٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

بەرپـرسانی ئەمەریكا هیچ متمانەیـه‌كیان بە نـووری مالیـكی نەمـاوە

سەرچاوە: Hewler

بەرپرسانی عێراق بڕیاریانداوە ئەو فڕۆكە ئێرانیانە بپشكنن كە بە ئاسمانیی وڵاتەكەیاندا تێپەڕ دەبن و دەچنە ناو سووریاوە پێدەچێت ئەم بڕیارە جۆرە خۆشحاڵییەك لای بەرپرسانی ئەمەریكا دروست بكات

بەڵام لە هەمان كاتیشدا ئەوە نیشان دەدات كە قەیرانی سووریا سەرۆكوەزیرانی عێراق (نووری مالیكی) ناچار كردووە بۆ ئەوەی جۆرە هاوسەنگییەك لە پەیوەندی نێوان وڵاتەكەی لەگەڵ ئەمەریكا و كۆماری ئیسلامیی ئێراندا بپارێزێت.

ئێران (مالیكی) ڕزگار كرد
(مالیكی) چەند مانگێك پێش ئێستا ڕووبەڕووی شۆڕشێكی پەرلەمانی بووەوە و خەریكبوو لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا متمانەی لێ وەربگیرێتەوە، بەڵام بەرپرسانی ئێران فریای كەوتن، ئەوەیش لە ڕێی فشارخستنە سەر سیاسەتمەدارە شیعەكانی عێراقەوە بۆ ئەوەی پشتگیری لە سەرۆكوەزیرانە شیعەكەیان بكەن.

چەند هەفتەیەك پێش ئێستایش بەرپرسانی ئەمەریكا بە بەرپرسانی عێراقیان ڕاگەیاند كە ئێران سوود لە ئاسمانی وڵاتەكەیان وەردەگرێت بۆ گەیاندنی چەك و تەقەمەنی بە حكوومەتی سووریا.

پاش ئەم لێدوانە بەرپرسانی بەغدا بە واشنتۆنیان ڕاگەیاند كە لەمەوپاش ئەو فڕۆكە ئێرانییانە دەپشكنن كە بە ئاسمانی وڵاتەكەیاندا تێپەڕ دەبن و دەچنە ناو سووریاوە.

9 ساڵ بە سەر پرۆسەی ڕزگاری عێراقدا تێپەڕیووە و 9 مانگ پێش ئێستایش بوو كە سوپای ئەمەریكا لە عێراق پاشەكشەی كرد، بەڵام تاوەكو ئێستایش (نووری مالیكی) بەشێوەیەكی سەرەكیی پشت بە دوژمنەكەی ئەمەریكا، واتە ئێران دەبەستێت.

(مالیكی) هەم بۆ پشتگیری سیاسیی ناو عێراق و هەمیش بۆ پشتگیری سیاسیی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی زۆرینە سوننەدا پشت بە ئێران دەبەستێت، بە تایبەتی لەم كاتەی ئێستادا كە ژمارەیەكی زۆر كەم دۆستی لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامییدا هەیە.

سیاسەتی عێراق لە بەرانبەر قەیرانی سووریادا
سەرەڕای ئەوەیش، سەرۆكوەزیرانی عێراق پێویستی بە یارمەتی و پشتگیری ئەمەریكا هەیە، ئیدی هەر لە بواری یارمەتیدانی سەربازییەوە بیگرە تاوەكو دەگاتە بواری وەبەرهێنان و بوژاندنەوەی كەرتی نەوتی وڵاتەكەی.

قەیرانی سووریا كێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە جۆرێك قووڵ كردووەتەوە كە جیاوازی و شەڕی نێوان شیعە و سوننە لە لایەك و شەڕی نێوان عەرەب و فارس لە لایەكی دیكەوە سەری هەڵداوەتەوە. لەم كاتەیشدا (مالیكی) دەیەوێت بەرژەوەندییەكانی خۆی و عێراقیش لەم ناوچەیەدا بپارێزێت.

ماوەیەك پێش ئێستا وەزیری دەرەوەی عێراق (هۆشیار زێباری) بە ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز"ـی ڕاگەیاند "دەمانەوێت سیاسەتێكی سەربەخۆ (لە بەرانبەر قەیرانی سووریادا) پەیڕەو بكەین. ئەو سیاسەتەیش بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانمان دەبێت".

(زێباری) هەروەها گوتی "دەمانەوێت خۆمان جیا بكەینەوە. شتەكان هەموویان ڕەش و سپی نین".

بەرپرسانی عێراق دەڵێن ئەوان بە هیچ جۆرێك دەست لە كاروباری ناوخۆی سووریا وەرنادەن، بەڵام ئەو سیاسەتەی كە لەم بوارەدا پەیڕەوی دەكەن زیاتر لە سیاسەتی بەرپرسانی ئێرانەوە نزیكە، نەوەك سیاسەتی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

كۆمكاری عەرەبی و وڵاتانی ڕۆژئاوا داوای دوورخستنەوەی (بەشار ئەسەد) لە پۆستەكەی دەكەن، بەڵام بەرپرسانی عێراق لەم بارەوە هیچ جۆرە هەڵوێستێكیان نییە.

