عەبدولباست سەیدا دوای 20 ساڵ گەڕایەوە سووریا

سەرۆكە کوردەکەی ئەنجوومەنی نیشتمانی سووریا دوای 20 ساڵ دووری، گەڕایەوە سووریا و سەردانی حەلەبی کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، عەبدولباست سەیدا، سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتمانی سووریا لەرێگەی خاکی تورکیا دەربازی سووریا بوو و لە ناوچەی ئەتاریبی شاری حەلەب لەگەڵ سوپای سووریای ئازاد کۆبووەوە.
عەبدولباست سەیدا لە ساڵی 1956 لە "ئامودا"ی پارێزگای "حەسەکە"ی رۆژئاوای کوردستان لەدایک بووە.
سەیدا بڕوانامەی دکتۆرای لەبواری فەلسەفە وەرگرتووە و ماوەی 20 ساڵە نیشتەجێی وڵاتی سوید بووە و سەرقاڵی وانە گوتنەوە و لێکۆڵینەوە لە زانکۆکانی ئەوروپابوو تا ئەوەیکە لە رێکەوتی 9/6/2012 و دوای دەست لەكاركێشانەوەی بورهان غەلیون لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نیشتمانی سووریا، بە سەرۆكی ئەنجوومەن دەستنیشانكرا.
گەڕانەوەی سەیدا بۆ سووریا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سوپای سووریای ئازاد لە ناوچەیەیکی نزیک شاری حەلەب لە کاتێکدایە کە دەگوترێت بەشار ئەسەد بە سەرۆکایەتی 30 هەزار سەرباز و 2 هەزار زرێپۆش دیمەشقی بەرەو حەلەب جێهێشتووە تا راستەوخۆ سەرپەرشتی شەڕی حەلەب بکات.




