ئەحمەد داود ئۆغلو: پێشنیار دەكەین فاروق شەرع سەرۆكایەتیی حكوومەتی گواستراوەی سووریا بكات

شەڕ لە نێوان سەربازانی سوپای سووریا و سەربازانی جیابووەوە لە شار و شارۆچكەكانی سووریا بەردەوامە. سەربازانی جیابووەوە لە هەندێك بەرە پێشڕەوییان كردووە و سوپای سووریایش لە هەندێك بەرەی دیكەوە سەركەوتنی بەدەست هێناوە.
هاوكات وەزیری دەرەوەی توركیایش ئەحمەد داودئۆغلو) پێشنیاری ئەوە دەكات، كە جێگری سەرۆكی سووریا فاروق شەرع سەرۆكایەتی حكوومەتی گواستراوەی سووریا بكات، چونكە پێی وایە ناوبراو لە لایەن ئۆپۆزسیۆنی وڵاتیشەوە بۆ ئەو ئەركە پشتیوانیی لێدەكرێت.
كۆنترۆڵكردنی شار و شارۆچكەكانی "عیدلیب" و "حەڵەب"
سەربازانی سوپای سووریای ئازاد پاش شەڕ و پێكدادانێكی توند لەگەڵ سەربازانی سوپای وڵات توانییان، شارۆچكەی "خیربەت ئەلجوز" لە پارێزگای "عیدلیب" كۆنترۆڵ بكەن.
ڕێكخراوی چاودێریكردنی مافی مرۆڤ لە سووریا بڵاوی كردەوە، پاش كۆنترۆڵكردنی ئەم شارۆچكەیە دە زیاتر لە 80%ی شارۆچكە و گوندەكانی سەرسنووری نێوان سووریا و توركیا لە ژێر كۆنترۆڵی سوپای سووریادا نەماون.
ئاژانسی هەواڵی "فرانس پرێس"ـیش بڵاوی كردەوە، كە پەیامنێرەكانیان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەردانی هەردوو پارێزگای "عیدلیب" و "حەڵەب"ـیان كردووە و بۆیان ڕوون بووەتەوە، كە زۆربەی شار و شارۆچكە و گوندەكانی ئەو دوو پارێزگایە لە ژێر كۆنترۆڵی حكوومەتی سووریادا نەماون و ئێستا خەڵكەكە كاروباری خۆی بەڕێوە دەبات.
بەڵام لە پارێزگای "دیمەشق"ـی باشووری وڵات سوپای سووریا توانیی، چەند شارۆچكە و گوندێك لە ژێر كۆنترۆڵی سەربازانی جیابووەوە وەربگرێتەوە.
كەناڵی فەرمی سووریا بڵاوی كردەوە، كە سەربازانی سوپای سووریا توانیویانە هەردوو شارۆچكەی "قودسیە" و "حامە" لەو پارێزگایە كۆنترۆڵ بكەنەوە، ئەوەیش پاش شەڕ و پێكدادانێك، كە بۆ ماوەی چەندین كاتژمێر بەردەوام بووە.
شەڕی نێوان ئەو دوو گرووپە سەربازەیش لە شاری "حەڵەب" بەردەوامە و چالاكوانانیش لە شارەكەوە باس لەوە دەكەن فڕۆكە جەنگییەكانی سووریا زۆر بە چڕی ئەو گەڕەكانە بۆردومان دەكەن، كە تاكو ئێستایش لە ژێر كۆنترۆڵی سەربازانی سوپای سووریای ئازاددان.
با (فاروق شەرع) ببێتە سەرۆكی سووریا
هاوكات بەرپرسانی توركیا پێشنیاری ئەوە دەكەن، سەرۆكی سووریا (بەشار ئەسەد) واز لە پۆستەكەی بهێنێت و لە بری ئەو جێگرەكەی واتە (فاروق شەرع) سەرۆكایەتیی سووریا بكات لە قۆناغی گواستراوەی وڵاتدا.
وەزیری دەرەوەی توركیا (ئەحمەد داودئۆغلو) ڕایگەیاند:"(فاروق شەرع) كەسێكی بەویژدانە و بەشداری لە كوشتاری ناو سووریایشدا نەكردووە. لەوەیش زیاتر، هیچ كەسێك نیە ئەوەندەی ئەو زانیاریی دەربارەی سیستەمی وڵاتەكەی هەبێت".
(داودئۆغلو) گوتیشی، ئۆپۆزسیۆنی سووریا ئامادەیە (فاروق شەرع) وەكو سەرۆكی حكوومەتێكی كاتی قەبووڵ بكات، چونكە پێویست دەكات تەنگژەی ئەو وڵاتە كۆتایی پێ بهێنرێت.
(شەرع) كەسێكی سوننەیە و لە لایەن حكوومەتی عەلەوی ئەو وڵاتەوە متمانەیەكی زۆری پێ دەكرێت. ئەو بۆ ماوەی 15 ساڵ وەزیری دەرەوە بوو، بەڵام لە ساڵی 2006ـدا كرایە جێگری سەرۆكی سووریا و تاكو ئێستایش ئەو پۆستەی هەیە.
ڕاپۆرتە هەواڵییەكان باس لەوە دەكەن، كە ناوبراو لە مانگی ئابی ڕابردوەوە جیابوونەوەی خۆی لە ڕیزەكانی حكوومەت ڕاگەیاندووە، بەڵام بەرپرسانی حكوومەت ئەو هەواڵە ڕەت دەكەنەوە.
سەرەڕای ئەوەیش، چەند كەسایەتییەكی ئۆپۆزسیۆن دەڵێن (فاروق شەرع) لە ژێر چاودێریی وردی حكوومەتدایە و ڕێگای پێنادرێت شوێنی مانەوەی خۆی بەجێ بهێڵێت.