(مالیكی) پێی ناخۆشە كۆتایی بە دەستەڵاتی (ئەسەد) بێت، چونكە ئەو كاتە سووریا دەكەوێتە ژێر كۆنترۆڵی سوننەكانی وڵاتەوە و پێدەچێت ئەمەیش ببێتە هۆی بەهێزتركردنی پێگەی گرووپە چەكدارە سوننەكانی ناو عێراق.

سەرۆكوەزیرانی عێراق لەو بارەوە دەڵێت "ئێمە دژی كۆتاییهێنان بە دەستەڵاتی ڕژێمی سووریاین لە ڕێی هێزەوە، چونكە ئەم كارە قەیرانێكی گەورەتر لە ناوچەكەدا دروست دەكات".

بەرپرسان و دیبلۆماتكارانی عێراقیش دەڵێن ئەو ترسەیە وایكردووە (مالیكی) پشتگیری لە پێشنیازی كۆتاییهێنان بە دەستەڵاتی (بەشار ئەسەد) نەكات، نەوەك فشاری بەرپرسانی كۆماری ئیسلامیی ئێران.
دیبلۆماتكارێكی ناوچەكە لەو بارەوە دەڵێت "(مالیكی) تەنیا لە هەوڵی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی (مالیكی)دایە".

ئەمەریكا متمانەی بە (مالیكی) نەماوە
(مالیكی) باش دەزانێت كە زۆر پێویستی بە پشتگیری بەرپرسانی ئێران هەیە.

تاران ڕۆڵێكی كارای لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی (مالیكی) بە سەرۆكوەزیرانی عێراق گێڕا، ئەوەیش بە ڕازیكردنی پارتە شیعەكان بۆ ئەوەی پشتگیری لەو كەسایەتییە بكەن.

پێشتر بەرپرسانی ئەمەریكا تێڕوانینێكی ئەرێنیان بەرانبەر بە (مالیكی) هەبوو و پێیان وابوو كە ناوبراو زیاتر لە هەر كەسایەتییەكی دیكەی شیعەكان كار بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا دەكات، بەڵام زیاتر لە ساڵێكە واشنتۆن متمانەی بە (مالیكی) نەماوە.

سەرۆكوەزیرانی عێراق پشتگیری لە مانەوەی ژمارەیەكی دیاریكراو لە سەربازانی سوپای ئەمەریكا لە خاكی وڵاتەكەیدا نەكرد بە جۆرێك كە ئەو سەربازانە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ نەكرێت ئەگەر هاتوو كارێكی هەڵەیان كرد.

سەرەڕای ئەوەیش، واشنتۆن هێشتا ئەو ڕۆڵ و كاریگەرییەی لە عێراقدا ماوە كە بتوانێت فشار بخاتە سەر (مالیكی)، هەروەكو چۆن لە حاڵەتی پشكنینی فڕۆكەكانی ئێراندا بینرا.

ئەندام پەرلەمانی شیعەی عێراق (ئەمیر كەنانی) دەڵێت "مالیكی هیچ كاتێك پەیوەندییەكانی لەگەڵ واشنتۆندا ناخاتە مەترسییەوە، بەڵام پەیامێكیشیان ئاراستە دەكات كە تیایدا داوای ئەوەیان لێ دەكات پشتگیریی لێ بكەن.

ئەمە شتێكە بە هیچ شێوەیەك پەیوەندی بە ئاینییەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە بەرژەوەندییەوە هەیە".

بەرپرسانی عێراق و ئەمەریكا ڕێككەوتننامەی بواری سەربازی لە نێوانیاندا هەیە و تەنیا لەمساڵیشدا ئەمەریكا بە بڕی 2 ملیارد دۆلاری ئەمەریكی چەك و تەقەمەنی پێشكەوتووی بە عێراق فرۆشتووە، لەوانەیش چەند جۆرە تانكێكی نوێ.

لە ساڵانی داهاتوویشدا حكوومەتی ئەمەریكا 30 فڕۆكەی جەنگیی جۆری "ئێف 16" دەداتە حكوومەتی عێراق.

فشارخستنە سەر (مالیكی)
ڕكابەرایەتی توندی نێوان هەردوو كاندیدی پارتیی كۆمارییەكان و دیموكراتەكان بۆ پۆستی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا بەردەوامە.

چەند كەسایەتییەك لە واشنتۆن پێشنیازی ئەوە دەكەن فشاری زیاتر بخرێتە سەر (مالیكی) بۆ ئەوەی خۆی لە ئێران بەدوور بگرێت، بەڵام دیبلۆماتكارانی ئەمەریكی ترسی ئەوەیان هەیە ئەم جۆرە فشارە كاریگەرییەكی پێچەوانەی هەبێت.

