وه‌زیرى خوێندنى باڵا: خوێندکارانى و قوتابیانى ئێواران له کرێى خوێندن ده‌به‌خشرێن

د.عه‌لى سه‌عید وه‌زیرى خوێندنى باڵا‌و توێژینه‌وه‌ى زانستى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان راگه‌یاند: خوێندکاران و قوتابیانى ئێواران له کرێى ساڵانه‌ى خوێندن ده‌به‌خشرێن، ئه‌و راگه‌یاندنه‌ى د.عه‌لى سه‌عید له میانه‌ى گۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌یدا هات که دواى نیوه‌رۆى ئه‌مرۆ دووشه‌ممه ڕێکه‌وتى (8/10/2012) له هۆڵى (ڤیدیۆ کۆنفرانس) له دیوانى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا بۆ که‌ناڵه‌کانى راگه‌یاندن سازیدا.
له‌و کۆنگره رۆژنامه‌یه‌دا که به‌ئاماده‌بوونى ژماره‌یه‌ک له به‌ڕێوه‌به‌ره گشتیه‌کانى وه‌زاره‌ت و راوێژکارانى وه‌زیرى خوێندنى باڵا به‌رێوه‌چوو، وه‌زیرى خوێندنى باڵا راگه‌یاند: دوا به‌دواى وه‌رگرتنى ره‌زامه‌ندى سه‌رۆکایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا‌و توێژینه‌وه‌ى زانستى به‌فرمانى وه‌زارى بڕیاریدا کرێى ساڵانه‌ى خوێندن له خوێندکاران و قوتابیان ئێواران بۆ ساڵى نوێى خوێندن و ساڵانى دواتر وه‌رنه‌گرێت، به‌وه‌ش کێشه‌ى خوێندکاران و قوتابیان به‌شێوه‌یه‌کى بنه‌ڕه‌تى چاره‌سه‌ر کرا.
وه‌ک وه‌زیرى خوێندنى باڵا ئاشکراى کرد بڕیاره‌که سێ بڕگه‌ى له خۆگرتوه ئه‌وانیش بریتین له:
1. به‌خشینى سه‌رجه‌م ئه‌و قوتابی و خوێندکارانه‌ى که له رێگه‌ى ناوه‌ندى وه‌رگرتنى قوتابیانه‌وه وه‌رده‌گیرێن له زانکۆ و ده‌سته ته‌کنیه‌کیه‌کانى هه‌رێمى کورستان له خوێندنى ( ئێواران) له کرێى خوێندن بۆ ساڵى خوێندنى (2012-2013) و به‌دواوه.
2. قوتابیان و خوێندکارانى ئاماژه پێدراوى سه‌ره‌وه ده‌رماڵه‌ى تایبه‌ت به‌قوتابى و خوێندکارانیان پێبدرێت.
3. ئه‌وانه‌ش که به‌مه‌به‌ستى خوێندن ڕوو له شاره‌کانى تر ده‌که‌ن له به‌شه ناوخۆییه‌کانى زانکۆ و په‌یمانگه‌کانى کوردستان نیشته‌جێ بکرێن.
4. ئه‌م بڕیاره جێبه‌جێ ده‌کرێت له رۆژى ده‌رچوونیه‌وه.
هه‌ر له‌و کۆنگره رۆژنامه‌یه‌دا د.عه‌لى سه‌عید ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا ئه‌و خوێندکارو قوتابیانه‌ى که ئێستا له کۆلێژو په‌یمانگه‌کانى ئێواران له‌سه‌رانسه‌رى کوردستان ده‌خوێنن، ئه‌م بڕیاره ده‌یانگرێته‌وه.
سه‌باره‌ت به‌و خوێندکارو قوتابیانه‌ى که له ساڵانى رابردوو کرێى خوێندنیان به‌ته‌واوه‌تى نه‌داوه که وه‌ک له زانکۆى سه‌ڵاحه‌ددین ساڵى پار له هه‌ندێک خوێندکارو قوتابى (250) هه‌زار دینار وه‌رگیراوه‌و له به‌شێکى دیکه‌شیان (450) هه‌زار دینار وه‌رگیراوه، وه‌زیرى خوێندنى باڵا‌و توێژینه‌وه‌ى زانستى له وه‌ڵامى پرسیارى په‌یامنێراندا راگه‌یاند: " به‌پێیى رێنماییه داراییه‌کان پێویسته ئه‌و قوتابى و خوێندکارانه ته‌واوى پاره‌که بده‌ن" واتا ئه‌وانه‌ى که (250) هه‌زار دیناریان داوه، ده‌بێت (200) هه‌زار دینارى دیکه‌ش بده‌ن.




