو لە سەر مانەوەی ڕژێمی (ئەسەد)، بەڵام ئێستا بەو جۆرە نیە، چونكە بەرپرسانی سووریا پێیان وایە ئەگەر توركیا بچێتە ناو شەڕەكەوە ئەو كاتە ئەنقەرە دەبێتە فاكتەرێك بۆ مانەوەی دەسەڵاتی ئێستای سووریا".

ئەم توێژەرەوەیە دەڵێت، بەرپرسانی سووریا باش دەزانن ئەگەر بتوانن توركیا بێننە ناو ئەم شەڕەوە، ئەوا شەڕێكی گەورە هەرێمەكە دەگرێتەوە و بەو جۆرەیش دەرفەتی ئەوە هەیە ڕژێمی سووریا بمێنێتەوە و نەڕووخێت.

هەواڵی پەیوەندیدار