پێوەندیی هەرێم و دەرەوە بە رێنمایی رێك خراوە نەك بە یاسا

جێگری سەرۆكی لیژنەی پێوەندییەكان و رۆشنبیری و ڕاگەیاندن و شوێنەوار لە پەرلەمانی كوردستان د. ئەحمەد وەرتێ بە رۆژنامەی "هەولێر"ـی راگهیاندووه: "تا ئێستا هیچ یاسایەك نییە بۆ ئەوەی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتانی دیكە و پێوەندیی حزبەكانی هەرێم و دەرەوە رێك بخات و ئەوەی هەیە، تەنیا رێنماییە كە لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بۆ فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوە دانراوە."
ئەوەیشی روون كردەوە كە حكوومەتی عێراقی تا ئێستا هیچ دەستێوەردانێكی نەكردووە بۆ ئەوەی یاسایەك بۆ رێكخستنی ئەو پێوەندییانە هەبێت، بۆیە مادام هەرێم فەرمانگەیەكی بۆ پێوەندییەكانی دەرەوە هەیە، پێویستە یاسایەكی بۆ دابنرێت.
بە گوتەی وەرتێ تاكوو ئێستا نە لە لیژنەكەی ئەوان لە پەرلەمان و نە لە حكوومەتیش هیچ پڕۆژەیەك بۆ رێكخستنی ئەو پێوەندییانە نییە، چونكە فەرمانگەی پێوەندییەكان دەڵێت كە ئەو كارەی ئەوان بە رێنمایی رێك خراوە و پێویستی بە یاسا نییە.