تەنانەت وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا داوای ژمارەیەك ئەندامی كۆنگرێسی بۆ بڕینی یارمەتی وڵاتەكەیان لە عێراق ڕەت كردەوە، ئەوەیش لە حاڵەتێكدا كە بەرپرسانی عێراق ئامادە نەبوون ئەو فڕۆكە ئێرانییانە بپشكنن كە بە ئاسمانی وڵاتەكەیاندا تێپەڕ دەبن و دەچنە ناو سووریاوە.

(ستیڤن بیدڵ) پرۆفیسۆرێكە لە زانكۆی "جۆرج واشنتۆن" و دەڵێت "چەند هۆكارێك هەیە وایانكردووە (مالیكی) پشتگیری لە مانەوەی (ئەسەد) لە پۆستەكەیدا بكات.

یەكێك لەو هۆكارانە ئەوەیە كە بەرپرسانی ئێران ئەوە دەخوازن. هەربۆیە جێبەجێكردنی ئەم سیاسەتەیش لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە دەبێتە هۆی بەهێزتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان (مالیكی) و ئێران".

(ستیڤن بیدڵ) دەڵێت "بەڵام ئەمە واتای ئەوە ناگەیەنێت كە ئیدی (مالیكی) گوێ بۆ بەرپرسانی ئەمەریكا ناگرێت.

سەرۆكوەزیرانی عێراق پێویستی بە یارمەتی و پشتگیری هەیە، ئیدی گرنگ نییە لە كوێوە وەری دەگرێت. ئەمەریكایش دەتوانێت جۆرە یارمەتییەكی پێشكەش بكات كە ئێران توانای دابینكردنی نییە".

بەهێزتربوونی پەیوەندی نێوان عێراق و ئێران
تەنگژەی سووریا كاریگەریی لەسەر كێشەی تائیفی ناوچەكە هەیە و تاوەكو ئێستایش نازانرێت (مالیكی) چۆن دەیەوێت ئاستی پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ ئەمەریكا و ئێراندا ڕابگرێت.

دەبێت ئەو ڕاستییە لەبەرچاو بگرین كە سەرۆكوەزیرانی عێراق پەیوەندییەكی ئاسایی لەگەڵ سەرۆكی سووریادا نییە.

چەند ساڵێك پێش ئێستا بەرپرسانی عێراق ڕەخنەیان لە بەرپرسانی سووریا دەگرت و بەوە تۆمەتباریان دەكردن كە سنوورەكانیان واڵا كردووە بۆ ئەوەی لە ڕێگەیانەوە چەكدارانی وڵاتانی عەرەبی، لەوانەیش چەكدارانی ئەلقاعیدە، بێنە ناو عێراقەوە. لەوەیش زیاتر، تاوەكو ئێستا ژمارەیەكی زۆر ئەندامی پارتیی بەعسی عێراق لە ناو سووریادان.

بەڵام (مالیكی) لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا گۆڕانكاری لە پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ حكوومەتی سووریادا كردووە.

سیاسەتی لەمەوپاشی (مالیكی) لە بەرانبەر سووریادا پشت بەوە دەبەستێت بارودۆخی ئەو وڵاتە چی لێ دێت. پێدەچێت بەرپرسانی عێراق پشتگیری لە سیاسەتێكی لەو جۆرە بكەن كە وڵاتانی ڕۆژئاوا و عەرەبی فشاری سەر (ئەسەد) زیاتر بكەن بۆ ئەوەی ناوبراو لە دەستەڵات دوور بخرێتەوە و حكوومەتێكی فرەپێكهاتە لە سووریادا دابمەزرێت.

خۆ ئەگەر هاتوو كۆتایی بە دەستەڵاتی (ئەسەد) هات و سوننەكانی سووریا بوونە دەستەڵاتداری سەرەكیی وڵات، ئەو كاتە پێدەچێت (مالیكی)ـیش زیاتر لە ئێران نزیك بێتەوە.

ئەو كاتەیش ئێران زیاتر لە هەر كاتێكی دیكە گرنگی بە عێراق دەدات، چونكە سووریای لەدەست دەرچووە.

(كینیس پۆڵاك) لە سەنتەری سابان بۆ توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتۆن دەڵێت "پێم وایە ڕووخانی ڕژێمی سووریا بەرپرسانی ئێران زۆر ناڕەحەت دەكات. ئەو كاتەیش هەوڵەكانیان بۆ كۆنترۆڵكردنی عێراق بەو جۆرەی دەیانەوێت دوو بەرانبەری ئێستای دەكەن"

ئەو پێی وایە ئەم دوو ڕووداوەیش (واتە ڕووخانی رژێمی سووریا و زیادبوونی رۆڵی ئێران لە عێراقدا) وا دەكەن (مالیكی) نەتوانێت خاوەن سیاسەتێكی سەربەخۆ و بێلایەن بێت.

سەرچاوە: ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز

هەواڵی پەیوەندیدار