وەڵامێک بۆ درۆ و بوختانەکانی مایکل رۆبن و ئاغاکانی
سەرچاوەيەکي نزيک لە سەرۆکايەتي هەرێم:
ماوەيەکە ئەو کەسانەي کە لە هەمبەر سياسەتي رەواي سەرکردايەتي هەرێمدا فەشەليان هێناوە، پەنايان بۆ ئامرازي ناشايستە و دوور لە رەوشت بردووە و هەوڵ دەدەن بەم هۆيانەوە فەشەليان پەردەپۆش بکەن و داخي دەروونيان هەڵرژن. لەمرۆژانەدا مايکل رۆبن و کەساني هاوشێوەي بە فيتي هەندێ فاشل پرۆپاگەندەي دوور لە رەوشت بڵاودەکەنەوە و بە تايبەت سەردانەکاني جەنابي سەرۆک بۆ ئەمەريکا و وڵاتاني ناوچەکە دەکەنە ئامانج و دەخوازن بە خەياڵي خۆيان لە گرينگي ئەم سەردانانە کەم بکەنەوە. ئەوان هەميشە لە دواي سەردانەکاني سەرۆک بارزاني بۆ دەرەوەي وڵات هەولي لەم جۆرەيان داوە و لە دوا هەوليشياندا ويستوويانە گومانێکي نالۆجيکي بخەنە پاڵ سەرداني سەرۆک بارزاني بۆ ئيمارات، بەداخەوە هەندێ راگەياندني ناوچەيي و ناخۆش خواستە ياخود ناخواستە کەوتوونەتە داوي ئەو ناتورە بێ بەڵگە و بێبنەمايانە. کەسێکي وەک مايکل رۆبن کە پێشتر وانەبێژي زانکۆي سلێماني بووە و بە هۆي دەستدرێژي سێکسي بۆ سەر قوتابيان دەرکراوە، بە مەبەستي تۆڵە سەندنەوە بەردەوام لە هەوڵي بوختان هەڵبەستن و چەواشەکاري بووە. ئەم کەسە هيچ کاتێ شتێکي بە بەڵگەوە بڵاو نەکردۆتەوە و بەڵکو هەموو هەوڵەکاني تەنيا ئاوێتەي هەڵرشتني داخي دەروونيەتي لە بەرامبەر هەرێم و سەرکردايەتيەکەي. چەسپاندني ناو و ناتورەي قومار و شتي لەم بابەتە بە کەسانێکي سەر بە بنەماڵەي بارزاني لە وڵاتێکي وەک ئيمارات ناحەقيەک و ناوزڕاندنێکي دوور لە رەوشتە. لە زۆربەي وڵاتە خەليجييەکان ئەم کردارە بووني نيە و بە ياسا قەدەغەکراوە و باسێکي وا هێندە نالۆجيکييە کە تەنيا مەگەر بەرهەمي عەقلي مايکل رۆبن بێت. ئەوانەي کە ئەمجۆرە پرۆپاگەندانە بڵاودەکەنەوە هيچ ئامرازێکي تري ڕووبەڕوو بوونەوەيان پێنەماوە و لە لاوازيي خۆيان پەنا بۆ درۆ و بوختان و لە رەوشت لادان دەبەن، ئەم کردارانەش داديان نادات و شەرمەزاري بەشيان دەبێت. پێويستە ئەو رۆژنامە و کەناڵانەي راگەياندنيش کە خۆيان بە راگەياندني راستگۆ و بەرپرسيار دەزانن، نەکەونە داوي ئەمجۆرە کەسانەي کە رق و کينە تاکە سەرچاوەي وتارەکانيانە و با نەبنە کەنالي گواستنەوەي بوختان و درۆ و دەلەسەکانيان.
سەرچاوەيەکي نزيک لە سەرۆکايەتي هەرێم
16/5/2012




