٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

هاوپەیمانیی نیشتیمانی گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی مالیكی بگۆڕن

سەرچاوە: PNA

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە لە نێو "هاوپەیمانیی نیشتیمانی"ـدا و لە نێوان ڕەوتی سەدر و ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیدا بە تایبەت ساز دراون، هەردوو لایش گەیشتوون بەو باوەڕەی كە كەسایەتییەك هەڵبژێرن و هەمووان لەبارەیەوە كۆك بن تا سەرۆكایەتیی حكوومەتی عێراق بكات بۆ قۆناخی دوای بەشار ئەسەد.

بەپیی ئەو زانیاریانەی دەست ڕۆژنامەی سیاسەی كوێتی كەتوون و ئەمڕۆ بڵاوی کردووەتەوە، بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق و حوكمڕانەتیكردن لە دوای ڕژێمەكەی ئەسەد و ڕێكخستنی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی داهاتوو كە وەها بڕیارە لە 2014 بەڕێوە بچێت، دیارترین كەسایەتی عادل عەبدولمەهدییە.

بەرپرسانی باڵا لە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی ئەوەیان بۆ ئەو ڕۆژنامەیە دركاندووە كە، هاوپەیمانیی شیعەكان دوای ئەسەد گۆڕینی مالیكی قبووڵ دەكەن، چونكە هاوپەیمانەتییەكە(هاوپەیمانیی نیشتیمانی) وەك لایەنێكی سەرەكی لە عێراق، دەبێ پێوەندیی باشی لەگەڵ سەركردەكانی شۆڕشی سووریا و ڕژێمی داهاتووی ئەو وڵاتەدا هەبێت.

بە گوتەی ئەو سەرچاوانە، لای زۆرینەی لایەنەكانی هاوپەیمانیی شیعە بڕوایەك دروست بووە كە دەبێ كەسایەتییەكی نوێ پێوەندیی عێراق – سووریا بنیات بنێتەوە و سەرۆكایەتیی حكوومەت بكات، ئەو كەسەیش نابێت مالیكی بێت، چونكە ئەو سیاسەتێكی لێڵی بەرانبەر بە قەیرانی سووریا هەیە.

لە لیستی عێراقییە، محەممەد عوسمان ئەلخالیدی، ڕایگەیاندووە كە بە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد هەموو بژاردەكان كراوە دەبن و ڕەنگە داوا لە نووری مالیكی بكرێت لە حكوومەت بكشێتەوە، چونكە قۆناخی دوای ئەسەد كەسایەتییەكی نوێی دەوێت كە كێشەی قووڵی لەگەڵ شەریكە سیاسییەكانیدا نەبێت.

لە هاوپەیمانیی كوردستانی، شەریف سەلمان عەلی، ڕایگەیاندووە كە گۆڕانكاری لە سووریادا، گۆڕانكاریی گرنگیش لە عێراقدا بە دوای خۆیدا دەهێنێت، بە بەڵگەی ئەوەی لیستە سیاسییە سەرەكییەكانی عێراق بە وردی چاودێریی ئەوەی لە سووریادا دەگوزەرێت دەكەن، لەبەر ئەوە بابەتی كۆنگرەی نیشتیمانی، بە جۆرێك لە جۆرەكان پێوەندی بە دوادەرهاویشتەكانی دۆخی سووریاوە هەیە.

ئەو پەرلەمانتارە كوردە زیاتر گوتی، ڕەنگە لای هەندێكان حیساباتی سیاسیی دیاریكراو هەبێت لە بارەی بەستن یان نەبەستنی كۆنگرەی نیشتیمانی و سازشكردن یان نەكردن و هەموویشی پێوەندیی بە پێشووەچوونەكانی دۆخی سووریاوە هەیە.

"سیاسە" هاوكات بڵاوی كردووەتەوە كە میحوەری مالیكی – هاوپەیمانانی، دەیانەوێت بەر لە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد كۆنگرەی نیشتیمانی ببەسترێت؛ ئەمەیش بە هۆی ترس لە ڕووخانی ڕژێمی سووریا و شكستی ئەسەدە و بە هۆیەوە نووری مالیكی لەكار لا بدەن بە هۆی ئەو نزیكییەی لەگەڵ ئەسەددا هەیەتی.

هەواڵی پەیوەندیدار